نوسراوی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق بۆ خەرجکردنی موچەی مانگی شەشی هەرێم رادەستی وەزارەتی دارایی عیراق کرا و گەر هەرێم مەرجەکان جێبەجێ بکات هەفتەی داهاتوو موچەی مانگی شەش دەخرێتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی هەرێم.
محەمەد عەبدولرەحمان پەیامنێری کوردسات نیوز لە بەغداد رایگەیاند، "نوسراوی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق بۆ خەرجکردنی موچەی مانگی شەشی هەرێم رادەستی وەزارەتی دارایی عیراق کرا".
ئاماژەی بەوەشدا، "ئەوەی ماوەتەوە حکومەتی هەرێم 120 ملیار دینار وەک داهاتی ناوخۆی هەرێم بۆ مانگی شەش رادەستی وەزارەتی دارایی عیراق بکات و هەرەوەها هەناردەکردنەوەی نەوتەکە رادەستی سۆمۆ بکات".
پەیامنێری کوردستان نیوز دەشڵێت، "ئەگەر ئەم دوو خاڵە جێبەجێبکرێت، هەفتەی داهاتوو لقی هەولێری بانکی ناوەندی عیراق، هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی هەرێم تەمویل دەکات"
داهاتی نا نەوتی عیراق لە ماوەی شەش مانگی یەكەمی ئەمساڵ بۆ نزیكەی نیوە دابەزیوە.
نەبیل مەرسومی شارەزای بواری ئابووری ئاشكرایكردووە، بەپشت بەستن بە راپۆرتەكەی وەزارەتی دارایی كە بڕی داهاتی نیوەی یەكەمی ئەمساڵی بڵاوكردووەتەوە، دەردەكەوێت داهاتی نانەوتی بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو بەرێژەی 43.6% دابەزیوەو گەیشتووەتە چوار ترلیۆن و 951 ملیار دینار، لەكاتێكدا پێشتر حەوت ترلیۆن و 118 ملیار دینار بووە.
مەرسومی باسی لەوەش كردووە، ئەم دابەزینە لە ئەنجامی كەمبوونەوەی داهاتەكانی باج و ڕسومات و پشت بەستنی عیراقە بۆ سەرچاوەی یەك داهاتی.
هەروەها دەڵێت، ئەمە كەلێنێكی گەورەیە لە نێوان داهاتە پلان بۆ داڕێژراوەكان و داهاتە ڕاستەقینەكان و زیادبوونی كورتهێنانی ڕاستەقینە لە بودجەی گشتیدا.
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بڕیاریداوە بۆ ساڵی نوێی خوێندنی، داشکاندن لە کرێی خوێندنی زانکۆ و پەیمانگەکان بەردەوامبێت.
عەباس ئەکرەم وتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بە کوردسات نیوزی راگەیاند: داشکاندن لە کرێی خوێندنی پاراێڵ و ئێوارانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بەردەوامە.
"ئامادەکارییەکان بۆ دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندن دەستی پێ کردووە، مامۆستاکان لە 1ـی 9 پەیوەندی بە زانکۆ و پەیمانگەکانەوە دەکەن، هەروەها لە رۆژی 1ـی 9 تا 1ـی 10 رۆژەکانی دەستپێکی خوێندن و تاقیکردنەوەکان و کۆتایی خوێندن دیاری دەکرێت"، وتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا وادەڵێت.
ئاماژەی بەوەشدا: داشکاندن بۆ خوێندنی پارالێڵ و ئێواران لە زانکۆ و پەیمانگە حکومییەکان بە رێژەی ٪45 بەردەوامدەبێت، هەروەها لە زانکۆ و پەیمانگە ئەهلییەکان بە رێژەی ٪10 تا ٪25 بەردەوامدەبێت و زۆرترین دەرفەت بۆ دەرچووانی 12ـی ئامادەیی دەرەخسێنین.
لە مانگی تەمموزدا ژمارەی مایەپووچ بوونی ئەو کۆمپانیایانەی لە ئەڵمانیا تۆمارکراون، بە بەرزترین رێژە لە مانگی ئۆکتۆبەری ساڵی رابردووەوە دێت.
فەرمانگەی ئاماری ئەڵمانیای فیدراڵ رایگەیاند، دادگا ناوخۆییەکان لە مانگی تەمموزدا لە چاو ساڵی رابردوودا بە ڕێژەی 19.2% زیادبوونی حاڵەتە نوێیەکانی مایەپووچ بوونیان تۆمارکردووە.
