هاتوچۆی هەولێر پێدانی تابلۆ بە جۆرە ئۆتۆمبێلێکی چینی رادەگرێت
محەمەد رزگار
١١ی شوباتی ٢٠٢٥
بەهۆی جیاوازی لۆگۆکەی لە دەرەوە و ناوەوە، هاتوچۆی هەولێر پێدانی تابلۆ بە جۆرە ئۆتۆمبێلێکی چینی راگرت و دەڵێت: پێویستە کێشەکە بەڕێوەبەرایەتی گومرگ یەکلایی بکاتەوە.
بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەولێر لە راگەیەنراوێکدا ئاگاداری هاووڵاتیانی شاری هەولێر دەکاتەوە، لەئێستا جۆرە ئۆتۆمبێلێک لە بازاڕەکان کرین و فرۆشتنی پێوە دەکرێت، "کە لە رووکاری دەرەوەیدا لۆگۆی ئۆتۆمبێلی (MG) پێوەیە، بەڵام لەناوەوەی ئۆتۆمبێلەکە لۆگۆی (ROE WE) لەسەر سوکانەکەی هەیە".
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو جۆرە ئۆتۆمبێلە لە ئێستادا تۆمار ناکرێت و ژمارە و تابلۆی پێنادرێت، تا ئەو کاتەی کێشەکەی لە بەڕێوەبەرایەتی گومرگ یەکلایی دەکرێتەوە.
هاوکات هاتوچۆی هەولێر داوا لە هاووڵاتیانیش دەکات مامەڵەی تۆمارکردنی ئەم جۆرە ئۆتۆمبێلە نەهێنن بۆ بەڕێوەبەرایەتییەکەیان.