دوابەدوای جەنگی ئەمریکا و ئێران، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا، بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکراو، سەحنی جەنگە ئابورییەکانی رووکردە کەنەدا و دەستیکرد بە سەپاندنی رێژەیەکی زۆری باجی گومرگی بەسەر کاڵا هاوردەکراوەکانی ئەو وڵاتەدا.

لە بەرانبەریشدا، لایەنی کەنەدی و بەتایبەتیش مارک کارنی، سەرۆک وەزیرانی کەنەدا، رەتیانکردەوە بچنەژێر هەژموونی داواکارییەکانی ترەمپ و راشیگەیاند: ترەمپ دەیەوێت بە زیادکردنی باجی گومرگی، رێگری لە کۆمپانیا بازرگانییەکانی کەنەدا وڵاتەکەیان بکات و ئاستەنگ لەبەردەمیاندا دروستبکات بۆ هەبوونی پەیوەندییەکی بازرگانی لەگەڵ وڵاتانی جیهاندا.

دوابەدوای گوتارە توند و پڕ لە بەربەرەکانێکانی نێوان ترەمپ و کارنی، کەنەداش لە بەرانبەر بڕیارەکانی ئەمریکا و زیادکردنی باجی گومرگیدا، بڕیاریدا بە سەپاندنی باج بەسەر پۆڵا، شیرەمەنی، ئامێری کشتوکاڵی و ئەلیکترۆنیاتی ئەمریکیدا.

هاوکاتی ئەمانەش، دۆناڵد ترەمپ چەندین جار لە پەڕەی تایبەتی خۆی لە تروس سۆشیاڵ، وێنە و ڤیدیۆی دەریاچەی 'ئۆنتاریۆ'ـی بڵاوکردووەتەوە و بانگەشەی گۆڕینی ناوی ئەو دەریاچەیە بە 'دەریاچەی ئەمریکا' دەکات.



گۆڕینی ناوی دەریاچەیەک لەوانەیە سادە دەرکەوێت، بەڵام لە بنەڕەتدا هەڕەشەتەکی پراگماتیکانەی ترەمپە بۆ داگیرکردنی دەریچاکە، چونکە 'ئۆنتاریۆ' ئاوی شیرین و شیاوی خواردنەوە بۆ نۆ ملیۆن کەنەدی و ئەمریکی دابیندەکات و سەرچاوەیەکی گرنگیشە بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا.

 

لەلایەکی دیکەشەوە، وەک بڵێی سەپاندنی باجی بەرز و گۆڕینی ناوی دەریاچە سنورییەکان بەس نەبووبێتن، ئەمریکا هەوڵدەدات دەستی بە رێژەیەکی زۆری نەوتی ڤەنزوێلاش بگات و بیکاتە جێگرەوە بۆ ئەو نەوتەی لە کەنەداوە هاوردەی دەکات.

ئەمریکا بۆچی دەیەوێت جێگرەوە بۆ نەوتی کەنەدا پەیدا بکات؟
کەمکردنەوەی پشتبەستنی ئەمریکا بە وزەی کەنەدا، هێزی ئۆتاوا لە دانوستانەکاندا لاواز دەکات، ئەمەش لەگەڵ ئەو سیاسەتە گشتییەدا دەگونجێت کە دەیەوێت مەرجەکانی ئەمریکا بەسەر بازرگانییە سنورییەکاندا بسەپێنێت و سود و قازانجێکی زیاتر بۆ ئەمریکا مسۆگەربکرێت
.

یەکێکی دیکە لە قازانجەکانی ئەمریکا بۆ گۆڕنی نەوتی کەنەدی بە نەوتی ڤەنزوێلا ئەوەیە، تێچووی پاڵاوتنی نەوتەکەی ڤەنزوێلا و گواستنەوەشی هەرزانتر لەسەر ئەمریکا دەکەوێت، چونکە لەرێگەی کەشتیی نەوتهەڵگر و لەڕێگەی دەریاوە دەبێت و پێویست ناکات چیتر لەرێگەی بۆریی نەوتەوە و بە تێچوویەکی زۆرتر، نەوت بکڕێت.

سەرباری ئەوەش، تێرکردنی پاڵاوگەکانی ئەمریکا بە کەرەستەی خاوی هەرزان، تێچووی پاڵاوتنی دیزڵ، بەنزین و سووتەمەنی فڕۆکە کەمدەکاتەوە، ئەمەش وەک ئامرازێکی سەرەکی بۆ رێگریکردنە لە هەڵئاوسانی ناوخۆی ئەمریکا و وەشاندنی گورزێکی بەهێزیشە لە ئابوریی کەنەدا، چونکە رێژەی فرۆشی کەنەدا کەمدەکات و ئەوەش کاریگەریی لەسەر ئابوریی ئەو وڵاتە دادەنێت و ئەگەری ملکەچبوونیشی بە داواکارییەکانی ئەمریکا و قبوڵکردنی زیادبوونی باجە گومرگییەکان بەسەر کاڵاکانییەوە هەیە.