ئابووری

کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق کۆتاییهات و هیچ بڕیارێک سەبارەت بە ناردنی موچەی موچەخۆرانی هەرێم نەدرا.

ئەمڕۆ سێشەممە 8ـی 7ـی 2025، ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق کۆبووەوە، سەرەڕای ئەوەی کە هیچ بڕیارێک نەبوو لە کۆبوونەوەکەدا باس لە موچەی موچەخۆرانی هەرێم بدرێت، بەڵام بڕگەی موچەخۆرانی هەرێم بۆ کۆبوونەوەکە زیادکرا.

محەمەد عەبدولرەحمان، پەیامنێری کوردسات نیوز لە بەغداد رایگەیاند: لە کۆبوونەوەکەدا کاتژمێر و نیوێک باس لە کێشەی موچەی هەرێم کراوە، بەڵام بڕیار لە ناردنی موچە بۆ هەرێم نەدراوە.

ئەمە لە کاتێکدایە کە لە دوێنێوە وەفدێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدادە بۆ بەدواداچوونی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغداد، بەڵام تا ئێستا نەگەشتونەتە رێککەوتن.

لە کۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراقدا بڕیاردراوە لەسەر پێکهێنانی لیژنەیەکی باڵا بۆ پێداچوونەوە بە رەشنووسی رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغداد.

هەروەها لیژنەکە لیژنەکە پێکدێت لە وەزارەتەکانی تەندروستی، داد، پلاندانان و خوێندنێ باڵا.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

د.لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق و محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیران کۆبوونەوە و باسیان لە پرسی موچەی موچەخۆرانی هەرێم و دوایین دۆخی ناوچەکە و هەڵبژاردنی داهاتووی عیراق کرد.

ئەمڕۆ دووشەممە، د.لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق و محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیران کۆبوونەوە و لە کۆبوونەوەکەدا باسیان پرسی دابینکردنی موچەی موچەخۆرانی هەرێم و کارکردن بۆ چارەسەری کێشە هاوبەشەکان کرد بە پشتبەستن بە دەستور و یاسا کارپێکراوەکان.

هەر لە کۆبوونەوەکەدا باس لە ئامادەکارییەکان بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عیراق کرا بۆ ئەنجامدانی لەکاتی دیاریکراوی خۆیدا، بۆئەوەی کە ئەنجامەکانی رەنگدانەوەی خواستی راستەقینەی عیراقییەکان بێت.

سەرۆک کۆمار و سەرۆک وەزیران لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆیان لەبارەی دۆخی ناوچەکە و پەرەسەندنەکان لەسەر ئاستی هەرێمی کرد، هەروەها ئەو ئاڵنگارییانەشی کە لە داهاتوودا ئەگەری هەیە رووبەڕووی ناوچەکە ببنەوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وەفدێکی باڵای هەرێم گەیشتە بەغداد و وەڵامی رەشنووسەکەی حکومەتی عیراقیان پێیە، بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکانیش لەسەر زۆرینەی پرسەکان رێککەوتوون.

پەیامنێری کوردسات نیوز باسی لەوەکرد، وەفدێکی باڵای هەرێم گەیشتووەتە بەغداد و لەگەڵ خۆیاندا وەڵامی ئەو رەشنووسەیان پێیە کە حکومەتی عیراق خستبوویە بەردەستی هەرێم.

ئاماژەی بەوەشکرد، لێکتێگەیشتن لەنێوان هەرێم و بەغداد هەیە و زۆرینەی گرفتەکانیان تێپەڕاندووە.

بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، پرسی نەوت بەمجۆرەی ئێستا دەمێنێتەوە تاوەکو لەماوەی داهاتوودا وەفدێکی تەکنیکی دێتە هەرێم و لە نزیکەوە ئەوە چارەسەر دەکەن ئاخۆ هەرێم بۆ پێداویستی ناوخۆ بڕی چەند نەوتی پێویستە.

پێشتر هەرێم داوای زیاتر لە 115 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەی دەکرد بۆ پێداویستی ناوخۆ، بەڵام ئێستا داوای 65 هەزار بەرمیل نەوت دەکات، بەڵام بەغداد بەپێدانی تەنها 46 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە رازییە.

