سەرۆک کۆمار و سەرۆک وەزیرانی عیراق کۆبوونەوە و پرسی موچەی موچەخۆرانی هەرێمیان تاوتوێ کرد
هەساو ئەمیر
٧ی تەمووزی ٢٠٢٥
سەرۆک کۆمار و سەرۆک وەزیرانی عیراق
د.لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق و محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیران کۆبوونەوە و باسیان لە پرسی موچەی موچەخۆرانی هەرێم و دوایین دۆخی ناوچەکە و هەڵبژاردنی داهاتووی عیراق کرد.
ئەمڕۆ دووشەممە، د.لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق و محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیران کۆبوونەوە و لە کۆبوونەوەکەدا باسیان پرسی دابینکردنی موچەی موچەخۆرانی هەرێم و کارکردن بۆ چارەسەری کێشە هاوبەشەکان کرد بە پشتبەستن بە دەستور و یاسا کارپێکراوەکان.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا باس لە ئامادەکارییەکان بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عیراق کرا بۆ ئەنجامدانی لەکاتی دیاریکراوی خۆیدا، بۆئەوەی کە ئەنجامەکانی رەنگدانەوەی خواستی راستەقینەی عیراقییەکان بێت.
سەرۆک کۆمار و سەرۆک وەزیران لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆیان لەبارەی دۆخی ناوچەکە و پەرەسەندنەکان لەسەر ئاستی هەرێمی کرد، هەروەها ئەو ئاڵنگارییانەشی کە لە داهاتوودا ئەگەری هەیە رووبەڕووی ناوچەکە ببنەوە.