گرفتی خۆڵ و خاشاک لە سۆران ھاووڵاتیانی ھەراسان کردووە
کوردسات نیوز
٢٤ی ئابی ٢٠٢١
حکومەتی ھەرێمیش بە تەرخانکردنی ٣٠ ملیار دینار لە ھەوڵدایە بۆ ساڵی داھاتوو لە ڕێگەی تەندەری ئاشکرا و کێبڕکێی کۆمپانیاکان ئەو گرفتە چارەسەر بکات.
کوردسات نیوز
٢٤ی ئابی ٢٠٢١
حکومەتی ھەرێمیش بە تەرخانکردنی ٣٠ ملیار دینار لە ھەوڵدایە بۆ ساڵی داھاتوو لە ڕێگەی تەندەری ئاشکرا و کێبڕکێی کۆمپانیاکان ئەو گرفتە چارەسەر بکات.
ئەگەر لە رابردوودا ئەوەت لە کەسێکەوە ببیستایە منداڵێک لە تەمەنی 30 ساڵیدا لەدایک دەبێت رەنگە بە توشبووی نەخۆشییە دەروونییەکان لێت بڕوانیانە، بەڵام ئێستا زانست ئەوەی تێپەڕاندووە و بۆ یەکەمجار لە مێژوودا منداڵێک لە تەمەنی 30 ساڵ و 9 مانگدا لەدایک بوو.
سادیوس دانیاڵ بێرس؛ ئەو منداڵە 30 ساڵ و 9 مانگەیە کە ناسناوی بەتەمەنترین منداڵی پێ بەخشراوە، بەڵام چۆن ئەوە روویدا؟
گۆڤاری MIT Technology Review راپۆرتێکی بڵاوکردووەتەوە و ئاماژەی بەوەکردووە، دانیاڵ رۆژی 26ی ئەم مانگە لەدایک و باوکێک لەدایکبووە کە لەرووی بایۆلۆجییەوە کەمتر لە پێنج ساڵیان لەنێواندایە.
سادیوس دانیاڵ پێرس، لە ساڵی 1994دا بە پیتێنراوی و لە قۆناغی کۆرپەلەییدا هەڵگیراوە، تاوەکو کۆتایی ساڵی رابردوو لە منداڵدانی لیندسی پێرسدا چێنراوە و رۆژی 26ی ئەم مانگە بە سەرکەوتوویی لەدایک بوو.
"سەخت بوو.. بەڵام ئێستا ئێمە باشین"
لیندسی دەڵێت: سەخت بوو، بەڵام ئێستا هەردووکمان باشین، زۆر خۆشحاڵم کە ئەم منداڵە بەنرخەمان هەیە.
تیم پێرس، باوکی ئێستای دانیاڵ دەڵێت: ئەم کۆرپەلەیەیان لە ژنێک بە ناوی لیندا ئارچێرد لە خۆگرت.
ئێستا لیندا کە دایکی بایۆلۆجی دانیاڵە تەمەنی 62 ساڵە و باس لەوە دەکات، ئەوە وەک خەون وابووە.
چیرۆکەکە چۆن دەستی پێ کرد؟
چیرۆکی ئەم لەدایکبوونە مێژووییە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی 90کان، کاتێک لیندا ئارچێرد بۆ شەش ساڵی لەسەریەک شکست دەهێنێت لە هەوڵەکانی دووگیانبوون، لەگەڵ هاوسەرەکەیدا ئەوکاتە بڕیاردەدەن کە منداڵ بە تەکنەلۆجیای IFV دروست بکەن.
تەکنەلۆجیای IFV، تەکنەلۆجیایەکە؛ کە لە تاقیگەدا "تۆ و هێلکە"ی دایک و باوک دەپیتێنرێت و دواتر لە منداڵدانی دایکدا دەچێنرێتەوە، ئەمەش هاوکارێکی باشی ئەو خێزانانەیە بەدەست گرفتی نەزۆکییەوە دەناڵێنن.
ئەو زانستە بۆ ئەو کاتە زۆر نوێ بوو، خەڵکانێکی کەم بڕوایان پێی هەبوو، لیندا دەڵێت: خەڵک بە سەرسامییەوە پێیان دەوتین ئەوە ئێوە چی دەکەن؟!
