مامۆستایان و فەرمانبەران بازگەی دێگەڵەیان تێپەڕاند و گرژی دروست بوو، بەهۆیەوە یەکێک لە مامۆستایان بریندار بووە.

لە ئێستادا مامۆستایان و فەرمانبەران دەیانەوێت لە پێشڕەوی بەردەوام بن و هێزە ئەمنییەکانیش گازی فرمێسکرێژ بەروویاندا دەڕێژن.

بەهۆی دروستبوونی گرژی لەنێوان مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی و هێزە ئەمنییەکاندا، چەند مامۆستا و فەرمانبەرێک بریندار بوون.

مامۆستایان باس لەوەدەکەن، "راگەیاندنەکان شایەتن کە چەند بەربەستێکیان دانابوو و وەک نوێنەری مامۆستایان قسەمان لەگەڵ کردن، بەڵام هەر دەیانوت بوەستن و دەیانویست بمانخافڵێنن".

مامۆستایەکیش باس لەوەدەکات، "ئەوان گازی فرمێسکرێژ و ئاویان هێناوە بۆ ئێمە، ئێمە ئەوەمان ناوێت، مانگرتووان ١٣ رۆژە هیچیان نەخواردووە".

ئاماژە بەوەشدەکات، "ئەوە چ ئوسلوبێکە پارێزگاری هەولێر بەرامبەر جیلی پەروەردەکار دەینوێنێت، لەجیاتی پێشوازیمان لێبکات و گوێ لە داواکارییەکانمان بگرێت، ئەی بۆچی دەرگا بۆ کچە مۆدێلەکان دەکاتەوە".