سەرۆکی ئێران، مەسعود پزیشکیان رایگەیاند، کە رابەری باڵای ئێران، موجتەبا خامنەیی کە لە دوای هەڵگیرسانی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران لە مانگی شوباتەوە لە بەرچاو ون بووە تەندروستی باشە و بە تەواوی برینەکانی چاکبووەتەوە.
پزیشکیان لە میانی چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تۆڕی"سی بی ئیس نیوز"ی ئەمریکی، لە وەڵامی پرسیارێکدا دەربارەی موجتەبا خامنەیی کە لە دوای هێرشە ئەمریکی-ئیسرائیلییەکەی سەرەتای ئەمساڵەوە (کە بووە هۆی کوژرانی عەلی خامنەیی) بە ئاشکرا دەرنەکەوتووە، رایگەیاند: لە ئێستادا رووبەڕووی هیچ کێشە یان ئاڵۆزییەکی تەندروستیی دیاریکراو نەبووەتەوە.
پزیشکیان وتیشی: وەک پزیشکێک ئەمەم لێ وەرگرن؛ لە رووی پزیشکییەوە تەندروستیی تەواوە و ئەو برینانەی لە دەم و چاو و قاچەکانیدا هەیبوون بە تەواوی چاکبوونەتەوە، هیچ کێشەیەکی نییە.
سەرۆکی ئێران ئاماژەی بەوەش کرد: لە ماوەی رابردوودا دوو جار لەگەڵ موجتەبا خامنەیی کۆبووەتەوە، کە یەکێک لە کۆبوونەوەکان زیاتر لە حەوت سەعاتی خایاندووە.
دەربارەی ئەوەی ئایا موجتەبا خامنەیی لە بڕیارە دیپلۆماسییەکاندا رێنمایی دەدات، پزیشکیان روونیکردەوە: تیمێک لە شەش ئەندام پێکهاتووە لە نوێنەرانی دامەزراوە جیاوازەکان، هێزە ئەمنییەکان، پەرلەمانتاران و دەستە حکومییەکان، کە کۆدەبنەوە بۆ راوێژ و بڕیاردان و بە هەماهەنگی دەگەنە بڕیاری کۆتایی.