"خاوەنی کچێکی 30 ساڵان و کچەزایەکی 10 ساڵانن"
لە ساڵی 1994دا لیندا و هاوسەرەکەی بڕیار دەدەن بەوەی چوار هێلکە لە تاقیگەدا بپیتێنن و چوار کۆرپەلە دروست بکەن، کە یەکێکیان لە منداڵدانی لیندادا چێنرایەوە و ئێستا ئەوان خاوەنی کچێکی 30 ساڵان و کچەزایەکی 10 ساڵانن. سێ کۆرپەلەکەی دیکەش بە بەستوویی کۆگا کران و لە تاقیگەدا پارێزران.
"سێ خۆزگەکەی من"
لیندا لە درێژەی گێڕانەوەی چیرۆکەکەیدا باسی لەوەکرد: من هەمیشە منداڵێکی دیکەشم دەویست، دەمویست هەموو کۆرپەلەکانم خۆم بیانهێنمە دنیاوە، بەوانم دەوت سێ خۆزگەکەی من. بەڵام شتەکان گۆڕان و من لە هاوسەرەکەم جیابوومەوە، هەمیشەش هیوام دەخواست بتوانم ئەو کۆرپەلانەم بە هاوبەشی لەگەڵ هاوسەرێکی دیکە بهێنمە دنیاوە. ئەوەی جێگای خۆشحاڵیم بوو لە دادگا مافی سەرپەرشتیکردنی ئەوانم بەدەست هێنا، ئەگەر چی تێچووی هەڵگرتنیان لە تاقیگە زۆر بوو و ساڵ بە ساڵیش زیاد دەبوو، بەڵام خۆشحاڵ بووم، پێم وابوو ئەوە کارە راستەکەیە کە دەیکەم.
"چیتر نەمدەتوانی بیانهێنمە دنیاوە.. بەڵام نەشم دەویست لەدەستیان بدەم"
بەردەوام بوو و وتی: پێویستم بە ئامادەبوون بوو بۆ هێنانە دنیای ئەوان، بەڵام کەوتمە قۆناغی وەستانی سوڕی مانگانەم، چیتر نەمدەتوانی کۆرپەکانم بهێنمە دنیا، بەڵام نەشم دەویست لەدەستیان بدەم. ئەوان لە بۆماوەیی منن، خوشک و برای ئەو کچەمن کە هێناومەتە دنیا". بۆیە بڕیارمدا بەدوای دایک و باوکێکدا بگەڕێم ئەوانم بۆ بهێننە دونیاوە.
لیندا رێگاکەی درێژ بوو، ئەو کۆرپەلانەی ئەو لە تاقیگەدا پاراستبوونی بە سیستمی کۆن کۆگا کرابوون کە بە تەواوی کۆک نەبوو لەگەڵ سیستمی نوێدا، بۆیە دۆزینەوەی دوو هاوسەر بۆ ئەو ئاسان نەبوو، تا لە کۆتاییدا توانی لەرێگای پڕۆگرامێکەوە دوو هاوسەر بدۆزێتەوە کە ناویان نووسیبوو بۆ لەخۆگرتنی منداڵ، ئەوانیش لیندسی و تیم بوون.
"دانیاڵ هیوای بۆ دوو خێزان گەڕاندەوە"
لیندسی 34 ساڵ و تیمی 35 ساڵ، بۆ ماوەی حەوت ساڵی لەسەر یەک شکستیان هێنابوو لە بوون بە دایک و باوک، بەڵام دانیاڵ جگە لە گێڕانەوەی هیوا بۆ لیندا، هیوای بۆ دایک و باوکە نوێیەکەشی گێڕایەوە.
لە رووی بایۆلۆجییەوە تەمەنی دانیاڵ لەگەڵ دایک و باوکە نوێیەکەیدا جیاوازییەکەی تەنها 4 بۆ 5 ساڵە، بەڵام زانست ئەو خەونەشی بەدی هێناوە.
