وەفدی ئیمراڵی سەردانی هەرێمی كوردستان دەكات و بڕیارە لەگەڵ سەرۆكی یەكێتی و قوباد تاڵەبانی و لێپرسراوانی یەكێتی كۆببنەوە.

بڕیارە وەفدی ئیمڕاڵی كە پێكهاتوون لە پەروین بوڵدان و سری سورەیا ئۆندەر ئەندامانی دەم پارتی و كەسیكن بایندەر هاوسەرۆكی گشتی دەبەپە، لە كۆتایی ئەم هەفتەیە سەردانی هەولێر و سلێمانی بكەن و لەگەڵ لێپرسراوانی باڵای هەرێمی كوردستان كۆببنەوە.

بەپێ راگەیەنراوێكی دەم پارتی، وەفدەكە رۆژی دووشەممە 17ی ئەم مانگە، لەگەڵ بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتی و قوباد تاڵەبانی و لێپرسراوانی یەكێتی كۆببێتەوە، بۆ راگۆڕینەوە لەسەر پرۆسەی ئاشتی لە باكوری كوردستان و چاوپێكەوتنەكانی رابردوو لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان.

شاندی دەم پارتی رۆژی 28ـی کانوونی یەکەمی 2024 سەردانی ئیمراڵی کرد و بۆ جاری دووەمیش لە 22-01-2025 سەردانی کردەوە و پەیامی ئۆجەلانی بۆ لایەنەکان برد.