لە "لابۆبۆ"وە بۆ "مایستەری دەمپڵینگ".. چۆن یارییەکی سادە گەنجانی خستە داوی کڕینی دووبارە؟
سەوسەن سەید
٢٨ی نیسانی ٢٠٢٦
جیهان تازە لە خولیای "لابۆبۆ" رزگاری ببوو، ئەو کاراکتەرە بچووکانەی بەبێ زانیاری پێشوەختە دەگوژران و کێبڕکێ لەسەر وەشانە دەگمەنەکانیان دەکرا، بەڵام لەگەڵ سەرەتای ئەمساڵدا، دیمەنەکە گۆڕا بۆ ترێندێکی سادەتر لە شێوەدا، بەڵام قووڵتر لە کاریگەریدا، ئەویش "مایستەری دەمپڵینگ"ــە، پارچە لاستیکێکی رەنگاوڕەنگ کە وەک ئامرازێک بۆ کەمکردنەوەی فشار دەستی پێکرد و وەک دیاردەیەکی بەکاربردن کۆتایی هات کە پرسیاری گەورەتر لە قەبارەکەی خۆی دروست دەکات.
لە بنەڕەتدا، ئەم یارییە لە کارگەکانی چین وەک ئامرازێک بۆ هێورکردنەوەی دەمارەکان دیزاین کرابوو، بەڵام هاتنی بۆ ناو سۆشیاڵ میدیا ئەرکەکەی گۆڕی، ئیتر تەنها هۆکارێک نەبوو بۆ حەسانەوە، بەڵکو گۆڕا بۆ ئەزموونێکی پڕ لە چاوەڕوانی و دواتر بۆ رەفتارێکی کڕینی دووبارە.
"مایستەری دەمپڵینگ" سەر بە شەپۆلی یارییەکانی "سندووقە نادیارەکانە"، هاوشێوەی "لابۆبۆ"ی کۆمپانیای پۆپ مارت، کە تێیدا کڕیار بەرهەمێک دەکڕێت بەبێ ئەوەی پێشوەختە شێوەکەی بزانێت.
ئەم نادیارییە توخمێکی سوپرایز دروست دەکات، چونکە شێوە و رەنگەکەی تەنها لە کاتی کردنەوەی پاکەتەکەدا دەردەکەوێت.
گەورەکردنەوە لە رێگەی سۆشیاڵ میدیاوە
پلاتفۆرمەکانی سۆشیاڵ میدیا و دروستکەرانی ناوەڕۆک رۆڵێکی سەرەکییان هەبوو لە گۆڕینی ئەم یارییانە بۆ ترێندێکی جیهانی، ڤیدیۆکانی "کردنەوەی پاکەت" بوونە هۆی دروستکردنی حاڵەتێکی چاوەڕوانی بەکۆمەڵ.
بەپێی توێژینەوەیەکی "زانکۆی هارڤەرد"، کۆمپانیای "پۆپ مارت" سەرکەوتوو بووە لە گۆڕینی رەفتاری "کۆکردنەوە" بۆ دیاردەیەک، وخوارزمەکانی "تیک تۆک" و "ئینستاگرام"یش یارمەتیدەر بوون لە گەورەکردنی ئەم دیاردەیە.
"ئەسیر خالید"، کچێکی نەوەی زێد دەڵێت: ڤیدیۆکانی تیک تۆک هۆکاری سەرەکی بوون کە حەزم کرد تاقیی بکەمەوە، نەک تەنها من، بەڵکو هەموو خوشک و براکانیشم کڕییان، سەرەتا بۆ کەمکردنەوەی فشار کڕیمان، بەڵام خوشکەکەم چەندین جار دووبارە کڕییەوە تەنها بۆ ئەوەی رەنگێکی دیاریکراوی دەست بکەوێت."
بۆچی بوو بە ترێند؟
"سارا نیادی"، پسپۆڕی بەبازاڕکردن، دەڵێت فیکرەی "سندووقە نابیناکان" هەڕەمەکی نییە، بەڵکو لەسەر بنەمای تێگەیشتنێکی قووڵ بۆ رەفتاری کڕیار دامزراوە، توخمی "سوپرایز" هەستی پاداشت لە مێشکدا دەورووژێنێت، ئەمەش وادەکات کڕیار بەبێ هۆشیارییەکی تەواو کڕینەکەی دووبارە بکاتەوە.
نیادی ئاماژە بەوەش دەکات کە کۆمپانیاکان تەنها یەک بەرهەم ناخەنە بازاڕەوە، بەڵکو سیستەمێکی کۆکردنەوە بنیاد دەنێن، وەشانی ئاسایی، دەگمەن و زۆر دەگمەن بڵاو دەکەنەوە، ئەمەش کڕیاری ئاسایی دەگۆڕێت بۆ کەسێک کە دەیەوێت گروپەکە تەواو بکات، ئەمەش فرۆش بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد دەکات.
سەبارەت بە کاریگەرییەکەی لەسەر فشار، نیادی جەخت دەکاتەوە کە ئەم یارییانە لەوانەیە هەستێکی کاتیی خۆش ببەخشن، بەڵام هۆکاری ڕاستەقینەی فشار چارەسەر ناکەن و ڕەنگە تەنها ببێتە خویەکی کڕینی بەردەوام.
تەڵەی بەکاربردن
سۆشیاڵ میدیا ئیتر تەنها شوێنی پەیوەندی نییە، بەڵکو بزوێنەرێکی گەورەی کڕینە،توێژینەوەیەکی نوێی توێژەر "زی وانگ" لە ساڵی ٢٠٢٥ ئاماژە بەوە دەکات کە بەکاربردنی سندووقە هەڕەمەکییەکان لەسەر بنەمای "میکانیزمی نادیاری" کار دەکات؛ نەزانینی ناوەڕۆکەکە پێشوەختە، رەفتاری کڕین هان دەدات و حاڵەتێکی چاوەڕوانی بەردەوام دروست دەکات.



