محەمەد بن ئەحمەد یەماحی، سەرۆکی پەرلەمانی عەرەبی پەیامێکی پیرۆزبایی ئاڕاستەی نزار ئامێدی سەرۆک کۆماری نوێی عیراق کرد و تێیدا هاتووە: هیوای سەرکەوتن بۆ سەرۆک کۆماری نوێی عیراق دەخوازم
ئەمڕۆ شەممە 11ـی 4ـی 2026 سەرۆکی پەرلەمانی عەرەبی پیرۆزبایی گەرمی خۆی ئاڕاستەی سەرۆک کۆماری نوێی عیراق کرد و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست.
هاوکات، ستایشی ئەو پاڵپشتییە فراوانەی کرد کە رەنگدانەوەی کۆدەنگیی نیشتمانیی و ویستی سیاسییە کە پشتیوانی لە سەقامگیری و ئاوەدانکردنەوە دەکات.
یەماحی ئەوەشی دووپاتکردەوە، ئەم دەستکەوتە دەستورییە هەنگاوێکی گرنگە بەرەو پتەوکردنی دەزگاو دامەزراوەکانی دەوڵەت و چەسپاندنی بناغەی ئاسایش و سەقامگیری و هیوای سەرکەوتنیشی بۆ سەرۆک کۆمار خواست لە بەجێگەیاندنی ئەرکەکانی بە شێوەیەک کە لەگەڵ ویستی گەلی عیراقدا بۆ پێشکەوتن و خۆشگوزەرانی زیاتر بگونجێت.
لەلایەکی تریشەوە، پەرۆشی پەرلەمانی عەرەبی دووپاتکردەوە بۆ پتەوترکردنی هاوکاریی لەگەڵ عیراق و پەرەپێدانی میکانیزم و هەماهەنگی و کاری هاوبەش بە شێوەیەک کە خزمەت بە دۆزی عەرەبی بکات و ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەکەدا پەرەپێبدات.