وەزارەتی دارایی هەرێم لەبارەی موچەی خانەنشینانەوە راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، لە دوو مانگی رابردوودا توانیویانە پێنج هەزار و 261 خانەنشین بۆ لیستی موچە زیاد بکەن، تا لەگەڵ موچەی مانگی ئایاردا موچەی مانگەکانی دیکەشیان بۆ خەرج بکرێتەوە.

وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێم لەبارەی موچەی خانەنشینانەوە راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و داوا لە سەرجەم وەزارەت و فەرمانگەکانی نەبەستراو بە وەزارەت دەکات، لەسەر بنەمای فۆڕمی زانیاری بەڕێوەبەرایەتی گشتی خانەنشین دۆسیەی ئەو فەرمانبەرانە رەوانە بکەن کە تەمەنی یاساییان لە خزمەت تەواو بووە و بەپێی یاسای خانەنشینی یەکگرتووی عێراق رەوانەی خانەنشینی دەکرێن.

لە راگەیەنراوەکەشدا هاتووە، لە دوو مانگی رابردوو توانراوە پێنج هەزار و 261 خانەنشینی نوێ بۆ لیستی موچەی مانگی ئایار زیاد بکرێن و ناوەکانیان رەوانەی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ کراوە، تا بەپێی ئەو تەرخانەی لە ساڵی ٢٠٢٥ بۆیان جێگیر کراوە، لەگەڵ موچەی مانگی ئایار موچەی مانگەکانی رابردووشیان بۆ خەرج بکرێتەوە.

ئەوەش لە کاتێکدایە، لە نیوەی دووەمی ساڵی رابردووەوە یاسای خانەنشینی عیراق لە هەرێمی کوردستانیش جێبەجێ دەکرێت و لەدوای ئەوەشەوە بە هەزاران موچەخۆری حکومی خانەنشین بوون، کە بەهۆی زۆری ژمارەی خانەنشینان و رێکارەکانەوە، بەشێکیان لە مانگی 10ی ساڵی رابردووەوە موچەیان وەرنەگرتووە.