مامۆستایانی سلێمانی و کۆیە گەیشتنە نزیکی دێگەڵە
هەساو ئەمیر
٩ی شوباتی ٢٠٢٥
دوای ئەوەی ئەمڕۆ مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی و بەشێکی کاسبکاران لە شارە جیاوازەکانی هەرێمەوە بە مەبەستی گەیاندنی ناڕەزایەتییەکان بەرەو هەولێر بەڕێکەوتن، لەئێستادا گەیشتنە نزیکی دێگەڵە.
ئەو موچەخۆرانە باس لەوەدەکەن، دەیانەوێت لە پایتەختەوە و لەبەردەم بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەنجومەنی وەزیرانەوە ناڕەزایەتییەکانیان بگەیەنن.
باس لەوەشدەکەن، نیگەرانن لەو لێدوانەی ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر و دەشڵێن، "ئێمە میوانی رەزا قورس نین، ئێمە هەموو مامۆستا و فەرمانبەر و خوێندەوارین، کە نەوەی داهاتووی ئەم وڵاتە پەروەردە دەکەین".
ئەوەشیان خستە روو، "ئێمە میوان نین و خۆمان بە خاوەن ماڵ دەزانین".
ئەمەش دوای ئەوە دێت، ماوەی 13 رۆژە لە سلێمانی 13 مامۆستا و فەرمانبەر مانیان گرتووە و مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازیش بەمەبەستی گەیاندنی داواکاریی ئەو مانگرتووانە و ناڕەزایەتییەکانیان بەرەو هەولێر بەڕێکەوتن.
لە وەڵامی بەڕێکەوتنی مامۆستایانیشدا، ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر باسی لەوەکرد، هەولێر پێشوازی لەو جۆرە میوانانە ناکات و ئەوانە میوانی رەزا قورسن.