چی بەسەر دوو خۆزگەکەی دیکەی لیندا ئاڕچێڵدا هات؟
لیندا ئاڕچێرد بە کۆرپەلەکانی دەوت سێ خۆزگەکەم، ئەگەرچی بڕیاربوو هەرسێ کۆرپەلەکە لە هێلکەدانی لیندسیدا بچێنرێن، بەڵام دوای پرۆسەی خاوکردنەوەیان یەکێکیان لە گەشە وەستا، لە 14ی تشرینی دووەمی ساڵی رابردوودا دوو کۆرپەلەکەی دیکە لە هێلکەدانی لیندسیدا چێنران، تا لە کۆتاییدا یەکێکیان بە سەرکەوتوویی گەشەی کرد و ئێستاش ماوەی سێ رۆژە هاتووەتە دنیاوە و منداڵیکی تەندروستە.
وێنەی دایک و باوکە نوێیەکەی دانیاڵ لە رۆژی چاندنەوەی کۆرپەلەکە لە هێلکەدانی لیندسی پێرسدا
"کە بۆ یەکەمجار وێنەکەیم بینی سەرنجی یەک شتم دا"
لیندا دەڵێت: کاتێک بۆ یەکەمجار وێنەکەیم بینی سەرنجی یەک شتم دا، دانیاڵ زۆر لە خوشکەکەی دەچێت، ئەویش کە لەدایکبوو هەمان شێوەی هەبوو.
باسی لەوەشکردووە، بینینی دانیاڵ وەک ئەوە وایە خەونێکی بەدی هاتبێت.
لیندسی دایکە نویەکەی دانیاڵیش ئاماژەی بەوەکردووە: ئێمە نەماندەویست هیچ ریکۆردێکی جیهانی بشکێنین، تەنها دەمانویست ببین بە خاوەنی منداڵێک.
وێنەی لیندا ئاڕچێرد؛ دایکی بایۆلۆجی دانیاڵ
بۆ یەكەمجار ئەمریكا موشەكی بەرگری 'ساد'ـی بۆ بەرپەرچدانەوەی هێرشەكانی ئێران بەكارهێنا كە یەكێكە لە موشەكە پێشكەوتوو و گرانبەهاكانی سیستمی بەرگری ئەو وڵاتە.
كەناڵی سی ئێن ئێنی ئەمریكی لە زاری دوو سەرچاوەوە ئاشكرایكردووە، ئەمریكا لە كاتی شەڕی ئیسرائیل لەگەڵ ئێران لە مانگی حوزەیرانی ڕابردوودا نزیكەی چارەكێك لە موشەكی بەرگری ئاسمانی سادی تەواو كردووە.
سی ئێن ئێن باس لەوە دەكات، وەزارەتی بەرگری ئەمریكا بەنیازە ساڵی داهاتوو ڕێژەی بەرهەمهێنانی ئەم جۆرە موشەكانە زیاد بكات.
ڕۆژنامەی یەدیعۆت ئەحرۆنۆتی ئیسرائیلی بڵاویكردووەتەوە، تێچووی هەر موشەكێكی ساد دەگاتە 15 ملیۆن دۆلار.
ساد، سیستەمێكی بەرگری دژە موشەكییە كە توانای ڕێگریكردن لە موشەكی بالیستیكی مەودای كورت و مامناوەند و دووری لەناو بەرگە هەواو دەرەوەی بەرگە هەوای زەویدا هەیە.
واشنتۆن و ژمارەیەك لە هاوپەیمانەكانی وەك ئیمارات و ئیسرائیل ئەم سیستمە بەكاردەهێنن، لە بەرامبەریشدا، چین و ڕووسیا دژایەتی جێگیركردنی سیستمەكە دەكەن لە كۆریای باشوور.
لە 13ی حوزەیران، ئیسرائیل شەڕێكی لەناكاوی دژی ئێران دەستپێكرد كە 12 ڕۆژی خایاند، لە تۆڵەی هێرشكردنە سەر دامەزراوە ئەتۆمیەكانی ئێرانیش لەلایەن ئەمریكاوە، رۆژی 23ی حوزەیرانی رابردوو سوپای پاسداران هێرشێكی موشەكی كردە سەر بنكە ئاسمانیەكانی ئەمریكا لە قەتەر.
