دوو دووگەری بچوکی ئێران، یەکێکیان شاریانی هەناردەی نەوتە و ئەوی دیکەیان سەنگەری رووبەڕووبوونەوەی سەربازی، تێکچوونی ئاسایشی هەر یەکێکیان، بەسە بۆ ئەوەی بازاڕەکانی جیهان و نرخی نەوت توشی شۆک بکات.

لە کۆگاکانی نەوت لە دورگەی خارگەوە تا رێڕەوە دەریاییە بەرتەسکەکانی نزیک لارک، هەردوو دوورگەکە لەسەر نەخشە بچووک دەبینرێن، بەڵام کێش و گرنگییان زۆر لە رووبەرە جوگرافییەکەیان گەورەترە، یەکێکیان شاریانی سەرەکیی هەناردەکردنی نەوتی ئێرانە، لە کاتێکدا ئەوی دیکەیان بووەتە بنکەیەکی سەربازیی هەستیار کە راستەوخۆ دەڕوانێتە سەر یەکێک لە گرنگترین رێڕەوە دەریاییەکانی جیهان.

دوورگەی خارک، دڵی نەوتی ئێران

لە کەنداو، لەو شوێنەی رێگاکانی وزە و بازرگانی لەگەڵ هاوکێشە سەربازییەکاندا بەیەک دەگەن، دوورگەی خارگ وەک دڵی نەوتیی ئێران دەردەکەوێت، دوورگەکە بەرانبەر کەناراوەکانی ئێران هەڵکەوتووە و یەکێک لە گرنگترین و گەورەترین دامەزراوەکانی هەناردەکردنی نەوتی خاوی وڵاتەکەی تێدایە، بەپێی ئیدارەی زانیاریی وزەی ئەمریکا، وێستگەی خارگ گەورەترین وێستگەی هەناردەکردنی نەوتی خاوە لە ئێران و بۆ وەرگرتنی بڕێکی زۆر لە نەوت و لەخۆگرتنی نەوتهەڵگەرە زەبەلاحەکان دروستکراوە.

گرنگیی خارگ لە پێگە دەریاییەکەی و بەستراوەیی بە تۆڕێکی فراوانی هێڵەکانی بۆڕی و دامەزراوە نەوتییەکانەوە سەرچاوە دەگرێت، سەرچاوە نوێیەکان مەزەندە دەکەن کە نزیکەی %90ـی هەناردەی نەوتی خاوی ئێران لەم دوورگەیەوە تێپەڕ دەبێت، ئەمەش وا دەکات هەر شڵەژانێک لە دامەزراوەکانیدا نەخوازراو کاریگەری لەسەر ئابوریی ئێران و بازاڕەکانی وزەی جیهانیش دروست بکات.

گرنگیی خارگ تەنها لە کەرتی ئابوریدا کورت نابێتەوە، ئەو دوورگەیەی کە بۆ چەندین سەدە وەک وێستگەیەکی دەریایی و بازرگانی سەیر دەکرا، لە سەدەی بیستەمدا بووە ناوەندێکی بنەڕەتیی نەوتی لە ئێران، بە بڵاوبوونەوە و فراوانبوونی بەرهەمهێنانی نەوت، نەوتهەڵگرە زەبەلاحەکان لە بەندەرەکانیدا لەنگەریان دەگرت بۆ بارکردنی نەوت بەرەو بازاڕەکانی جیهان، ئەمەش بەهایەکی ستراتیژیی ناوازەی بە دوورگەکە بەخشی.

لارک.. ئەو چاوەی دەڕوانێتە سەر گەروی هورمز

لە دیمەنێکی دیکەی دوور لە نەوت، دوورگەی لارک وەک توخمێکی گرنگ لە هاوکێشەی سەربازی و دەریاییدا دەردەکەوێت، دوورگەکە لە ئاوەکانی گەروی هورمزدا دەکەوێتە نزیک رێڕەوە کەشتیوانییەکان، کە یەکێکە لە گرنگترین رێڕەوەکانی وزە لە جیهاندا.

شیکارییە ستراتیژییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە لارک، جیا لە دوورگەکانی قشم و هورمز، کۆمەڵە دوورگەیەک پێکدەهێنن کە ئامادەییی و گرنگییەکی تایبەتیان لە دەروازەی گەروەکەدا هەیە، پێگە نزیکەکەی لە هێڵەکانی کەشتیوانی، مۆڵەتی چاودێریکردنی جوڵەی کەشتییەکانی پێدەبەخشێت، هەروەها دامەزراوەی سەربازیی سەر بە سوپای پاسدارانیشی تێدایە.

گرنگیی لارک زیاتر دەبێت کاتێک دەخرێتە چوارچێوەی سروشتی خودی گەروی هورمزەوە، گەرووەکە کەنداو بە کەنداوی عومان و دەریای عەرەبەوە دەبەستێتەوە، و بڕێکی زۆر لە نەوت و گازیشی پێدا تێپەڕدەبێت، بەپێی ئیدارەی زانیاریی وزەی ئەمریکا، تێکڕای رێژەی رۆشتنی نەوت و مادە خاوەکان لە رێگەی گەروەکەوە لە نیوەی یەکەمی ساڵی 2025دا گەیشتووەتە 20.9 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا، کە ئەمەش بەرانبەر بە %20ـی جیهانیی مادە نەوتییەکانە.

