بە ئامادەبوونی سەرۆکی حکومەت و جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە پرسی موچە لە هەولێر ئەنجامدرا.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 13ـی 7ـی 2025، بە ئامادەبونی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم، کۆبوونەوەیەکی تایبەی بە پرسی موچەی موچەخۆرانی هەرێم ئەنجامدراوە و دواتر لە راگەیەندراوێکدا کە لە وێبسایتی رەسمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاوکراوەتەوە، تێیدا هاتووە: کۆبوونەوەکە تایبەت بووە بە دوایین هەوڵ و دەرئەنجامەکانی گفتوگۆ و دانوستان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ تایبەت بە موچە و شایستە داراییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان و هەرچی زوو دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم.

لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشدراوە، "لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لە چڕکردنەوەی هەموو هەوڵەکان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ کرا بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە و لەمبارەیەوە کۆدەنگیی و هاوهەڵوێستیی هەیە بۆ دەستەبەرکردنی مووچە و شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستان کە مافێکی یاسایی و دەستووریی مووچەخۆرانە و حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوامە لە کاری هاوبەش بۆ کۆتاییهێنان بەم کێشەیە کە بە داخەوە، کاریگەری زۆر خراپی کردووەتە سەر بژێویی و رەوشی ژیانی موچەخۆران و هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان بە گشتی و ئەم بابەتەش، کاری لە پێشینە و ئێستای حکومەتە و لەم پێناوەشدا، لە کاری بەردەوامدایە بۆ چارەسەرکردنی".