سەرەرای نزیكبونەویە وادەی دەنگدان بەكابینەی  نوێی حكومەتی عیراق و كارنامەكەی ململانێی نهێنیی لە نێوان  نوری مالكی و محەمەد شیاع سودانی لەسەر پۆستی وەزارەتی ناوخۆ بەردەوامە.

بەپێی راپۆرتێكی  رۆژنامەی شەرقلئەوسەت، وەزارەتی ناوخۆ بووەتە چەقلی ناكۆكی لە نێوان لایەنە شیعەكاندا،  بەتایبەتیش لە نێوان هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا بە سەرۆكایەتی نوری مالیكی و هاوپەیمانی ئاوەدانكردنەوە و گەشەپێدان بە سەرۆكایەتی محەمەد شیاع سوودانی ، كە تێیدا تۆمەتی توند لەبارەی پێوەرەكانی كاندیدكردن و دابەشكردنی هەژموون ئاڵوگۆڕ دەكەن.

سەرەتای كێشەكە لەوە دەستیپێكرد، كاتێك دەنگۆی كاندیدكردنی یاسر مالیكی سەرۆكی فراكسیۆنی دەوڵەتی یاسا و كەسی نزیك لە نوری مالیكی بۆ پۆستی وەزیری ناوخۆ بڵاوبووەوە، بەڵام ئەندامانی هاوپەیمانی ئاوەدانكردنەوە و گەشەپێدان ، بە توندی دژی وەستانەوە و داوایانكرد ئەفسەرێكی پیشەیی و سەربەخۆ بۆ ئەو پۆستە دابنرێت، نەك كەسێك كە سەر بە لایەنێكی سیاسی بێت، یان كەسی نزیكی سەركردەیەك بێت

لە بەرانبەردا، عەلا یاسری، ئەندامی دەوڵەتی یاسا، ئەو دەنگۆیانەی رەتكردەوە و رایگەیاند هێشتا دۆسیەی وەزارەتەكان یەكلایی نەكراوەتەوە.
هاوكات هیشام ركابی، راوێژكاری نوری مالكی، هێرشی كردە سەر رەخنەگرەكان و تۆمەتباری كردن بەوەی دەیانەوێت وەزارەتەكان بە باڵای خۆیان ببڕن.

لە عیراق پێوەرێك هەیە  بۆ دابەشكردنی وەزارەتەكان كە ئەویش  خاڵبەندییە كە تێیدا نرخی  هەر وەزارەتێك بچەند خاڵیك دانراوە  بۆ نموونە وەزارەتە سیادیەكان وەك وەزارەتی ناوخۆ پێویستی بە 15 بۆ 25 خاڵ هەیە لە نێوان دەوڵەتی یاسا و هاوپەیمانی ئاوەدانكردنەوە و رەوتی حكمە یەكلادەكرێتەوە.  

محەمەد عەقیلی، ئەندامی هاوپەیمانیەكەی سودانی، ئاشكرایكرد، نرخی وەزارەتی نەوت گەیشتووەتە 25 خاڵ  و زیاتریش و كێبڕكێیەكی توند لە نێوان دەوڵەتی یاسا و رەوتی حیكمەدا هەیە بۆ بەدەستهێنانی.

لەناو جەرگەی ئەم ململانێیانەدا، چەند پێشنیازێكی نوێ هاتوونەتە ئاراوە لەوانە  زیادكردنی  ژمارەی جێگرەكانی سەرۆك وەزیران ،  لەو چوارچێوەیەشدا باس لە چوار پۆستی جێگری سەرۆك وەزیران دەكرێت كە دوانیان  بۆ پێكهاتەی شیعە دەبێت و كورد وسوونەش هەریەكەیان جیچگرێكی سەرۆك وەزیرانیان بەردەكەوێت، شارەزایانی كاروباری عیراقیش پێیان وایە ئەمە تەنها بۆ بێدەنگكردنی لایەنە سیاسییەكانە و دەبێتە هۆی ئاڵۆزبوونی زیاتری بەڕێوەبردنی دەوڵەت.

ئەم ململانێیە دەریدەخات، هەرچەندە نوری مالكی و محەمەد شیاع سودانی لە مانگی نیساندا بۆ بەرژەوەندی گشتی لە كاندیدبوونی سەرۆك وەزیران پاشەكشەیان كرد، بەڵام جەنگی راستەقینەی ئەوان لە پشت پەردە و لەسەر پۆستە وەزارییە  هەستیارەكان، بەتایبەت وەزارەتی ناوخۆ، بە توندی بەردەوامە.