بەپێی داتاکانی فەرمانگەکە، زۆرجار مایەپووچ بونەکان دوای سێ مانگ لە بەرواری تۆمارکردنیانەوە تۆمار کراون، بەجۆرێک ساڵی رابردوو 21 هەزار و 812 حاڵەت تۆمارکراون، کە بەرزترین ژمارەیە لە ساڵی 2015وە، بەتەنها لە مانگی ئایاری 2025دا زیاتر لە دوو هەزار دۆسییەی مایەپووچ بوون تۆمارکراوە.
زیادبوونی مایەپووچ بوونەکان، دوای کۆتایی هاتنی پاڵپشتی حکومەت دێت لە سەردەمی پەتای کۆڤید-19وە، هەروەها بەرزبوونەوەی نرخی وزە و زیادەڕەوی لە بیرۆکراسی و نادڵنیایی سیاسیدا بارگرانی زیاتر بۆ بازرگانییەکان دروست دەکات.
شاخەوان عەبدوڵا جێگری دووەمی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا باسی لە رێککەوتنەکەی هەولیر و بەغداد کرد.
شاخەوان عەبدوڵا ئاماژەی بەوەدا: رێککەوتنەکە بەجۆرێکە نەوتی هەرێم هەناردە دەکرێت و 120 ملیار دینار داهاتی نانەوتی رادەستی بەغداد دەکرێت، هەروەها لیژنەیەک دانراوە بۆ چاودێریکردن و لەوانەیە داهاتی نانەوتی هەرێمی کوردستان گۆڕانکاری بەسەردابێت.
"رێکارەکانی ناردنی موچە تەواوبووە، هیچ بیانوویەک نییە بۆ نەناردنی موچە"، شاخەوان عەبدوڵا وادەڵێت.
شاخەوان عەبدوڵا سەبارەت بەو هێرشە درۆنییانەی کە لە رابردوودا کرایە سەر هەرێم رایەگەیاند: ناوی گروپەکان ئاشکراکراوە.
سوریا و تورکیا هێڵێکی نوێی غازی سروشتی ناوچەیییان کردەوە، وەزیری وزەی سوریا ڕایگەیاند، پڕۆژەکە تا شەش ملیۆن مەتر سێجا غاز لە ڕۆژێکدا دابین دەکات.
محەمەد بەشیر وەزیری وزەی سوریا وتیشی، لە قۆناغی یەکەمدا بە دابینکردنی 3.4 ملیۆن مەتر سێجا لە ڕۆژێکدا لە ڕێگەی تورکیاوە هەناردە دەکرێت.
لای خۆیەوە، ئاڵپارسلان بایراکتار وەزیری وزە و سەرچاوە سروشتییەکانی تورکیا وتی، ئەنقەرە لە ڕێگەی هەشت خاڵی جیاوازەوە کارەبا هەناردەی سوریا دەکات، ئاماژەی بە پلانەکانی زیادکردنی توانای هەناردەکردن بە ڕێژەی 25% کرد لە قۆناغی یەکەمدا، لەگەڵ ئەگەری دوو هێندەکردنی لە ئایندەدا.
بایراکتار ئاماژەی بەوەشکرد، ساڵانە تورکیا توانای هەناردەکردنی تا دوو ملیار مەتر سێجا غازی سروشتی بۆ سوریا هەیە.
وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، سبەینێ دەست بە دابەشکردنی موچەی مانگی پێنجی مامۆستایانی گرێبەست دەکرێت.
لە راگەیەندراوێکی وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان دا هاتووە، "سبەینێ دووشەممە 28ـی 7ـی 2025، موچەی مانگی پێنجی مامۆستایانی گرێبەستی وەزارەتی پەروەردە لەسەرتاسەری هەرێمی کوردستان دابەش دەکرێت".
لە راگەیەندراوەکەشدا هاتووە، "هاوکات هەمان رۆژ موچەی مانگی چواری مامۆستایانی گرێبەستی وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی دابەش دەکرێت".
ئاماژە بەوەذدراوە، "هەر رۆژی دووشەممە موچەی مانگی ئایاری ساڵی 2025 و مووچەی مانگەکانی ئاب و ئەیلولی ساڵی 2024ـی سەرجەم ئەو فەرمانبەرانە دابەش دەکرێت کەلەدوای 1ـی 7ـی 2025ـەوە بەشێوەی گرێبەست و هەمیشەیی لەسەر میلاکی دامەزراوەکانی حکومەتی هەرێم دامەزراون کەشایستەکانیان لەسەر داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان خەرج دەکرێت".
وەزارەتی دارایی هەرێم لیستی موچەی مانگی ئایاری بڵاوکردەوە و بەپێی لیستەکە موچەی سەرجەم دەستە و وەزارەتەکان لەماوەی سێ رۆژدا دابەشدەکرێت.
وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێم لیستی موچەی مانگی ئایاری بڵاوکردەوە و لیستەکە هاوشێوەی مانگی نیسانە، هەر بە هەمانشێوەی مانگی نیسانیش لەماوەی سێ رۆژدا موچەی تەواوی دەستە و وەزارەتەکان دابەشدەکرێت.
لیستەکە بەم جۆرەیە:
سبەینێ هەینی 25ی ئایار: خانەنشینی شارستانی، خاوەنپێداویستی تایبەت، زیندانیانی سیاسی و بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی، کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان.
رۆژی شەممە 26ی ئایار: کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان، پەروەردە، خانەنشینی پێشمەرگە، دارایی و ئابوری، دەستەی دەستپاکی، دەستەی وەبەرهێنان، دەستەی ژینگە، دەزگای مین، ناوچەکانی دەرەوەی هەرێم، کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن، دیوانی چاودێری دارایی، مافی مرۆڤ، ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن، تەندروستی، ناوخۆ، داد، ئەنجومەنی دادوەریی، پلاندانان، بازرگانی و پیشەسازی، سامانە سروشتییەکان، گواستنەوە و گەیاندن، کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، شارەوانی و گەشتوگوزار.
رۆژی یەکشەممە 27ی ئایار: کاروکاروباری کۆمەڵایەتی، رۆشنبیری و لاوان، کارەبا، ئەوقاف و کاروباری ئایینی، خوێندنی باڵا، سێ سەرۆکایەتییەکەی هەرێم، پێشمەرگە، دیوان و لیواکان، یەکەی ٧٠ و ٨٠، ب. پۆلیسی دامودەزگا نەوتییەکان، ئەنجومەنی ئاسایش و دەزگای ئاسایش، هێزی زێرەڤانی و فەرماندەیی بەرگریی فریاکەوتن.
وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێم رایگەیاند، بەغداد پارەی موچەی مانگی پێنجی خستە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی هەرێم و سبەینێ دەست بە دابەشکردنی موچە دەکرێت.
وەزارەتی دارایی هەرێم رایگەیاند، ئەمڕۆ پێنجشەممە، بەغداد بڕی 974 ملیار و 813 ملیۆن دیناری وەک شایستەی دارایی موچەی فەرمانبەران بۆ مانگی ئایار خستە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتەکە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، سبەینێ هەینی، 25ی تەمموز، دەست بە دابەشکردنی موچەی مانگی ئایاری موچەخۆران دەکەن.
لیستی موچە
ئەگەر لیستی موچە هاوشێوەی مانگەکانی رابردوو بێت، ئەوا سبەینێ خانەنشینی شارستانی، زیندانیانی سیاسی، کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان، بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی و خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان موچە وەردەگرن.
کۆتا موچە دوای تێپەڕینی 50 رۆژ بەسەر دابەشکردنی موچەی مانگی ئازار، لە رۆژی 14ی ئایار دەست بە دابەشکردنی کرا و لەماوەی سێ رۆژدا موچەی سەرجەم موچەخۆران دابەشکرا، کە لیستی موچە بەم جۆرە بوو:
14ی ئایار: خانەنشینی شارستانی، خاوەنپێداویستی تایبەت، زیندانییە سیاسییەکان، بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی و کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان.
15ی ئایار: کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان، پەروەردە، خانەنشینی پێشمەرگە، دارایی و ئابوری، دەستەی دەستپاکی، دەستەی وەبەرهێنان، دەستەی ژینگە، دەزگای مین، ناوچەکانی دەرەوەی هەرێم، کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان، دیوانی چاودێری دارایی، مافی مرۆڤ، ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن، تەندروستی، ناوخۆ، داد، ئەنجومەنی دادوەریی، پلاندانان، بازرگانی و پیشەسازی، سامانە سروشتییەکان، گواستنەوە و گەیاندن، کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، شارەوانی و گەشتوگوزار.
18ی ئایار: کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، رۆشنبیری و لاوان، کارەبا، ئەوقاف و کاروباری ئایینی، خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، سەرۆکایەتی پەرلەمان، سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران، سەرۆکایەتی هەرێم، پێشمەرگە 'دیوان، لیواکان'، یەکەی 70 و 80، ب. پۆلیسی دامودەزگا نەوتییەکان، ئەنجومەنی ئاسایش و دەزگای ئاسایش، هێزی زێرەڤانی و فەرماندەیی بەرگریی فریاکەوتن.
