کەشتیوانانی ئارتیمیس 2، دوای گەشتێکی مێژویی بۆ دەوری مانگ و تۆمارکردنی زانیاری نوێی زانستی ئێستا لە قۆناغەکانی کۆتایی گەشتە 10 رۆژەکەیاندان، ئەویش گەڕانەوەیە بۆ ناو بەرگەهەوای زەوی و نیشتنەوە لە زەریای هێمن.
لەم ئەرکەدا، رید وایزمن، ویکتۆر گلاوەر و کریستینا کوک لە ئەمریکا، لەگەڵ جێرمی هێنسن لە کەنەدا، توانییان زیاتر لە هەر مرۆڤێکی تر لە زەوی دوور بکەونەوە؛ گەشتێک کە وەک هەنگاوێکی سەرەکی بۆ نیشتنەوەی مرۆڤ لەسەر روی مانگ لە داهاتوودا هەژمار دەکرێت.
بڕیارە ئەم چوار کەشتیوانە رۆژی هەینی، سەعات پێنجی ئێوارە بە کاتی کالیفۆڕنیا، کە دەکاتە رۆژی شەممە و بە نزیکەیی سەعات سێی بەرەبەیان بە کاتی هەرێم لە نزیک کەناراوەکانی سان دیێگۆ بنیشنەوە.
راستەوخۆش دوای نیشتنەوەکە، تیمەکانی ناسا و هێزە سەربازییەکان هاوکارییان دەکەن بۆ چوونە دەرەوە لە کەپسولەکە و گواستنەوەیان بۆ سەر کەشتییەکی تایبەتی فریاگوزاری.
چوار کەشتیوانەکە، لە ئەرکەکەیاندا، تا ئێستا دەستکەوتی گەورەیان هەبووە و وێنەی سەرنجڕاکێشی مانگیان تۆمار کردووە، بەڵام بەرپرسانی ناسا جەخت دەکەنەوە، کە هێشتا زوە بۆ راگەیاندنی سەرکەوتنی کۆتایی
لای خۆشیەوە ئامیت کشاتریا، جێگری بەڕێوەبەری ناسا، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، تەنها کاتێک دەتوانین ئاهەنگ بگێڕین کە ستافەکە بە تەندروستییەکی تەواوەوە گەیشتبنە سەر زەوی و لەو ساتەدا دەتوانن هەستەکانیان دەربڕین و باس لە سەرکەوتنی ئەرکەکە بکەن.