راپۆرتە جیهانییەکان: بەهۆی نالەباری ژینگەی کارەوە ساڵانە 840 هەزار کەس گیان لەدەستدەدەن
سەوسەن سەید
١ی ئایاری ٢٠٢٦
هاوکات لەگەڵ رۆژی جیهانیی کرێکاران، راپۆرتێکی نوێی ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی کار (ILO) بە هەماهەنگی لەگەڵ رێکخراوی تەندروستیی جیهانی (WHO) هۆشدارییەکی توند دەدەن: ژینگەی کار چیتر تەنیا سەرچاوەی بژێوی نییە، بەڵکو لە زۆر حاڵەتدا بووەتە هەڕەشەیەکی راستەوخۆ بۆ سەر تەندروستیی مرۆڤ.
چونکە ساڵانە نزیکەی 840هەزار کەس بەهۆی فشارە دەروونییەکانی پەیوەست بە پیشەکەیانەوە گیان لەدەست دەدەن کە ئەمەش رەنگدانەوەی قەبارەی ئەو ئازارە بێدەنگەیە کە لە پشت مێزەکان و لەناو کارگەکاندا هەیە
راپۆرتەکە کە لەژێر ناونیشانی (ژینگەی کار لە روانگەیەکی دەروونی کۆمەڵایەتییەوە بڵاوکراوەتەوە ئاماژە بەوە دەدات کە کەڵەکەبوونی دڵەڕاوکێ و کاتژمێرەکانی کاری درێژخایەن کە لە لایەن زیاتر لە سێیەکی کارمەندانی جیهانەوە لە چل و هەشت کاتژمێر لە هەفتەیەکدا تێدەپەڕێت لەگەڵ نەبوونی هاوسەنگی لە نێوان ماندووبوون و پاداشتی ماددی یان مەعنەوی ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ و جەڵتەی مێشک و تێکچوونە دەروونییە توندەکان زیاد دەکات
هەروەها راپۆرتەکە تیشک دەخاتە سەر ئەوەی کە نزیکەی چارەکی فەرمانبەران رووبەڕووی جۆرێک لە توندوتیژی یان هەراسانکردن بوونەتەوە لە ماوەی کارکردنیاندا و ئەمەش وای کردووە توێژە لاوازەکانی وەک گەنجان و کۆچبەران و خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان زیاتر بکەونە ژێر کاریگەریی ئەو مەترسییە دەروونی و کۆمەڵایەتییانەی کە بەهۆی گۆڕانکارییە دیجیتاڵییە خێراکان و هاتنەناوەوەی ژیریی دەستکرد بۆ ناو پڕۆسەکانی بەرهەمهێنان زیاتر بوون و ئاستەنگی نوێیان دروست کردووە کە پێویستی بە وەڵامدانەوەی خێرای حکومەتەکان هەیە
لەسەر ئاستی ماددیش تێچووی ئابووریی ئەم قەیرانە تەندروستییانە ساڵانە نزیکەی 1.37٪ کۆی بەرهەمی ناوخۆیی جیهان دەخوات و ئەمەش پێویستی بە جوڵەیەکی نێودەوڵەتی هەیە بۆ بەهێزکردنی توێژینەوە زانستییەکان و باشترکردنی هەماهەنگی نێوان خاوەنکاران و لایەنە تەندروستییەکان تاوەکو هۆشیاریی بەڕێوەبەران بەرز بکرێتەوە بۆ پێویستیی رەخساندنی ژینگەیەکی تەندروست کە کەرامەتی مرۆڤ و سەلامەتی دەروونی پێش هەموو شتێک بپارێزێت



