80 ساڵ بەسەر دامەزراندنی کۆماری کوردستان تێپەڕدەبێت
محەمەد رزگار
٢٢ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦
ئەمڕۆ 80 ساڵ بەسەر دامەزراندنی کۆماری کوردستان لە شاری مەهابادی رۆژهەڵاتی کوردستان تێپەڕ دەبێت، کە قازی محەمەد وەک سەرۆک کۆمار سوێندی یاسایی خوارد.
کۆماری کوردستان یان کۆماری مەھاباد، لە ٢٢ـی کانوونی دووەمی 1946 لە رۆژھەڵاتی کوردستان لەسەر دەستی حیزبی دیموکراتی کوردستان دامەزرێنرا، و قازی محەممەد وەک سەرۆک کۆمار سوێندی یاسایی خوارد، کە لە سەدەی بیستەمدا و لە دوای کۆماری ئارارات دامەزرا، پایتەختەکەی شاری مەھاباد بوو.
دامەزراندنی کۆماری کوردستان
لە ئەیلوولی 1945، قازی محەمەد و سەرکردە کوردەکانی تر سەردانی تەورێزیان کرد بۆ ئەوەی چاویان بە کونسوڵی سۆڤیەت بکەوێت بۆ دەرباری پشتگیریکردنی کۆمارێکی نوێ، لەوێشەوە رەوانەی باکۆ، ئازربایجانی سۆڤیەت کران. لەوێوە ئاگاداربوونەوە لەوەی پارتی دیموکراتی ئازربایجان لە ھەوڵی ئەوەدایە کە دەست بەسەر ئازربایجانی ئێراندا بگرێت، لە 10ـی کانوونی یەکەمدا، پارتی دیموکراتی ئازربایجان دەستی بەسەر پارێزگای ئازربایجانی رۆژھەڵات دا گرت کە پێشتر بەدەست سوپای ئێرانەوە بوو. قازی محەممەد بڕیاری دا ھاوچەشنی ئەو کارە دووبارە بکاتەوە، لە 15ـی کانوونی یەکەمدا، کۆماری مەھابادی کوردیی دامەزرێنرا، یەکەم کابینەی دەوڵەت لە 14 وەزیر پێک هات و سوپای کۆماری کوردستان دامەزرا.
لە 22ـی کانوونی دووەمی 1946، قازی محەمەد دامەزراندنی کۆماری کوردستانی راگەیاند، ھەندێک لە ئامانجەکانیان لە مانیفێستۆکەدا بڵاوکرایەوە، ئەمانەن:
-زمانی کوردیی بکرێتە زمانی راگەیاندن و خوێندن و ئیدارە.
-ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگا بۆ کوردستان بەمەبەستی چاودێری دەوڵەت و بابەتە کۆمەڵایەتییەکان.
-ھەموو لیپرسراوەکان لە خەڵکی ناوچەکە ھەڵبژێردرێن.
-یەکێتی و برایەتی لەگەڵ خەڵکی ئازربایجان.
-یاسایەک ھەبێت کە بەیەک چەشن مامەڵە کرێکار و کەسایەتییە باڵاکان دا بکات.
جوگرافیای کۆماری کوردستان
کۆماری کوردستان زۆرتر ناوچەی موکریانی دەگرتەوە و پایتەختەکەی شاری مەهاباد بوو.
شارەکانی بۆکان، شنۆ،پیرانشار، سەردەشت و نەغەدە بەشێک لە کۆماری کوردستان بوون، کۆمار لە باشوورەوە ھەتا نزیک شارەکانی بانە و سەقز درێژەی ھەبوو و لە باکووریشەوە داخوازی بەڕێوەبردنی شارەکانی ورمێ و سەڵماسی دەکرد کە لەژێر دەسەڵاتی کۆماری نەتەوەیی ئازەربایجاندا بوون.