بۆچی لارک تا ئەم رادەیە هەستیارە؟

وەڵامەکە لە جوگرافیادا شاراوەیە، ئەو کەشتییانەی لە گەروەکەوە تێپەڕدەبن لە ناو رێڕەوی دەریایی سنورداردا دەجووڵێنەوە، ئەمەش وا دەکات ئەو دوورگانەی لەم رێڕەوانەوە نزیکن ببنیە خاڵی گرنگ بۆ روانگە، چاودێری و کاریگەرییدانان لەسەر جووڵەی کەشتیوانی.

لە پێشهاتێکی زۆر بەرچاو کە لە 30ـی ئابی 2026دا رویدا، سەرچاوە ئەمریکییەکان رایانگەیاند، هێزەکانی ئەمریکا هێرشیان کردووەتە سەر دوو سەکۆی هەڵدانی موشەکی ئێرانی لە نزیک دوورگەی لارک، دوای ئەوەی واشنتۆن، ئآکرایکرد، هێزەکانی ئێران ئامادەکارییان دەکرد بۆ بەکارهێنانی موشەک و مینی دەریایی.

ئاژانسی رۆیتەرز پشتڕاستی کردەوە، هێرشەکە دوو شوێنی هەڵدانی موشەکی لە دوورگەکەدا کردووەتە ئامانج، ئەمەش وەک ئاڵۆزبوونی نوێ لە دەوری ئاسایشی دەریادەوانی لە گەروی هورمزدا.

دەکرێت گرنگیی هەردوو دوورگەکە لە هاوکێشەیەکی روندا کورت بکرێتەوە، خارگ دەروازەی نەوتی ئێرانە بۆ جیهان، لە کاتێکدا لارک یەکێکە لە خاڵە جێگیر و سەربازییەکانی ئێران لە نزیک دەروازەی دەریایی کەنداو.

خارگ لە بنەڕەتدا بە ژێرخانی نەوتی و هەناردەکردنەوە بەستراوەتەوە، لە کاتێکدا لارک بە چاودێری، بەرگری و بوونی سەربازی لە نزیک هێڵەکانی کەشتیوانییەوە بەستراوەتەوە، بەڵام پێگەی هەردوو دوورگەکە لە ناو سیستمی جوگرافیی کەنداو، دەیانکاتە بەشێک لە یەک هاوکێشە: وزە لە لایەک، و ئاسایشی رێگاکانی وزە لە لایەکی دیکەوە.

هەستیاریی ئەم هاوکێشەیە دوو بەرانبەر دەبێتەوە چونکە هەر شڵەژانێک لە گەرووی هورمزدا روبدات لە ناوچەکەدا سنوردار نابێت و کاریگەری زۆر دەبێت، ئیدارەی زانیاریی وزەی ئەمریکا جەختی کردووەتەوە، گەرووەکە یەکێکە لە گرنگترین رێڕەوە بەرتەسکە دەریاییەکانی نەوت لە جیهاندا، و ئەو جێگرانەی لەبەردەستدان بۆ تێپەڕاندنی گەروەکە ناتوانن تەواوی ئەو بڕانە لەخۆبگرن کە پێیدا تێپەڕ دەبن.

لە دوو دوورگەوە بۆ کارتی فشاری نێودەوڵەتی

لەبەر ئەم هۆکارە، خارگ و لارک لە دوو دوورگەی ئاسایی ئێرانییەوە لە کەنداو بوونەتە دوو کارتی ستراتیژی لە ململانێیەکی گەورەتردا لەسەر ئاسایشی وزە و کەشتیوانی.

ئەوەی توانای پاراستنی دامەزراوەکانی خارگی هەبێت، بەشێکی گرنگی کلیلی بەردەوامیی هەناردەی نەوتی ئێرانی لەدەستدایە، و ئەوەشی کۆنتڕۆڵی ناوچەکانی نزیک لە لارک و رێڕەوەکانی هورمز ببات، توانایەکی گەورەتری دەبێت بۆ چاودێریکردنی یەکێک لە گرنگترین شاریانەکانی بازرگانیی دەریایی لە جیهاندا.

لە سایەی گرژییەکانی ئێستادا، گرنگیی هەردوو دوورگەکە تەنها وەک پرسێکی ناوخۆیی ئێران نەماوەتەوە، بەڵکو راستەوخۆ بە نرخەکانی نەوت، جوڵەی نەوتهەڵگرەکان و ئاسایشی بازرگانیی جیهانییەوە بەستراوەتەوە، ئاڵۆزییەکانی دوایی دەوروبەری لارک و گەروی هورمز راستەوخۆ رەنگدانەوەی لەسەر بازاڕەکان هەبووە، بەوپێیەی نرخەکانی نەوت بەهۆی نوێبوونەوەی مەترسییەکان لەسەر جوڵەی کەشتیگەلەکان لە گەروەکەدا بەرزبوونەوە.