دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە راگەیەنراوێکدا کۆتاییهاتنی تەواوەتیی ئەرکی هێزەکانی وڵاتەکەی لە عێراق راگەیاند و بە رۆژێکی مێژوویی و سەرکەوتنێکی گەورە بۆ ئەمریکا و عیراق وەسفی کرد.
ترەمپ ئاماژەی بەوەکرد، بەشداربوونی ئەمریکا لەم جەنگە درێژخایەنەدا سەرەتا بەهۆی بڕیاری هەڵەوە بووە، بەڵام ئێستا ئەو لاپەڕەیە دەبێتە بەشێک لە مێژوو. راشیگەیاند: "ئێمە لە کاتێکدا عیراق جێدەهێڵین کە سەرۆک وەزیرانێکی نوێ و نایابی هەیە کە ئەویش عەلی زەیدییە، کە لە سەرەتاوە پشتیوانیی تەواوم کردووە و توانیی سەرکەوتنێکی چاوەڕواننەکراو بەدەستبهێنێت."
سەرۆکی ئەمریکا وتیشی، ئێمە هاتین بۆ ئەوەی شەڕی خەلافەت بکەین، ئێستا خەلافەت نەماوە و کاتی ئەوەیە ئەمریکا بگەڕێتەوە ماڵەوە."
ترەمپ جەختی لەوەکردەوە، بەپێچەوانەی کشانەوە لە ئەفغانستان، چوونەدەرەوەی هێزەکان و ئامێرە سەربازییەکانی هاوپەیمانان لە بنکەی ئاسمانیی هەولێر بە رێکخراویی و بەبێ جێهێشتنی کەلوپەلی سەربازی ئەنجامدراوە، ئەمەش کۆتایی بە گەشتێکی زۆر گرانبەها هێنا.
لە کۆتاییدا، سەرۆکی ئەمریکا جەختی کردەوە، ئەرکێکی روونی بۆ فەرماندەکان دیاریکردبوو و رێگەی نەدا ئامادەییەکی کاتی ببێتە هەمیشەیی، بەوپێیەی کاتی ئەوە هاتبوو ئەمریکا لە عیراق بکشێتەوە و ئەرکی پاراستنی ئاسایش رادەستی سەرۆک وەزیرانی نوێ بکات.