حکومەتی ھەرێمی کورستان دەڵێت، ھێشتا پێدانی تابلۆی نوێێ ئۆتۆمبێل بە ھاوڵاتییان لەلایەن حکومەتی فیدراڵی دەستیپێنەکردووە و بە ھۆی ئامادەکاری خێرای وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، لە ئێستادا پرۆسەکە تەنیا لە ھەرێمی کوردستان دەستی پێکردووە.

حکومەتی ھەرێمی کورستان راشیگەیاند، " ئەو کەسانەی پەلەیانە تابلۆی نوێ وەربگرن و نایانەوێت چاوەڕێ بکەن تا ساڵیانەی ئۆتۆمبێلیان بەسەر دەچێت، دەبێت دوو بەرامبەر کە دەکاتە (١٢٠ھەزار دینار) بۆ جووتێک تابلۆ بدەن و رسوماتی دیکەی بورغو و پێشکەشکردنی پرۆسەکە کە (١٥ ھەزارە) بدەن. بۆیە لە ڕاستیدا بۆ ئەوانەی بە نۆرەی خۆیان تابلۆ وەردەگرن نرخی کۆی پرۆسەکە (٧٥ ھەزار دینارە)."

دەقی روونکردنەوەکەی فەرمانگەی میدیا و زانیاری:

ھەولێر، ھەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ئەو دەنگۆیانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو دەکرێنەوە لەبارەی نرخی تابلۆی نوێی ئۆتۆمبێل گوایە لە حکومەتی فیدراڵ بە ٥٠ ھەزارە و لە حکومەتی ھەرێمی کوردستانیش بە ١٢٠ ھەزار دینار دەدرێتە ھاووڵاتیان، دوای تاوتوێکردنی ئەم پرسە لە گەڵ وەزارەتی ناوخۆ، ڕاستی بابەتەکە بەم شێوەیەیە:


یەکەم: بە ڕێکەوتنی ھاوبەشی نێوان ھەولێر و بەغدا، بڕیاردراوە تابلۆی ئۆتۆمبێل بە ستانداردێکی نوێ و یەکگرتوو لەسەر ئاستی ھەموو عێراق دروست بکرێتەوە. بەشێکی ئەم پرۆسەیە لابردنی ناوی شارەکانە و لە بری شارەکان کۆد بۆ ھەر شارێک داندراوە و دەستەواژەی (KR) کە کورتکراوەی (Kurdistan Region- ھەرێمی کوردستان)ە بۆ یەکەم جار دەخرێتە سەر تابلۆی ئۆتۆمبێلی شارەکانی ھەرێمی کوردستان، کە ئەمە خۆی دەستکەوتێکی گرنگە و ھاوتەریبە لە گەڵ پێگەی دەستووری ھەرێمی کوردستان. لە پاڵ ئەمەشدا چەند جۆرێک کۆدی ئاسایشی و پارێزگاری لە ساختەکردن خراوەتە ناو ئەو تابلۆیە و لە کۆمپانیایەکی ناوداری ئەڵمانییەوە دیزاین و چاپ دەکرێت. بە ھۆی ئامادەکاری خێرای وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، لە ئێستادا پرۆسەکە تەنیا لە ھەرێمی کوردستان دەستی پێکردووە و دیار نیە بەغدا پێویستی بە چەند کاتی دیکە ھەیە بۆ ئەوەی ئامادەکارییەکانی جێبەجێکردنی ئەو سیستمە تەواو بکات. واتا پێویستە ھاووڵاتیان بزانن کە لە بنەڕەتدا لە بەغدا جارێ ئەو تابلۆیە و ئەو سیستمە نەخراوەتە کار تا بەراوردی نرخ بکرێت.


