ئیدارەی گەرمیان رایگەیاند، ئامادەکاری تەواو کراوە بۆ دابەشکردنی قۆناغی دوەمی زەویی بەسەر فەرمانبەراندا، بە جۆرێک لە کەمترین ماوەدا زەوی دەدرێت بەو فەرمانبەرانەی فەرمانی وەرگرتنی زەویان هەیە و لە قۆناغی دوەمدا پێیاننەدراوە.
ئەمڕۆ دووشەممە، ئیدارەی گەرمیان لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند، کۆبونەوەیەکی تایبەتیان بە پرسی دابەشکردنی قۆناغی دوەمی زەویی بەسەر فەرمانبەراندا ئەنجامداوە.
بە گوێرەی راگەیەندراوەکە، لە کۆبونەوەکەدا بە وردی تیشک خراوەتە سەر کێشە و ئاستەنگەکانی بەردەم پرۆسەی دابەشکردنی زەوی فەرمانبەران لە کەلار و چارەسەری گونجاو و پێویستیان بۆ خراوەتەڕوو.
هەروەها بڕیاردرا بە فراوانکردن و زیادکردنی روبەری ئەو زەوییانەی بۆ فەرمانبەران تەرخانکراون، ئەمەش لەڕێگەی تەواوکردنی رێکارەکانی دابینکردنی زەوی پێویست لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵی گەرمیانەوە بۆ سەر سنوری شارەوانی کەلار.
بەپێی بڕیارەکە، لە کەمترین ماوەدا زەوی بەسەر ئەو فەرمانبەرانەدا دابەشدەکرێت کە فەرمانی وەرگرتنی زەوییان هەیە و لە قۆناغی یەکەمدا زەوییان پێنەدراوە.
هاوكات بەپێی ئەنجامی کۆبونەوەکە، فەرمانبەرانی سنوری قەزای کەلار لەگەڵ گردەگۆزینە و گوند و ناحیەکانی، هەروەها ئەو فەرمانبەرانەی دانیشتوی ناحییەکانی مەیدان و قۆرەتون، لەگەڵ قۆناغی دوەمی فەرمانبەرانی کەلار لە سنوری شارەوانی کەلار زەوییان پێدەدرێت.