دوای ئەوەی دوێنێ شەپۆلێکی بەفربارین و سەرما ناوچە جیاجیاکانی هەرێمی گرتەوە، کەشناسیی پێشبینی دروستبوونی شەختە و دابەزینی زیاتری پلەکانی گەرمای کردە، بەوهۆیەشەوە ئەمڕۆ دەوام لە بەشێکی ناوەندەکانی خوێندن لە هەرێم راگیراوە.

دوێنێ شەممە، بەڕێوەبەرایەتی گشتیی پەروەردەی سلێمانی رایگەیاند، بەهۆی ناجێگیری کەشوهەوا و لەپێناو پاراستنی سەلامەتی گیانی قوتابیان و خوێندکاران و مامۆستایان، لە سەرجەم قوتابخانە و خوێندگە ناحکومییەکانی سنووری بەڕێوەبەرایەتییەکە دەوامی رۆژی یەکشەممە رادەگیرێت.

بەهۆی ئەوەی لە پەروەردەکانی سنووری سلێمانی مامۆستایانی حکومی بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندنیان کردووە، لە راگەیەنراوەکەدا پەروەردەی سلێمانی تەنها دەڵێت، ناوەندەکانی خوێندنی ناحکومی.

ئاماژەی بەوەشکردووە، بەڕێوەبەری پەروەردەکانی سنووری بەڕێوەبەرایەتی گشتیی پەروەردەی سلێمانی سەرپشک کراون بە هەماهەنگی لەگەڵ سەرۆکی یەکە ئیدارییەکانیان بۆ بڕیاردان لەبارەی راگرتنی دەوامی رۆژی یەکشەممە، بەپێی بارودۆخی کەشوهەوای سنوورەکانیان.

دوابەدوای ئەوەش هەریەک لە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی هەڵەبجە و راپەڕین راگرتنی دەوامیان راگەیاند.

لەبارەی خوێندنی باڵاوە، درەنگانی شەوی رابردوو وەزارەتی خوێندنی باڵا رایگەیاند، بە پشت بەستن بە پێشبینییەکانى کەشناسیى و لەپێناو پاراستنى سەلامەتى گیانى خوێندکاران و قوتابیان و مامۆستایان و فەرمانبەرانى دامەزراوەکانى خوێندنى باڵا لە هەردوو کەرتى گشتى و تایبەت، دەسەڵات دەدرێت بە سەرۆک زانکۆکان بۆ ئەوەى لە کاتى پێویستدا دەوام رابگرن.