دووەم: لەبارەی نرخی تابلۆکان، وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی ھەرێمی کوردستان ئەو بابەتەی ڕێکخستووە بە ڕێنمایی ژمارە ٢ی ساڵی ٢٠٢٢ کە بە (ڕێنمایی دیاریکردنی شێواز و قەبارە و رەنگ و ناوەڕۆکی تابلۆی ئۆتۆمبێل لە ھەرێمی کوردستان) ناسراوە و لە ژمارە ٨٢ی رۆژنامەی فەرمی وەقائیعی کوردستان لە ٢٨ی نیسانی ٢٠٢٢ بڵاوکراوەتەوە. بە گوێرەی ئەحکامە داراییەکانی ئەو رێنماییە کە لە ماددەی ١١ ڕوونکراوەتەوە، نرخی جوتێک تابلۆ بۆ ئۆتۆمبێل تەنھا (٦٠ ھەزار دینارە) و لە پاڵیدا رسوماتی دیکەی وەکو (٥ ھەزار دینار بۆ لێدانی برغو و سیکیوریتی تابلۆکان ) و ( ١٠ ھەزار دیناریش رسوماتی پرۆسەکەیە) وەردەگیرێت. واتا کۆی گشتی کڕین و لێدانی دوو تابلۆی نوێی ئۆتۆمبێل (تەنیا ٧٥ حەفتا و پێنج ھەزار دینارە).


لەبارەی بڕی ١٢٠ ھەزار دینار، کە بە چەواشەکاری باس کراوە و بەراوردکاری پێ کراوە، ئەمەشیان لە خاڵی پێنجەم لە ماددەی ١١ ی ڕێنمایی سەرەوە ڕوونکراوەتەوە. ئەو کەسانەی پەلەیانە تابلۆی نوێ وەربگرن و نایانەوێت چاوەڕێ بکەن تا ساڵیانەی ئۆتۆمبێلیان بەسەر دەچێت، دەبێت دوو بەرامبەر کە دەکاتە (١٢٠ھەزار دینار) بۆ جووتێک تابلۆ بدەن و رسوماتی دیکەی بورغو و پێشکەشکردنی پرۆسەکە کە (١٥ ھەزارە) بدەن. بۆیە لە ڕاستیدا بۆ ئەوانەی بە نۆرەی خۆیان تابلۆ وەردەگرن نرخی کۆی پرۆسەکە (٧٥ ھەزار دینارە).


سێیەم: ئایا لە بەغدا ٥٠ ھەزار بۆ تابلۆ وەردەگیرێت؟ بۆ زانیاری ھاووڵاتیانی خۆشەویست، حکومەتی فیدراڵ جارێ دەستی بە پرۆسەی جێبەجێکردنی تابلۆی نوێی ئۆتۆمبێل نەکردووە تا بڕی پارەکە دیار بێت. ئەوەی ئێستا ھەیە سیستەمی کۆنە و نرخی تابلۆی کۆن ٥٠ ھەزارە و جاران لێرەش ھەمان نرخ بوو. ئەوەش پێویستە بگوترێت کە لە ئێستادا حکومەتی فیدراڵ پلێتی تابلۆی کۆنیشی نەماوە و ئەو بڕە ٥٠ ھەزار دینارە لە بەرامبەر کاغەزێکی ئەی فۆڕە کە ژمارەکەی لەسەر دەنووسرێت و شوفێر ناچارە لە جامی پشتەوەی ئۆتۆمبێلەکەی بدات.


ئەو جۆرە بەراوردکارییەی لە میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو دەکرێتەوە، بێ ئەوەی زانیاری پێویست و ڕاست و دروست بخەنە ڕوو، کاری ئەوان بووەتە رەخنەی ڕووخێنەر و ئەو کارەیان کردۆتە پیشەی خۆیان و ھەمیشە لە بۆسەدان بۆ ئەوەی زانیاری ناراست و چەواشەکار دەرخواردی خەڵکی ئازیزی کوردستان بدەن.


قەرەباڵغی بەڕێوەبەرایەتییەکانی ھاتوچۆی شارەکان بە دوو دەوامەوە (بەیانیان و ئێواران) نیشانەی دڵخۆشی و پێشوازی خەڵکی کوردستانە لەو پرۆسەیە.


فەرمانگەی میدیا و زانیاری
٣ی حوزەیرانی ٢٠٢٢