وەزارەتی سامانە سروستییەکانی هەرێم رایگەیاندووە، حكومەتی فیدراڵ سوورە لەسەر چەسپاندنی کۆمەڵێک یاسای رژێمی پێشوو و دەشڵێت، بڕینی موچە دڕندانەترین پێشێلکارییە.
وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێم لە لاپەڕەی رەسمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بە حکومەتی عیراق دەڵێت: بە ئاشکرا و بەردەوام دەستور پێشێل دەکەن، چەندین ساڵ رێگربوون لە پەسەندکردنی یاسای فیدڕاڵی نەوت و گاز، کە بنەمای چارەسەری هەموو کێشەکانی نەوتە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، حكومەتی فیدراڵ سوورە لەسەر چەسپاندنی کۆمەڵێک یاسای رژێمی پێشوو کە یاسای بەعسی و ناوەندییەتیی بەسەرچووە، بەتایبەتی یاسای ساڵی 1976، کە بەشێوەیەکی ئاشكرا دژی بنەماکانی سیستمی فیدراڵی و ماددەکانی دەستوری بەركارە.
سامانە سروشتییەکانی هەرێم ئەوەشی خستووەتە روو، سەرباری ئەوە حکومەتی عیراق موچە و بژێویی هاوڵاتییانی هەرێمی كوردستانی بڕیوە، کە پێشێلکارییەکی ئاشکرای مافە سەرەتاییەکانی مرۆڤە و سیاسەتی برسیکردنی بەرنامە بۆداڕێژراوە بۆ جێبەجێکردنی جیاکارییەکان کە دژی دەستورن، ئەوەش لە دڕندانەترین پێشێلکارییەکانە.
ئەوەش لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ 12ی حوزەیرانە، بەڵام هێشتا موچەخۆرانی هەرێم موچەی مانگی ئایاریان وەرنەگرتووە و لە کۆتایی مانگی رابردووشدا موچەی مانگی نیسانیان وەرگرت.
لە ئێستاشدا بەهۆی ناکۆکییەکانی نێوان حکومەتی هەرێم و عیراق، حکومەتی عیراق داوای کردووە هەرێم هیچ وەفدێک نەنێرێت تایبەت بە پرسی موچەی موچەخۆران تائەوکاتەی بە تەواوی پابەندی بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی دەبن.