سی ئێن ئێن لە راپۆرتەكەیدا دەڵێت، ئەمریكا بە نزیكەی 150 مووشەكی ساد، وەڵامی موشەكە بالیستییەكانی ئێرانی داوەتەوە.
ئەمریكا خاوەنی حەوت سەكۆی بەرگری سادە كە دوانیان لە شەڕی ئیسرائیل و ئێران بەكارهاتوون و یەكەمجارە ئەمریكا بەكاریانهێنێت.
بەپێی سەرچاوەكان، شەڕی ئێران كەلێنێكی بەرچاوی لە كۆگای موشەكی ساد دروستكردووە، لەكاتێكدا پشتیوانی ئەمریكا بۆ ئیسرائیل لە بابەتی بەرگریدا لە ئاستێكی مێژوویی نزمدایە.
بەرپرسانی پێشووی وەزارەتی بەرگری ئەمریكا و شارەزایانی بەرگریی موشەكی دەڵێن، كەمكبونەوەی موشەكەكانی بەرگری لە ماوەیەكی كورتدا، پرسیار لەبارەی ئامادەیی ئەمریكا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەكانی داهاتوو و توانای دووبارە بنیاتنانەوەی كۆگاكانی لە ماوەیەكی پێوانەییدا دەوروژێنێت.
خەمڵاندنی بودجەی ساڵی 2026ی وەزارەتی بەرگری ئەمریكا ئاماژە بەوە دەكات كە ئەمریكا لە ساڵی ڕابردوودا تەنها 11 مووشەكی سادی بەرهەمهێناوە و پێشبینی دەكرێت ئەمساڵ 12 مووشەكی دیكە وەربگرێت.
هەر سەكۆیەكی سیستمی بەرگری ساد لەلایەن 95 كارمەندی ئەمریكییەوە بەڕێوەدەبرێت كە شەش مووشەكی هەڵگر و 48 موشەكی ڕێگریكەری تێدایە.
هەوکردنی ڤایرۆسیی جگەر، ئەو نەخۆشییەی بە بکوژە بێدەنگەکە دەناسرێت، دووەم هۆکاری گیانلەدەستدانە لە جیهاندا.
رۆژی 28ی تەمموزی هەموو ساڵێک بە رۆژی جیهانیی هەوکردنی ڤایرۆسیی جگەر دانراوە، وەک رۆژێک بۆ زیادکردنی هۆشیاری لەسەر نەخۆشییەکە، کە تیایدا لە سەرانسەری جیهانەوە هەڵمەتەکانی هۆشیاری و بڵاوکردنەوەی زانیاری و توێژینەوەی نوێ بەڕێوەدەچن.
هۆکاری دیاریکردنی رۆژەکە دەگەڕێتەوە بۆ رۆژی لەدایکبوونی د. باری بلومبێرگی زانای ئەمریکی، کە ئەو بوو لە ساڵی 1952دا هەوکردنی ڤایرۆسی جۆری B دۆزیەوە و دواتریش پێکوتەی بۆ دانا.
جگەر یەکێکە لە ئەندامە سەرەکییەکانی جەستە، کە کێشی بە گشتی لەنێوان 1.2 بۆ 1.6 کیلۆگرامدایە، لەش لە زۆرینەی ژەهرە مەترسیدارەکان رزگار دەکات و بەرپرسە لە دەردانی چەندین ئەنزیم، جگە لە کۆکردنەوەی شەکر و چەوری و پرۆتینەکان بۆ بەکارهێنانەوەیان لەکاتی پێویستدا.
چەند ڤایرۆسێک دەبنە هۆکاری هەوکردن لە جگەردا و پێنج جۆر لە هەوکردنی جگەر هەیە کە A, B, C, D, E و هەریەکەیان دەبێتە هۆکاری دەرکەوتنی چەند نیشانەیەک و شێوەی گواستنەوەی نەخۆشییەکە و توندییەکەیان جیاوازە، بەڵام ئەوەی کوشندەیە هەوکردنی جگەرە لە جۆریB و C، کە دەبنە هۆی نەخۆشیی درێژخایەن "سیرۆسیسی جگەر" و شێرپەنجە.