لەبارەی داهاتی نانەوتی و ناوخۆشەوە رێککەوتنێکی سەرەتایی هەیە کە هەرێم مانگانە 115 ملیار دینار رادەستی بەغداد بکات.

هەرچی لەبارەی کرێی کۆمپانیاکانە؛ لێکتێگەیشتن هەیە لەنێوان هەرێم و عیراق کە کرێکە یان بە پارەی کاش یان بە پێدانی نەوت بدرێتەوە بەو کۆمپانیایانە.

ئەوەی جێگای ئومێدە، بەپێی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردسات نیوز چاوەڕوان دەکرێت بۆئەوەی لە کۆبوونەوەی سبەینێی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراقدا بڕیار لەسەر چارەنووسی موچە بدرێت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وەزیری کشتوکاڵی تورکیا رایگەیاند، ساڵی رابردوو وڵاتەکەی لە پلەی حەوتەمی جیهاندا بووە بۆ داهاتی بەرهەمی کشتوکاڵی و داهاتی ساڵی 2024 بەراورد بە ساڵانی پێش خۆی بە رێژەی 7٪ بەرزتربووەتەوە.

ئیراهیم یوماکلی وەزیری کشتوکاڵ و دارستانی تورکیا رایگەیاند، ساڵی رابردوو بەراورد بە ساڵانی پێشووتر داھاتی تورکیا لە بەرھەمی کشتوکاڵیدا، بەرێژەی 7٪ بەرزبوونەوەی تۆمار کردووە.

باسی لەوەشکرد، تورکیا ساڵی رابردوو لە داھاتی بەرھەمی کشتوکاڵیدا لەسەر ئاستی جیھان پلەی حەوتەمی بەدەستھێناوە بەو پێیەی داھاتی بەرھەمی کشتوکاڵی تورکیا لە ساڵی رابردوودا، گەیشتووەتە ٧٤ ملیار دۆلار.

ئەوەشی خستووەتە روو، بە پشتبەستن بە داتاکانی بانکی نێودەوڵەتی، بۆ یەکەمجار تورکیا بەربەستی ٧٠ ملیار دۆلاری لە داھاتی بەرھەمی کشتوکاڵیدا تێپەڕاند.

تورکیا یەکێکە لەو وڵاتانەی بەرهەمهێنە و بەرهەمەکانی هەم لە ناوخۆی وڵاتی خۆی بەکاردەهێنێتەوە هەم هەناردەی دەرەوەی وڵاتەکەی دەکات، کە پانتاییەکی گەورەی لە داهاتی ئەو وڵاتەدا داگیر کردووە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سەرچاوەیەكی باڵا لە حكومەتی عیراق بە كوردسات نیوزی راگەیاند، بەغداد و هەرێم نزیكن لە گەیشتن بە رێككەوتن سەبارەت بە چارەسەركردنی پرسی موچە و دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم .

ئەو سەرچاوەیە ئاشكرایكرد، محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عیراق رەشنووسێكی ئامادە كردووە كە بریارە لەرێی لێپرسراوێكی كورد لە حكومەتی عیراقەوە بگەیەندرێتە دەست لێپرسراوانی هەرێم، بەپێی رەشنووسەكە بەغداد داوای هەموو نەوتی هەرێم دەكات و لە بەرامبەردا ئامادەیە 46 هەزار بەرمیل نەوت بۆ پێداویستی ناوخۆی هەرێم تەرخان بكات، لە كاتێكدا هەرێم داوای 65 هەزار بەرمیل دەكات، بەڵام بەغداد ئامادەنییە پێچەوانەی راپۆرتەكانی دیوانی چاودێری دارایی عیراق مامەڵە بكات، كە 46 هەزار بەرمیل نەوتی دیاریكردوە بۆ پێداویستییەكانی ناوخۆی هەرێم.

هەروەها حكومەتی عیراق كە پێشتر داوای زیاتر لە 100ملیار دیناری كردوە لە پشكی داهاتی ناوخۆی هەرێم، ئێستا داوای 90 ملیار دینار دەكات .

بە وتەی ئەو سەرچاوەیە، ئەگەر لە 24 سەعاتی داهاتوودا رەشنووسەكە لەلایەن هەرێمەوە قبوڵ بكرێت، بە ئەگەرێكی زۆرەوە لە كۆبونەوەی رۆژی سێشەممەی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق بریار لەسەر خەرجكردنی موچەی هەرێم دەدرێت.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وەزارەتی پلاندانانی عیراق دابەزینی بەرچاوی رێژەی بێكاری لە وڵاتدا لە رێژەی 17% ـەوە بۆ 13% راگەیاند.