لەبارەی خانەنشینانی نوێ:
رۆژی 26ی ئایار، وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێم لەبارەی موچەی خانەنشینانەوە راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و داوای لە سەرجەم وەزارەت و فەرمانگەکانی نەبەستراو بە وەزارەت کرد، لەسەر بنەمای فۆڕمی زانیاری بەڕێوەبەرایەتی گشتی خانەنشین دۆسیەی ئەو فەرمانبەرانە رەوانە بکەن کە تەمەنی یاساییان لە خزمەت تەواو بووە و بەپێی یاسای خانەنشینی یەکگرتووی عێراق رەوانەی خانەنشینی دەکرێن.
لە راگەیەنراوەکەدا ئەوەش هاتبوو، لە دوو مانگی رابردوو توانراوە پێنج هەزار و 261 خانەنشینی نوێ بۆ لیستی موچەی مانگی ئایار زیاد بکرێن و ناوەکانیان رەوانەی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ کراوە، تا بەپێی ئەو تەرخانەی لە ساڵی 2025 بۆیان جێگیر کراوە، لەگەڵ موچەی مانگی ئایار موچەی مانگەکانی رابردووشیان بۆ خەرج بکرێتەوە.
بڕیارە ئەمڕۆ حكومەتی هەرێم داهاتی ناوخۆی مانگی ئایار رادەستی حكومەتی عیراق دەكات، بریاریشە رۆژی دووشەممە وەزارەتی عیراق پارەی مووچەی مانگی هەمان مانگ رەوانەی هەرێم بكات.
بەپێی زانیارییەكانی پەیامنێری كوردسات نیوز لە بەغداد، چاوەڕوان دەكرێت ئەمڕۆ یەكشەممە وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان بڕی ١٢٠ ملیار دینار وەكو داهاتی ناوخۆ بۆ مانگی پێنج، رادەستی حكومەتی فیدڕاڵ بكات.
سەرچاوەیەكیش لە وەزارەتی دارایی عیراق بە كوردسات نیوزی راگەیاند، لە دوای گەیشتنی بڕی داهاتی ناوخۆی مانگی پێنج، چاوەڕوان دەكرێت رۆژی دووشەممە وەزارەتی دارایی عیراق، تەمویلی وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان بكات و پارەی موچەی مانگی پێنجی فەرمانبەران رەوانە بكات.
وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دوای هێرشکردنە سەر کێڵگەی نەوتی DNO لە "تاوکی" سونری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران پەیامێکی بلاوکردووەتەوە و دەڵێت، "ئەم جۆرە هێرشانە بۆ سەر ژێرخانی ئابووری هەرێمی كوردستان بە تووندی ئیدانە و شەرمەزار دەکەین".
دەقی راگەیەندراوەکە
ئەمڕۆ ڕێكەوتی 17ی تەمووزی 2025 بۆ جارێكی دیكە كاتژمێر 10:55 لە ڕێگەی درۆنی بۆمبڕێژكراو هێرش كرایە سەر كێڵگەی نەوتی DNO لە تاوكی لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، هێرشەكە زیانی گیانی و ماددی لێنەكەوتووەتەوە.
وەزارەتی سامانە سروشتییەكان ئەم جۆرە هێرشانە بۆ سەر ژێرخانی ئابووری هەرێمی كوردستان بە تووندی ئیدانە و شەرمەزار دەكات و چەند جارێكیش داوای لە حكومەتی فیدراڵی و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كردووە بۆ پاراستنی گیانی هاوڵاتیانی نزیك بەم ناوچانە و گیانی كارمەندانی مەدەنی و ئەمنییەتیی وزە بپارێزن و ڕێگری لە هێرشەكان بۆ سەر هەرێمی كوردستان و كەرتی وزە بکەن.
وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی
حكومەتی هەرێمی كوردستان
17ی تەمووزی 2025
ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق کۆبوونەوەیەکی نائاسایی ئەنجام دەدات و تیایدا گفتوگۆ لەبارەی پرسی موچەی موچەخۆران و نەوتی هەرێم دەکەن.
دوێنێ حکومەتی هەرێم کۆبوونەوەی ئاسایی هەفتانەی خۆی ئەنجامدا و رایگەیاند، ناوەڕۆکی لێکتێگەیشتنی نێوان هەرێم و بەغداد تایبەت بە موچەی موچەخۆران و پابەندییەکانی هەرێم جێبەجێ دەکەن.
بڕیارە سەعات 1:00ی پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ، ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق کۆبوونەوەیەکی نائاسایی و بەدەر لە کۆبوونەوەی ئاسایی هەفتانەی خۆی ئەنجام بدات.