لە رێگای کوتانەوە دەتوانرێت رێگە لە هەندێک لە جۆری هەوکردنەکانی جگەر بگیرێت.
جۆرەکانی هەوکردنی ڤایرۆسیی جگەر:
جۆری A
لە رێگای ئاو و خواردنی پیس، هەروەها بەرکەوتن بە پیسایی و پاشەڕۆی کەسی توشبوو دەگوازرێتەوە، توشبوون بەم جۆرەی هەوکردنی جگەر کاتییە و بە وەرگرتنی چارەسەری پێویست نەخۆشەکە چاک دەبێتەوە، لە منداڵاندا زیاتر باوە.
جۆری B
جۆرێکی مەترسیدارە و هەندێک جار نیشانەکانی بەشێوەی کتوپڕ دەردەکەون، بە بەرکەوتن بە شلەی جەستەی کەسی توشبوو دەگوازرێتەوە وەک "خوێن، لیک، دەردراوەکانی جەستە".
ئەم جۆرەی هەوکردن پێکوتەی تایبەت بە خۆی هەیە و لەرێگەی پێکوتەکەوە رێگری لە توشبوونی دەکرێت.
جۆری C
بەهەمان شێوە جۆرێکی مەترسیداری هەوکردنی جگەرە، بە دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکە دەکرێت چارەسەر بکرێت ئەگەر نیشانەکانیشی قورس بن، بەڵام لە ئەگەری بەردەوام پشتگوێخستن و وەرنەگرتنی چارەسەردا دەکرێت ببێتە هۆی توشبوون بە شێرپەنجە.
بەهەمان شێوە بە بەرکەوتن بە شلەی جەستەی کەسی توشبوو ڤایرۆسەکە دەگوازرێتەوە و لە نیشانە دیارەکانی "زەردویی، تا، شەکەتی و رشانەوە و ئازاری ناوسک، نەمانی ئارەزووی خواردن و گۆڕانی رەنگی میز".
جۆری D
بەبێ توشبوون بە هەوکردنی جگەر لە جۆری "بی" کەسەکە توشی نابێت، ئاستی مەترسییەکەشی لە هەمان ئاستی جۆری "بی"دایە و بە هەمان رێگاکانی ئەویش دەگوازرێتەوە.
جۆری E
لە رێگای ئاو و خۆراکی پیسەوە دەگوازرێتەوە و بە گشتی لەو وڵاتە کەمدەرامەتەکاندا باوە، هاوشێوەی هەوکردنی جگەرە لە جۆری "ئەی".
دەستنیشانکردن و چارەسەرکردنی نەخۆشییەکە
دیاریکردنی نەخۆشییەکە لە رێگەی پشکنینی خوێنەوە دەبێت، بەڵام هۆشیاری بەرانبەر نیشانەکان هاوکاری سەرەکییە لە دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکە.
لەدوای ئەوەشی پزیشکی پسپۆڕ بە تەواوی نەخۆشییەکە و جۆرەکەی دەستنیشانکرد، پزیشک دیاری دەکات چ چارەسەرێک بدات بە نەخۆشەکان.
خۆپاراستن
باشترین رێگەکانی خۆپارێزی لە نەخۆشییەکە، وەرگرتنی پێکوتەیە لەکاتی خۆیدا.
هەروەها پاکوخاوێنی جەستە و خۆراک و ئاو، دەبێت دڵنیابیتەوە لەوەی چ خۆراکێک و لەکوێ دەیخۆیت، هەروەها دڵنیابیتەوە لە پاکی ئەو سەرچاوەی ئاوەی بەکاریدەهێنیت بۆ خواردنەوە.
پێویستە بەر لە بەکارهێنانیان سەوزە و میوە بە جوانی بشۆردرێنەوە.
هەروەها پێویستە هەرگیز دەرزی و سرنج،فڵچەی ددان و گوێزانی کەسانی دیکە بۆ هیچ مەبەستێک بەکارنەهێنرێت.