بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، رایگەیاند، وڵاتەکەی دەستی کردووە بە هەنگاونان بەرەو بەدیهێنانی ئاشتییەکی مێژویی لەگەڵ لوبنان، بەڵام حزبوڵا هەوڵی تێکدانی ئەو پرۆسەیە دەدات.
نەتانیاهۆ ئاماژەی بەوەکردوە، وڵاتەکەی مافی تەواوی هەیە بۆ جوڵە و بەرپەرچدانەوەی هەر هەڕەشەیەک، وەک چۆن لە دوێنێ و ئەمڕۆدا هێرشیان ئەنجامداوە و جەختیکردوەتەوە پابەندن بە گەڕاندنەوەی ئاسایش بۆ دانیشتوانی باکوری وڵاتەکەیان.
لەسەر پرسی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل جارێکتر بەڵاینی دا نەخشەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەگۆڕن و دوپاتی کردوە "ئەمە رێک ئەو کارەی کە دەیکەن لە ئێستادا".
سەبارەت بە هەماهەنگییە نێودەوڵەتییەکانیش، ناتانیاهۆ وتی، لەسەر پرسی ئێران و لوبنان لەگەڵ ئیدارەی ئەمریکا لە هەماهەنگی تەواودان و ئاشکراشی کرد پەیوەندییەکی تەلەفۆنی سەرکەوتوی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا ئەنجامداوە و باسی لەوە کرد کە ترەمپ فشارە سەربازی و ئابوورییەکانی بۆ سەر ئێران زیاتر کردووە.
وەزیری جەنگی ئەمریکا لەکۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، وڵاتەکەی رێگری تەواو دەکات لەوەی ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی، ئاماژەی بەوە کرد کە گەمارۆ دەریاییەکان بۆ سەر ئێران رەهەندێکی جیهانی وەرگرتووە و تا ئێستا 34 کەشتییان لە گەروی هورمز گەڕاندووەتەوە.
پیت هێگسێس، وەزیری جەنگی ئەمریکا ئاماژەی بەوەکرد، هێزی دەریایی ئێرانیان بە تەواوەتی تێکشکاندوە و جەختیشیکردەوە بەردەوام دەبن لە دەستبەسەرداگرتنی کەشتییە نەوتییەکانی ئێران و توندکردنی گەمارۆکان تا ئەو ئاستەی "هیچ شتێک نەچێتە ناو ئێران و لێی نەیەتە دەرەوە."
وەزیری بەرگری ئەمریکا هۆشداریشیدا، کە کات لە بەرژەوەندی ئێراندا نییە، هێشتا دەرفەتێکی مێژویی لەبەردەم تاراندایە بۆ ئیمزاکردنی رێککەوتنێکی باش و لە ئێستادا تۆپەکە لە یاریگای ئەواندایە.
وەزیری جەنگی ئەمریکا رەخنەی لە ئەورقپاش گرت، کە سەردەمی پاراستنی بێبەرانبەر لەلایەن ئەمریکاوە کۆتایی هاتووە و دەبێت ئەو وڵاتانە خۆیان بەرپرسیارێتی پاراستنی گەروی هورمز بگرنە ئەستۆ، چونکە ئەوان زیاتر لە ئەمریکا پێویستییان پێیەتی.
لە کۆتایی قسەکانیشیدا، پیت هێگسێس هۆشداری دا، کە هێزەکانیان لەوپەڕی ئامادەباشیدان و دەستیان لەسەر پەلەپیتکەی چەکەکانیانە بۆ هەر ئەگەرێکی تر.
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، لە میانی بەشدارییکردنی لە کۆڕبەندی نێودەوڵەتیی ئابوریی دێڵفی رایگەیاند، هەرێمی کوردستان نایەوێت ببێتە بەشێک لە جەنگی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل بەرانبەر بە ئێران.
ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم جەنگە لە روی ئابوری، ئەمنی و دەروونییەوە کاریگەریی نەرێنی لەسەر هەرێم هەبووە، بۆیە هەموو هەوڵێکیان بۆ پاراستنی سەقامگیریی کوردستانە و دەیانەوێت وەک پردێک بن بۆ کۆتاییهێنان بەو جەنگە.
قوباد تاڵەبانی جەختی لە پێشوازیی هەرێم لە رێککەوتنی ئاگربەست کردەوە و هیوای خواست ئاگربەستەکە بەردەوام بێت و وەک هەرێمی کوردستان هەموو هەوڵێک دەدەن.
لە بەشێکی تری قسەکانیدا وتی؛ لە روی ستراتیجیشەوە، کورد لە رابردوودا وەک کێشە سەیری کورد کراوە و ئەمڕۆ کورد ئەو قۆناغەی تێپەڕاندوە و لە ئێستادا وەک پردێکن، کە پشتیوانی پرۆسەی ئاشتی لە نێوان تورکیا و پەکەکەدا دەکەن، لە تورکیا و لە سوریا هەوڵدەدەن مافەکانی کورد پارێزراوبێت و لە رۆژهەڵاتیش تەواوی هەوڵیان بۆ ئەوەیە کوردان زیانیان پێنەگات.
لە روی گەشەپێدانی ناوخۆیی هەرێمی کوردستانیشەوە، قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوە کرد، حکومەتی هەرێم پلان و نییەتی هەیە گەشەپێدان لە شارە گەورەکانەوە، کە لە ئێستادا لە ئاستێکی باشدایە بگوازێتەوە بۆ گوند و ناوچە دوورەدەستەکان، چونکە ئەو شوێنانە سەرچاوەی سەرەکیی کەرتی کشتوکاڵ و ئاژەڵدارین.
قوباد تاڵەبانی جەختیکردەوە، ئەوان بۆ ئایندە دەڕوانن و دەیانەوێت دوربکەونەوە لە پشت بەستن بە نەوت و هەوڵدەدەن بەکاربهێنین بۆ نێوکردنەوەی کەرتەکانی تر؛ وەک کشتوکاڵ و گەشتیاری و پیشەسازی.
ناوبراو باسی لەوەش کرد، ئامانجیانە وەک هەرێمی کوردستان سود لە وڵاتانی تر وەرگرن و ببنە هەناردەکار، بەو پێیەی هەرێم خاوەنی بەرهەمی کوالێتی بەرزی کشتوکاڵی و میوەیە وەک هەنار، هەنگوین و گوێز، کە دەکرێت لە بازاڕە نێودەوڵەتییەکاندا جێگەی خۆیان بکەنەوە و کێبڕکێی وڵاتان بکەن.