دەسەڵاتدارانی ئێران مەرجی بەشداریی هەڵبژاردەی نیشتمانیی وڵاتەکەیان لە جامی جیهانیی ٢٠٢٦ بە دابینکردنی گرەنتی ئەمنی تەواو بۆ یاریزانان لە خاکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەبەستنەوە.
ئاژانسی تەسنیم لە زاری ئەحمەد دونیا مالی، وەزیری وەرزشی ئێران بڵاویکردەوە، کە هەڵبژاردەی ئێران تەنها لەو کاتەدا گەشتی ئەمریکا دەکات کە سەلامەتی شاندەکەی بە تەواوی مسۆگەر بکرێت.
وەزیر ئاماژەی بەوەش کردبوو کە داوای گواستنەوەی یارییەکانی ئێرانیان بۆ مەکسیک کردبوو، بەڵام فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی تۆپی پێ (FIFA) ئەو داواکارییەی رەتکردەوە.
پێشتر وەزیری وەرزش لە سەرەتای مانگی ئازاردا رایگەیاندبوو، کە بەهۆی گرژییە سیاسییەکانی نێوان تاران و واشنتن، کەشێکی گونجاو بۆ بەشداریی هەڵبژاردەکە لەم پاڵەوانێتییەدا لەئارادا نییە.
جێی وەبیرهێنانەوەیە، تیروپشکی جامی جیهانی ٢٠٢٦ ئێرانی لە کۆمەڵەی حەوتەمدا لەگەڵ هەریەکە لە هەڵبژاردەکانی بەلجیکا، میسڕ و نیوزیلەندا داناوە و بڕیارە یارییەکانی لە شارەکانی لۆس ئەنجلۆس و سیاتڵ لە نێوان ١١ی حوزەیران تا ١٩ی تەممووزی ٢٠٢٦ بەڕێوەبچن.