ئاسایشی وزەی ئەوروپا: چارەسەركردنی كێشەی تێچووی بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێم هەنگاوێكی گرنگە
لاوان
١١ی شوباتی ٢٠٢٥
بەڕێوەبەری جێبەجێكاری دەستپێشخەری ئاسایشی وزەی ئەوروپا دەڵێت، چارەسەركردنی كێشەی تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی كوردستان هەنگاوێكی گرنگە، بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم لە رێگەی توركیاوە.
ئەلبێریك مۆنگرینیەر، بەڕێوەبەری جێبەجێكاری دەستپێشخەری ئاسایشی وزەی ئەوروپا رایگەیاند، ئەو رێككەوتنانەی لەنێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی عیراق كراوە لەبارەی تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی كوردستان هەنگاوێكی گرنگە، بەڵام پێویستە هەردوو حكومەت لەسەر دامەزراندنی لیژنەیەكی راوێژكارێكی سەربەخۆ رێكبكەون بۆ هەڵسەنگاندنی ئەو تێچووەی بۆ بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوتی هەرێم تەرخانكراوە.
ئەوەشی خستەڕوو، رەنگە دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم هاوكاربێت بۆ بەرەوپێشبردن و باشتركردنی پەیوەندییەكانی نێوان عیراق و توركیا، كە پێشتر بەهۆی رووداوەكانی سوریاوە سست ببوو.
مۆنگرینیەر ئاماژەی بەوەشدا، پێدەچێت دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم، كاریگەری نەرێنی لەسەر رێكخراوی ئۆپیك دروستبكات، هاوكات، چاوەڕوان دەكرێت پابەندبوونی عیراق بە كەمكردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت سەختتر بكات.