عەبدولزەهرا هینداوی وتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عیراق لە چاوپێكەوتنێكی میدیایدا رایگەیاند، ئێستا رێژەی بێكاری لە عیراق بۆ ئاستی ساڵی 2020 دابەزیوە، ئەوەش بەهۆی پەرەپێدان و دروستكردنی پڕۆژەی خزمەتگوزاری حكومی و تایبەت، لەگەڵ دەستپێكردنەوەی كاركردن لە زیاتر لە هەزار و 400 پڕۆژەی راگیراو و پێدانی قەرز بە پرۆژە بازرگانییە بچوكەكان.

ئاماژەی بەوەشكرد، دامەزراندنی دەرچووانیش بەشدار بووە لە كەمكردنەوەی رێژەی بێكاری و رەخساندنی هەلی كار لە سەرانسەری هەموو كەرتەكانی گەشەپێداندا.

وتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عیراق راشیگەیاند، ئەو پلانانەی حكومەت وایكردوە لە ئێستادا رێژەی بێكاری لە رێژەی 17% ـەوە كەمبێتەوە بۆ 13% ئەوەش مایەی دڵخۆشییە بۆ وەزارەتەكەیان.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وەزارەتی نەوتی عیراق رایگەیاند، لە مانگی رابردوودا زیاتر لە 101 ملیۆن بەرمیل نەوتیان فرۆشتووە، داهاتەكەشی زیاتر لە شەش ملیار دۆلار بووە.

وەزارەتی نەوتی عیراق لە راگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، بەپێی ئاماری كۆمپانیای سۆمۆ لە مانگی پێنجدا 101 ملیۆن و 630 هەزار و 925 بەرمیل نەوت هەناردە كراوە.

دەشڵێت، كۆی داهاتی مانگی رابردوو شەش ملیار و 361 ملیۆن و 636 هەزار دۆلار بووە، كە لە رێگەی سۆمۆوە فرۆشراوە.

لە راگەیەندراوەكەدا ئەوەش هاتووە، نەوتی خاوی فرۆشراو بۆ مانگی پێنج لە كێڵگە نەوتییەكانی ناوەڕاست و باشوری عیراق 100 ملیۆن و 365 هەزار و 335 بەرمیل بووە، هاوكات هەناردەی كێڵگەی گەیارە بڕی 955 هەزار و 684 بەرمیل بووە، بڕی هەناردەكراوی نەوتیش بۆ ئوردن گەیشتووەتە 309 هەزار و 906 بەرمیل .

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دوای راگەیاندنی ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و ئێران؛ نرخی هەریەک لە نەوت و زێڕ بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزین بە جۆرێک نرخی یەک بەرمیل نەوتی برێنت 5٪ی دابەزی.

دوای 12 رۆژ لە شەڕی بەردەوام لە نێوان ئیسرائیل و ئێران و گۆڕانکارییە جیۆسیاسییەکان، نرخی نەوت و زێڕ بەرز ببووەوە، بە جۆرێک نرخی یەک بەرمیل نەوتی برێنت گەیشتبووە 79 دۆلار، بەڵام ئێستا نرخەکەی بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە و یەک بەرمیل نەوتی خاوی برێنت بەرانبەرە بە 67 دۆلار و 91 سەنت.

هاوکات، یەک بەرمیل نەوتی خاوی ئەمریکیش بە 65 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت.

لەبارەی نرخی زێڕیش بەهەمان شێوە نرخەکەی دابەزینی بەخۆوە بینیوە و ئەمڕۆ سێشەممە، یەک ئۆنسە زێڕ بەرانبەرە بە سێ هەزار و 323 دۆلار.

هەروەها، نرخی یەک کیلۆگرام زێڕ بەرانبەرە بە 106 هەزار و 849 دۆلار، نرخی یەک گرامیش بە 106 دۆلار و 84 سەنتە. 

