مەزڵوم عەبدی: کار دەکەین بۆ ئەوەی زمانی کوردی ببێتە زمانێکی رەسمی لە سوریا
سەوسەن سەید
٢٩ی ئەیلوولی ٢٠٢٦
مەزڵوم عەبدی راوێژکاری سەرۆکایەتی کۆمار سوریا رایگەیاند، کە زمانی کوردی ناسنامەی گەلی کوردە و گەشەپێدانی بەشێکی بنەڕەتییە لە خەباتەکەیان.
راوێژکاری سەرۆکایەتی کۆمار ئاماژەی بەوە کرد: خوێندن بە زمانی دایک مافێکی سروشتی و هەنگاوێکی مێژوییە و لە ماوەی 14ساڵی رابردووشدا هەوڵێکی زۆر دراوە بۆ رەخساندنی دەرفەتی خوێندن بە زمانەکە.
مەزڵوم عەبدی جەختی کردەوە: هەوڵەکانیان بەردەوام دەبن تاوەکو زمانی کوردی ببێتە زمانێکی رەسمی لە تەواوی سوریا و داوای لە بنەماڵە و خێزانەکان کرد منداڵەکانیان بنێرنە ئەو قوتابخانانەی بە زمانی کوردی وانەی تێدا دەوترێتەوە.
لە کۆتاییشدا روونی کردەوە: بەهۆی ئەوەی ناوچەکە لە قۆناغێکی گوێزەرەوەدایە پێویستە پرۆسەی پەروەردە بەردەوام بێت و خوێندنی زمانی دایک لە قۆناغەکانی ناوەندی و ئامادەیی بەپێی مەنهەجەکانی بەڕێوەبەریی خۆسەر بەڕێوەبچێت.


