نرخی نەوتی خاوی برێنت بە 66 دۆلار مامەڵەی پێوە دەكرێت
یەحیا
٥ی نیسانی ٢٠٢٥
نرخی نەوتی عیراق بەردەوامە لە دابەزین و خراپترین ئاستی هەفتانەی لە بازاڕی جیهانیدا تۆماركرد.
بەهۆی بڕیارەكەی ئۆپێك پڵەس و ئەو باجە نوێیانەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا بەسەر وڵاتاندا سەپاندی، نرخی نەوتی خاوی بەسرە بۆ خوار 67 دۆلار دابەزی، نرخی نەوتی خاوی برێنتیش بە 66 دۆلار و 11 سەنت بۆ هەر بەرمیلێك مامەڵەی پێوە كرا، نرخی نەوتی خاوی رۆژئاوای تەكساسیش بۆ هەر بەرمیلێك بە 62 دۆلار و 17 سەنت تۆمار كرا.
ئەوەش لە كاتێكدایە نرخی نەوت لە ماوەی 3 رۆژی رابردوودا بەرێژەی 11% دابەزیووە و هەشت دۆلاری بۆ هەر بەرمیلێك لەدەستداوە.
نرخی نەوت لە پرۆژە یاسای بودجەی 2025ی عیراقیشدا بە 70 دۆلار دیاریكراوە، شارەزایانیش پێیانوایە ئەگەر نرخی نەوت بەو شێوەیە بەردەوام بێت لە دابەزین و نەگەڕێتەوە بۆ سەرو 70 دۆلار، دەبێت پێداچوونەوە بە نرخ و بڕی بەرهەمهێنانی نەوت و خشتەی خەرجی و داهاتەكان بە ئاراستەی كەمكردنەوە بكرێت.