ئەوەش لە کاتێکدایە، لە رۆژی 16ی ئەم مانگەدا و دوای تێپەڕینی چوار رۆژ بەسەر شەڕەکەدا، نرخی زێڕ گەیشتە بەرزترین ئاستی دوو مانگی رابردووی و یەک ئۆنسە بە سێ هەزار و 413 دۆلارەوە مامەڵەی پێوە کرا.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دوای تێپەڕینی چوار رۆژ بەسەر شەڕی نێوان ئێران و ئیسرائیلدا، نرخی زێڕ گەیشتووەتە بەرزترین ئاستی دوو مانگی رابردووی خۆی و لە ئێستادا یەک ئۆنسە زێڕ بەرانبەرە بە سێ هەزار و 413 دۆلار.

ئەمڕۆ لەگەڵ کرانەوەی بازاڕە داراییەکان، یەک کیلۆگرام زێڕ بە 109 هەزار و 754 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت و یەک گرام زێڕیش بەرانبەرە بە 109 دۆلار و 75 سەنت.

بەهۆی ئەو گرژییە سیاسییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و شەڕی چوار رۆژەی نێوان ئێران و ئیسرائیلەوە، نرخی زێڕ گەیشتووەتە بەرزترین ئاستی دوو مانگی رابردوو، کە دوایین جار لە مانگی نیسانی ئەمساڵدا نرخی یەک ئۆنسە گەیشتە سێ هەزار و 428 دۆلار.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لە ورمێ لە رۆژهەڵاتى کوردستان، کۆنفرانسی نێودەوڵەتیی وەبەرهێنان بە بەشداریی ژوورى بازرگانى و پیشەسازیی سلێمانى، هەولێر، هەڵەبجە و ژمارەیەک لە وەبەرهێنەران و بازرگانانی شارەکانی هەرێمی کوردستان و بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئێران بەڕێوە چوو.

محەمەد رەسوڵ، جێگری سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی سلێمانی لە بارەی کۆنفرانسەکەوە بە کوردسات نیوزى رایگەیاند، ئامانج لەو کۆنفڕانسە هاندانی وەبەرهێنانی بیانی بوو بۆ  ناوچەکانی ئێران، لە بوارەکانی پیشەسازى، کشتوکاڵ و پیشەسازیی خۆراک چونکە ورمێ ناوچەیەکی بەپیتە لە بەرهەمی کشتوکاڵیدا.

ئەوەشى خستەڕوو، بەشدارییان لەو کۆنفڕانسە پەیوەندییە ئابوورییەکانى نێوان هەرێمی کوردستان و رۆژهەڵاتى کورستان و ئێران بەهێز دەکات، بەتایبەت لە دەستڕاگەیشتنی بازرگانانی کوردستانی عێراق بە بازاڕی ئێران و بەپێچەوانەوە.

هاوکات، رەزا رەحمانی، پارێزگاری ورمێ، لە کۆنفرانسەکەدا چەند دەرفەتێکى وەبەرهێنانى راگەیاند و ئاماژەى بەوە کرد، ئامانجیانە سەرمایەی بیانی بۆ ناوچەکەیان رابکێشن، یەکێک لەو پرۆژە سەرەکییەکانى راگەیەندران بریتییە لە دروستکردنی "ناوچەی ئازادی بازرگانی" لە ورمێ، کە بەشێوەیەکی تایبەت ئامانج لە فراوانکردنی بازرگانیی سنورەوانی و هاندانی وەبەرهێنانی نێودەوڵەتییە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وەزارەتی سامانە سروستییەکانی هەرێم رایگەیاندووە، حكومەتی فیدراڵ سوورە لەسەر چەسپاندنی کۆمەڵێک یاسای رژێمی پێشوو و دەشڵێت، بڕینی موچە دڕندانەترین پێشێلکارییە.

وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێم لە لاپەڕەی رەسمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بە حکومەتی عیراق دەڵێت: بە ئاشکرا و بەردەوام دەستور پێشێل دەکەن، چەندین ساڵ رێگربوون لە پەسەندکردنی یاسای فیدڕاڵی نەوت و گاز، کە بنەمای چارەسەری هەموو کێشەکانی نەوتە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، حكومەتی فیدراڵ سوورە لەسەر چەسپاندنی کۆمەڵێک یاسای رژێمی پێشوو کە یاسای بەعسی و ناوەندییەتیی بەسەرچووە، بەتایبەتی یاسای ساڵی 1976، کە بەشێوەیەکی ئاشكرا دژی بنەماکانی سیستمی فیدراڵی و ماددەکانی دەستوری بەركارە.

