کاروان گەزنەیی وتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، پەیامێکی بڵاوکردووەتەوە و تێیداهاتووە: 21 ساڵ بەسەر رۆژێکی مێژووییدا تێدەپەڕێت کە تێیدا بۆ یەکەمجار لە مێژووی دەوڵەتی عیراقدا، کوردێک، تێکۆشەرێک و دیپلۆماتکارێکی بێوێنەی وەک سەرۆک مام جەلال، بە کۆدەنگیی نیشتمانیی بوو بە یەکەم سەرۆک کۆماری هەڵبژێردراوی عیراق.
دەقی پەیامەکە
ئەمڕۆ ٢١ ساڵ بەسەر ڕۆژێکی مێژووییدا تێدەپەڕێت، کە تێیدا بۆ یەکەمجار لە مێژووی دەوڵەتی عێراقدا، کوردێک، تێکۆشەرێک و دیپلۆماتکارێکی بێوێنەی وەک سەرۆک مام جەلال، بە کۆدەنگیی نیشتمانیی بوو بە یەکەم سەرۆک کۆماری هەڵبژێردراوی عێراق.
ئەو کاتەی سەرۆک مام جەلال لە بەغداوە سوێندی یاسایی خوارد، تەنها وەک نوێنەری لایەنێکی سیاسی یان نەتەوەیەک نەچووە کۆشکی سەلام، بەڵکو وەک "چەپکە گوڵەکە" و پارێزەری دەستوور، بووە چەترێک بۆ هەموو عێراقییەکان بێ جیاوازی، لەم رۆژگارە سەخت و ئاڵۆزەی ناوچەکەماندا، زیاتر هەستی پێدەكەین، کوردستان و عێراق تەنها بە حیکمەت و سیاسەتی مام جەلالیانە بە کەناری ئارامی دەگەن.
ئەمڕۆ کە یادی ئەو سەرکەوتنە مەزنە دەکەینەوە، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەژێر ڕێنمایی و هەنگاوەکانی سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی، جەخت لەسەر هەمان ڕێبازی مام دەکاتەوە و درێژە پێدەری ئەو رێبازەیە.
مسۆگەر، کلیلی چارەسەری کێشەکان و بەدیهێنانی مافە ڕەواکانی گەلەکەمان، لە یەکڕیزیی نێوخۆیی و بوونی دەنگێکی بەهێز و کاریگەر دایە لە بەغداد، هەروەک چۆن مام جەلال عێراقی کردبووە ناوەندی داکۆکیکردن لە مافەکانی کورد.
لەم یادەدا، بەڵێن بۆ گیانی پاکی سەرۆک مام جەلال و هەموو شەهیدان نوێ دەکەینەوە، کە پارێزەری ئەو دەستکەوتە مێژووییانە بین و بە هەمان نەفەسی "دیالۆگ و تەبایی" کار بکەین بۆ دابینکردنی ژیانێکی شایستە و سەقامگیر بۆ هاووڵاتییانمان.
کاروان گەزنەیی
وتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان