لە رۆژی کۆتاییهاتنی ئەرکی سەربازیی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و کشانەوەی هێزەکانیان لە عیراق و هەرێمی کوردستان، قوباد تاڵەبانی پەیامێکی بڵاوکردەوە و تێیدا رایگەیاند، بە سوپاس و پێزانینەوە لە هەموو هاوکارییەکانی هاوپەیمانان دەڕوانین بۆ هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عیراق لە شەڕی بەرەنگاربوونەوەی تێرۆر و پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری.
قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم لە رۆژی کۆتاییهاتنی ئەرکی هاوپەیمانان و کشانەوەی هێزەکانیان لە عیراق و هەرێمی کوردستان پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، بە سوپاس و پێزانینەوە لە هەموو هاوکارییەکانیان دەڕوانین بۆ هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عیراق لە شەڕی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی عیراق و کوردستان. هەروەها لەم رۆژەدا یادی هەموو شەهیدانی پێشمەرگە و سوپای عیراق و هاوپەیمانان دەکەینەوە و سڵاو بۆ گیانی پاکیان دەنێرین.
ئاشکراشیکرد، ئێمە لە هەرێمی کوردستان هاوکارییەکانی هاوپەیمانان لە سێ قۆناغی گرنگ و چارەنووسسازی وەک راگەیاندنی ناوچەی دژەفڕین لە ساڵی 1991 بە تایبەت لەلایەن ئەمریکا و بەریتانیا و فەرەنسا، روخاندنی رژێمی دیکتاتۆری بەعس لە ساڵی 2003 و شەڕی تیرۆریستانی داعش لە دوای ساڵی 2014 هەرگیز لەبیر ناکەین.
ئاماژەی بەوەشکرد، لە ئێستاشدا کشانەوەی هاوپەیمانان و گەڕانەوەی سەروەریی تەواو بۆ عیراق ساتەوەختێکی مێژوویی گرنگە بۆ عیراق و هەرێمی کوردستان و هەردوو حکومەتی فیدراڵ و هەرێم و هەموو هێزە سیاسییەکانی عیراق و کوردستان و هەموومان لەبەردەم بەرپرسیارێتیی گەورەداین، پێویستە بۆ هاووڵاتییانی عیراق و بۆ کۆمەڵگای نێودەوڵەتیشی بسەلمێنین کە دەتوانین پارێزگاری لە سەروەریی و ئاسایش و سەقامگیری وڵاتەکەمان بکەین، ئەم ئەرکەش بەبێ هاوکاری و پێکەوەکارکردن لەپێناو بەرژەوەندیی گشتی و بەبێ جێبەجێکردنی تەواوەتی دەستور بەدی نایەت.
قوباد تاڵەبانی راشیگەیاند، وەک هێزە سیاسییەکانی کوردستانیش لەبەردەم بەرپرسیارێتییەکی مێژووییداین، ئەرکە لەسەرمان بە یەکڕیزی و هاوبیری کاربکەین بۆ بەهێزکردنی دامەزراوە شەرعییەکان و هەنگاونان بەرەو حکومڕانییەکی باشتر و خزمەتگوزار و دادپەروەر، چونکە دواجار دەستکەوتە مێژووییەکانی گەلەکەمان تەنها بە پشتیوانی و بە متمانەی هاوڵاتییانمان دەپارێزرێت.
جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم ئەوەشی خستەڕوو، لە کۆتاییدا هاووڵاتییانی خۆمان دڵنیا دەکەینەوە، هاوکاری و هەماهەنگییەکی زۆرباش هەیە لەنێوان هەردوو حکومەتی فیدراڵ و هەرێم، هێزی پێشمەرگەی کوردستانیش لەوپەڕی ئامادەیی خۆیدایە و وەک هەمیشە ئامادەیە بۆ پاراستنی خاکی کوردستان و سەروماڵی هاووڵاتییان لە هەرچەشنە هەڕەشە و مەترسییەک گیانفیدایی بکات.