سامانە سروشتییەکانی هەرێم ئەوەشی خستووەتە روو، سەرباری ئەوە حکومەتی عیراق موچە و بژێویی هاوڵاتییانی هەرێمی كوردستانی بڕیوە، کە پێشێلکارییەکی ئاشکرای مافە سەرەتاییەکانی مرۆڤە و سیاسەتی برسیکردنی بەرنامە بۆداڕێژراوە بۆ جێبەجێکردنی جیاکارییەکان کە دژی دەستورن، ئەوەش لە دڕندانەترین پێشێلکارییەکانە.

ئەوەش لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ 12ی حوزەیرانە، بەڵام هێشتا موچەخۆرانی هەرێم موچەی مانگی ئایاریان وەرنەگرتووە و لە کۆتایی مانگی رابردووشدا موچەی مانگی نیسانیان وەرگرت.

لە ئێستاشدا بەهۆی ناکۆکییەکانی نێوان حکومەتی هەرێم و عیراق، حکومەتی عیراق داوای کردووە هەرێم هیچ وەفدێک نەنێرێت تایبەت بە پرسی موچەی موچەخۆران تائەوکاتەی بە تەواوی پابەندی بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی دەبن.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بەهۆی گرژیەیەکانی رۆژهەڵاتگی ناوەڕاست و لێدوانەکانی ئەمریکا و ئێران، ئێوارەی دوێنێ چوارشەممە، نرخی نەوت گەیشتە بەرزترین ئاستی دوو مانگی رابردووی و نرخی یەک بەرمیل نەوتی خاوی برێنت لە 70 دۆلار نزیک بووەوە.

دوێنێ ئێران هەڕەشەی ئەوەی کرد کە لە ئەگەری هەر هێرشێکدا بۆسەریان وەڵامی توندیان دەبێت و ئاماژەی بەوەشکرد، لە دۆخی پێویستدا هێزەکانی ئەمریکا ناچار بە کشانەوە دەکەن لە عیراقدا.

لەلایەکی دیکەوە ئەمریکا چەند دیبلۆماتکارێک و ئەفسەرێکی سەربازی خۆی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کشاندەوە و دەنگۆی ئەوەش هەبوو باڵیۆزخانەکانی خۆی لە ناوچەکە چۆڵ بکات.

هەموو ئەوانە بوونە هۆی ناجێگیری لە نرخی نەوت و بەهۆیەوە نرخی یەک بەرمیل نەوتی خاوی برێنت گەیشتە سەروو 70 دۆلار، بەڵام بەیانی ئەمڕۆ جارێکی دیکە نرخەکەی دابەزیەوە و لە ئێستادا بە 69 دۆلار و 34 سەنت مامەڵەی پێوە دەکرێت، هەروەها نرخی یەک بەرمیل نەوتی خاوی تەکساس بەرانبەرە بە 67 دۆلار و 79 سەنت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لەماوەی مانگی رابردوودا رێژەی مایەپوچبوونی کۆمپانیاکان لە سوید رووی لە زیادبوون کردووە، بەتایبەتیش لەدوای سەپاندنی باجە گومرگییەکان کە نادڵنیایی لای بازرگانان دروست کردووە و کاریگەریشی کردووەتە سەر خەرجی بەکاربەران.

ئاژانسی هەواڵیی بلومبێرگ بە پشتبەستن بە داتاکانی کۆمپانیای کریدیت سەیف ئای سێڤردیچی سویدی بۆ پێدانی قەرز، رایگەیاندووە، ئەو کۆمپانیایانەی لە ماوەی مانگی رابردوودا لە سوید مایەپوچبوونی خۆیان راگەیاندووە گەیشتووەتە نزیکەی 906 کۆمپانیا، لەکاتێکدا لە هەمان مانگی ساڵی رابردوودا ژمارەی کۆمپانیاکان بەرێژەی 3٪ زیادی کردبوو.

بەوەش ژمارەی ئەو کۆمپانیایانەی لە پێنج مانگی سەرەتای ئەمساڵدا لەو وڵاتە مایەپوچ بوون گەیشتووەتە چوار هەزار و 616 کۆمپانیا.

