لە گۆڕانکارییەکی سەیر و سەرنجڕاکێشدا، پلاتفۆرمەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بوونەتە مەیدانی جۆرێکی نوێ لە رووبەڕووبوونەوەی سیاسی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و کۆماری ئیسلامی ئێران، کە تێیدا هەردوولا زمانی دیپلۆماسییان وەلا ناوە و پەنایان بۆ کایەی کارت و ڤیدیۆی تەنزئامێز بردووە.

یاری "ئۆنۆ" لە نێوان ترەمپ و ئێراندا

سەرەتای ئەم کێبڕکێیە کاتێک دەستی پێکرد کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، وێنەیەکی خۆی لە تۆری "تروس سۆشیاڵ" بڵاوکردەوە و دواتر هەمان وێنە لەلایەن هەژماری فەرمی کۆشکی سپی لە پلاتفۆرمی "ئێکس" بڵاوکرایەوە.

لە وێنەکەدا ترەمپ دەردەکەوێت کە کۆمەڵێک کارتی یاری بەناوبانگی "ئۆنۆ"ی بەدەستەوەیە، لەنێویاندا کارتی وایڵد کارد، لەگەڵ نووسینی دەقێک کە دەڵێت: "ترەمپ هەموو کارتە براوەکانی بەدەستە."

ئەم نمایشە بێ وەڵام نەمایەوە، کونسوڵخانەی گشتی ئێران لە "حەیدەر ئاباد"ی هیندستان، بە هەمان شێواز وەڵامی دایەوە و وێنەیەکی بڵاوکردەوە کە تێیدا کارتەکانی (+4) و (سکایپ کارد) دەبینرێن، وەک ئاماژەیەک بۆ ئەوەی کە ئەوانیش کارتی کاریگەریان لەبەرانبەر ئەمریکادا هەیە.

"پیاوە پرتەقاڵییە بچووکەکە" و گۆرانی ڕاپ

لە لایەکی ترەوە، باڵیۆزخانەی ئێران لە مالیزیا بە بڵاوکردەوەی پەیامێکی تووند و ڤیدیۆیەکی مشتومڕاوی، هێندەی تر دۆخەکەی گەرم کرد.

باڵیۆزخانەکە لە هەژماری خۆی لە پلاتفۆرمی "ئێکس" نووسیویەتی: راستەوخۆ لە هورمز بڕۆ دەرەوە، ئەی پیاوە پرتەقاڵییە بچووکەکە!"، کە مەبەستیان دۆناڵد ترەمپ بوو.

ئەم پەیامە هاوپێچ بوو لەگەڵ ڤیدیۆیەکی راپ کە بە شێوەیەکی بەرفراوان بڵاو بووەتەوە.

لە ڤیدیۆکەدا باڵندەیەک نەخشەی گەنجینەیەکی نەوت دەگەیەنێتە دەست کاپتنی کەشتییەک کە وەک دۆناڵد ترەمپ وێنا کراوە.

لە دیمەنەکاندا ترەمپ و سەربازە ئەمریکییەکان بە جلی "چەتەی دەریاوە" دەردەکەون کە ئاهەنگ دەگێڕن و هەوڵ دەدەن بچنە ناو گەرووی هورمزەوە.

ئەم جۆرە لە "دیپلۆماسییە سێبەرە" لە کاتێکدایە کە ناوچەکە و جیهان بە وردی چاودێری گۆڕانکارییەکانی نێوان تاران و واشنتۆن دەکەن، بەتایبەت لە سایەی زیادبوونی فشارەکان لەسەر گەرووی هورمز و کێبڕکێی ئابووری و سەربازی لە ناوچەکەدا.