ئومێد خۆشناو بۆ مامۆستایانی ناڕازی: تاقەتی ئەو جۆرە میوانانەمان نییە
هەساو ئەمیر
٩ی شوباتی ٢٠٢٥
دوای ئەوەی ئەمڕۆ مامۆستایانی ناڕازی لە شارە جیاوازەکانی هەرێمەوە بەرەو هەولێر بەڕێکەوتن، پارێزگاری هەولێر رایەگیاند، ئەمڕۆ تاقەتیان نییە ئەو جۆرە میوانانە وەربگرن و ئەو هەموو موزایەدەیەی بۆ ئەو مامۆستا و فەرمانبەرە ناڕازیانە دەکرێت با بەرەو رووی بەغدا بکرێت.
ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر باسی لەوەکرد، "هیچ کەس داوای مۆڵەتی گردبوونەوە و خۆپیشاندانی نەکردووە و ئەمڕۆ تاقەتمان نییە ئەو جۆرە میوانانە وەربگرین".
دەشڵێت، "لە هەولێر خەڵک سەرقاڵی ئیشوکار و دەوامی فەرمییە، بە راستی بە چەند کەسێک کە ئەو هەموو موزایەدە دەکەن و ئەو هەموو خەڵکە پشتیان دەگرن ئەو هەموو فراکسیۆنانە پشتگیریان لێدەکەن، با بەرەو رووی بەغدا پشتیان بگرن و خیتابی خۆیان ئاڕاستەی بەغدا بکەن نەک لە هەرێم".
ئومێد خۆشناو ئەوەشی خستووەتە روو، "هەموو مامۆستایان و فەرمانبەرانی هەرێم ناڕازین، بەڵام لەکوێ لەو شوێنەی زوڵممان لێدەکرێت کە لە بەغدایە و حکومەتی ئیتحادیە".
ئەوەش لەکاتێکدایە، ئەمڕۆ مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی و بەشێکی کاسبکاران، لە شارە جیاوازەکانی هەرێمەوە بەرەو هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان بەڕێکەوتن، بە مەبەستی ئەوەی دەنگی ناڕەزایەتییان بگەیەننە بەرپرسان لەوێ، بەڵام هێشتا بەر لە گەیشتنیان پارێزگاری هەولێر رایگەیاندووە، پێشوازییان لێناکەن و لەرێگای میدیا جیاوازەکانیشەوە، بە میوانی 'رەزا قورس' ناویان دەبات.