ئەگەرچی رێژەی مایەپوچبوونی کۆمپانیاکان تاوەکو ئەم ساتە بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو نزیکە لەیەکەوە، بەڵام ئەوەی ئەو جیاوازییەی دروست کردووە زۆری ژمارەی مایەپوچبوونەکانە تەنها لەماوەی مانگی ئایاردا.

لەوبارەیەوە هێنریک ڤاکۆپسن سەرۆکی جێبەجێکاری کۆمپانیای کریفیت سەیف باسی لەوەکردووە، هێشتا نەگەیشتوونەتە ئەو ئاستەی لەرووی ئابوورییەوە خۆشگوزەرانی بەدەست بهێنن، ئەوەش بەتایبەتی لە بازرگانییە بچوک و تاکە کەسییەکاندا دەردەکەوێت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سكرتێری ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم ئاشكرایكرد، بەپێی بڕیاری دادگای فیدراڵی دەبێت مامەڵەی هەموو فەرمانبەران و خانەنشینان و سوودمەندانی تۆڕی كۆمەڵایەتی، لە هەرێم بە هەمان شێوەی دامەزراوەكانی حكومەتی فیدراڵ مامەڵەیان لەگەڵ بكرێت.

ئامانج رەحیم سكرتێری ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم دەقی بڕگەی دووەمی لە بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی سەبارەت بە موچەی موچەخۆرانی هەرێم بڵاوكردووەتەوە، كە بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی دەبێت لەلایەن هەموو دەسەڵاتەكانەوە جێبەجێ بكرێت و نابێت هیچ یاسا و بڕیار و نووسراوێك پێچەوانەی ئەوە دەربچێت.

لە بڕیارەكەی دادگادا هاتووە، پتەوكردنی دادپەروەریی وا دەخوازێت یەكسانی بەرپا بكرێت لە نێوان ئەندامانی كۆمەڵگە لە سەرجەم ماف و ئەركەكاندا، ماددەی 14 لە دەستوری كۆماری عیراق ساڵی 2005 حوكمی داوە بە بەرجەستەكردنی یەكسانی لە نێوان عیراقییەكان بەبێ جیاوازی.

ئاماژەی بەوەشكردووە، بۆ جێبەجێكردنی دادپەروەریی لە نێوان هەموو هاووڵاتییان بە تایبەتیش ئەوەی پەیوەندیدارە بە مووچەی هەرێم بە جۆرێك دەبێت حكومەتی فیدراڵی و حكومەتی هەرێم توانای خۆیان بخەنەگەڕ بۆ جێبەجێكردن و لابردنی بەربەست و بیانووەكان كە ببێتە هۆی ڕێگریی لە خەرجكردنی موچە یان دواكەوتنی.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سەرچاوەیەک لە وەزارەتی داراییی حکومەتی فیدراڵی لە بەغداد بە کوردستان نیوزی راگەیاند کە دەستیان کردووە بە وردبینی لە لیستی موچەی مانگی پێنجی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان.

سەرچاوەکە ئاماژەی بەوە کرد کە پرۆسەی وردبینیەکە زۆر درێژخایەن نییە و هەوڵەکان بەردەوامن بۆ ئەوەی پێش جەژنی قوربان موچەی فەرمانبەران رەوانە بکرێت.

هەروەها ئەو سەرچاوەیە رایگەیاند کە لەدوای دابەشکردنی موچەی فەرمانبەرانی حکومەتی فیدراڵی، ئەگەر هیچ کۆسپ و رێگرێک نەیەتە پێش، موچەی فەرمانبەرانی هەرێم رەوانە دەکرێت.

ئەم هەواڵە لە کاتێکدا دێت کە فەرمانبەرانی هەرێم چاوەڕوانی وەرگرتنی موچەی مانگی پێنجن.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بەشی گەنجینەی فیدراڵی لە داهاتی نانەوتیی هەرێم خرایە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی فیدراڵ .

وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێم لە راگەیەندراوێکیدا دەڵێت، ئەمڕۆ بەشی گەنجینەی فیدراڵی لە داهاتی نانەوتی هەرێمی کوردستان بۆ مانگی نیسانی ساڵی کە بڕەکەی 50 ملیار و 522 ملیۆن و 750 هەزار دینارە، بەشێوەی کاش خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ لەلقی هەولێری بانکی ناوەندی عیراق.  

                                                                                 

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە
123...24