حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کەمئاوی، دەستی بە جێبەجێکردنی پڕۆژەی ئاوی (دووکان - سلێمانی 3) کرد.
توانای بەرهەمهێنانی پڕۆژەکە 20 هەزار مەتر سێجا ئاوە لە سەعاتێکدا. لە قۆناغی یەکەمدا، 10 هەزار مەتر سێجا ئاو دابین دەکات و تانکییەکی سەرەکی بە قەبارەی 40 هەزار مەتر سێجا دروست دەکرێت بۆ گواستنەوەی ئاوەکە بۆ ناو شاری سلێمانی.
پڕۆژەکە راستەوخۆ دەبەسترێتەوە بە تۆڕی ئاوی سلێمانییەوە و لەگەڵیدا تۆڕی نوێ بۆ ئەو گەڕەک و شوێنانە رادەکێشرێت کە ئاویان پێویستە. هەروەها لە وەرزی کەمئاویدا، یارمەتی پاراوکردنی کانیاوی سەرچنار دەدات، بۆ ئەوەی گەڕەکەکانی سەر بەو کانیاوە بێئاو نەبن.
بەختیار تاهیر، بەڕێوەبەری ئاوی سلێمانی رایگەیاند: "پڕۆژەکە بە سێ قۆناغ جێبەجێ دەکرێت و هەموو گەڕەک و شوێنەکانی سلێمانی دەگرێتەوە، بەجۆرێک کێشەی کەمئاوی لە هیچ گەڕەکێکی نیشتەجێبووندا نامێنێت."
جێبەجێکردنی پڕۆژەکە بە تەواوی پشتی بە دەستی کاری ناوخۆیی بەستووە، بە تەواوبوونیشی کێشەی کەمئاوی لە شاری سلێمانی بۆ چەندین ساڵی داهاتوو چارەسەر دەکات.