لە کۆبوونەوەکەدا باس لە پرسی موچەی موچەخۆرانی هەرێم و خەرجکردنی موچە دەکرێت و هەروەها بابەتی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمیش یەکێکی دیکە دەبێت لە تەوەرەکانی کۆبوونەوەکە.
بەپێی راگەیەنراوەکەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم، دوای جێبەجێکردنی ناوەڕۆکی ئەو لێکتێگەیشتنە، چاوەڕوان دەکرێت حکومەتی عیراق موچە و شایستە داراییەکانی هەرێم بنێرێت.
لە ئێستادا موچەخۆرانی هەرێم لە مانگی ئاب نزیک دەبنەوە، بەڵام بەهۆی ناکۆکییەکانی نێوان حکومەتی هەرێم و عیراق لەبارەی پرسی هەناردەکردنەوەی نەوت، هێشتا موچەی مانگی ئایاریان وەرنەگرتووە و زیاتر لە 70 رۆژە هیچ موچەیەک دابەش نەکراوە.
رۆژی 7ی ئەم مانگە، وەدفێکی باڵای هەرێم چوونە بەغداد و وەڵامی ئەو رەشنووسەیان گەیاندە حکومەتی عیراق، کە پێشتر خستبوویانە بەردەستی بەرپرسانی هەرێم.
پێشتر کوردسات نیوز ئەوەی ئاشکرا کردبوو کە، بەپێی رەشنووسەکە پرسی نەوت بەمجۆرەی ئێستا دەمێنێتەوە تاوەکو لەماوەی داهاتوودا وەفدێکی تەکنیکی دێتە هەرێم و لە نزیکەوە ئەوە چارەسەر دەکەن ئاخۆ هەرێم بۆ پێداویستی ناوخۆ بڕی چەند نەوتی پێویستە.
پێشتر هەرێم داوای زیاتر لە 115 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەی دەکرد بۆ پێداویستی ناوخۆ و دواتر داوای 65 هەزار بەرمیل نەوتی دەکرد، بەڵام بەغداد ئامادە بوو تەنها 46 هەزار بەرمیل نەوتی بدات.
لەبارەی داهاتی نانەوتی و ناوخۆشەوە رێککەوتنێکی سەرەتایی باسدەکرا کە هەرێم مانگانە 115 ملیار دینار رادەستی بەغداد بکات و کرێی کۆمپانیاکانی نەوتیش یان بە پارەی کاش بدرێت یان بە پێدانی نەوت.
سبەینێ ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق سەبارەت بە پرسی رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغداد کۆدەبێتەوە و کۆبوونەوەکەش نائاساییە.
سەرچاوەیەکی باڵا لە حکومەتی فیدراڵی بە کوردسات نیوزی راگەیاند: سبینێ کاتژمێر یەک، کۆبوونەوەیەی نائاسایی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق سەبارەت بە پرسی رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغداد بەڕێوەدەچێت.
ئەو سەرچاوە ئاماژەی بەوەشدا: تائێستا هیچ بەرنامەی کار نەنێدراوە چونکە کۆبوونەوەی نائاساییە و تەنها لەسەر پرسی هەولێر و بەغداد دەبێت.
بە ئامادەبوونی سەرۆکی حکومەت و جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە پرسی موچە لە هەولێر ئەنجامدرا.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 13ـی 7ـی 2025، بە ئامادەبونی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم، کۆبوونەوەیەکی تایبەی بە پرسی موچەی موچەخۆرانی هەرێم ئەنجامدراوە و دواتر لە راگەیەندراوێکدا کە لە وێبسایتی رەسمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاوکراوەتەوە، تێیدا هاتووە: کۆبوونەوەکە تایبەت بووە بە دوایین هەوڵ و دەرئەنجامەکانی گفتوگۆ و دانوستان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ تایبەت بە موچە و شایستە داراییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان و هەرچی زوو دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم.
لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشدراوە، "لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لە چڕکردنەوەی هەموو هەوڵەکان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ کرا بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە و لەمبارەیەوە کۆدەنگیی و هاوهەڵوێستیی هەیە بۆ دەستەبەرکردنی مووچە و شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستان کە مافێکی یاسایی و دەستووریی مووچەخۆرانە و حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوامە لە کاری هاوبەش بۆ کۆتاییهێنان بەم کێشەیە کە بە داخەوە، کاریگەری زۆر خراپی کردووەتە سەر بژێویی و رەوشی ژیانی موچەخۆران و هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان بە گشتی و ئەم بابەتەش، کاری لە پێشینە و ئێستای حکومەتە و لەم پێناوەشدا، لە کاری بەردەوامدایە بۆ چارەسەرکردنی".