کۆماری کوردستان بە پێچەوانەی کۆماری ئازەربایجان کە بە پاڵپشتی سەربازی سۆڤیەت راگەیەنرا، پشتی بە هێزی سەربازی خۆیی بەست و سوپای کۆمار کە بەشێکی پێکهاتبوون لە هێزی بارزانییەکان بە سەرکردایەتی مەلا مستەفا بارزانی، دامەزرا و محەمەد حوسێن سەیفی قازی وەک وەزیری جەنگ دەستنیشان کرا و پلەی جەنەڕاڵ بەخشرایە مەلا مستەفا بارزانی.
ئەو سوپایە سەرجەم تایبەتمەندییەکانی سوپاییەکی نیشتمانی تێدا بوو و بە شێوەیەکی سەردەمیانە رێکخراو، بۆ پارێزگاری لە سنوورەکانی کۆماری کوردستان.
سۆڤیەت کە هاوکات لە شاری تەورێز پشتیوانی لە دامەزراندنی دەوڵەتێکی بۆ نەتەوەی ئازەری دەکرد، دەیویست کوردستانیش بکاتە بەشێک لە دەوڵەتی ئازەربایجان، بەڵام بە هەوڵ و پێداگرییەکانی قازی محەمەد کە ناسناوی پێشەوای کوردی پێ بەخشرابوو، سۆڤیەت لەو بڕیارەی پاشگەز بووەوە و ناچار بوو ددان بە دەسەڵاتی کورددا بنێت.
پەیوەندی لەگەڵ سۆڤیەت
ھێزەکانی سۆڤیەت و بەریتانیا لە کۆتایییەکانی ئابی 1941 ئێرانیان داگیر کرد، یەکێتیی سۆڤیەت لە باکورەوە بەشداری لە داگیرکردنەکە کرد، سۆڤیەت بە گشتی دوودڵ بوون لە ئیدارەی کوردی. ھێزیان لە نزیک مەھاباد جێگیر نەکرد تەنانەت نێردراوێکی مەدەنی ئەوتۆیان نەنارد بۆ ئەوەی کاریگەریی گەورە دروست بکات. لە رێگەی چالاکیی (دۆستانە) و، وەک دابینکردنی کەرەسەی گواستنەوە، دەرکردنی سوپای ئێرانی، و کڕینەوەی تەواوی بەرھەمی تووتنەکەیان، پاڵپشتیی ئیدارەکەی قازییان دەکرد. لە لایەکی ترەوە، کوردەکان زۆر ئیدارەی کوردیان ئەبەزاند لەبەر ئەوەی رەتیان کردەوە ببنە بەشێک لە کۆماری دیموکراتی (فارس) ئازربایجان. ھەروەھا دژی راگەیاندنی کۆماری سەربەخۆی کوردی بوون.
لە 26ـی ئازاری 1946، بەھۆی فشاری ھێزە رۆژاوایییەکان، بۆ نموونە ئەمریکا، سۆڤیەت پەیمانی بە حکومەتی ئێرانی دا کە لە باکوری ئێران دەکشێتەوە. لە مانگی حوزەیران دا، ئێران دەستی گرتەوە لەسەر ئازربایجاندا، ئەمە بووە ھۆی دابڕانی کۆماری مەھاباد لە سۆڤیەت و دواجار بووە ھۆی داڕمانی. لەم خاڵەدا، پشتگیرییەکان بۆ قازی محەممەد لە کەمبوونەوەدا بوون، بەتایبەتی لە نێوان خێڵە کوردەکاندا کە لە سەرەتادا پشتگیرییان لێدەکرد، بەرھەمو سەرچاوەی داراییان نەماو شێوازی ژیانیان بەھۆی دابڕانەکەوە بەرەو سەختی چوو، یارمەتی دارایی و سەربازی لە سۆڤیەتەوە نەما، و خێڵەکان ھیچ ھۆکارێکیان بۆ پشتگیریکردنی قازی محەممەد نەئەبینییەوە، زۆرێک لە خێڵەکان قازییان بەجێ دەھێشت، لە 5ـی کانوونی یەکەم، ئەنجومەنی شەڕ بە قازی محەمەدیان راگەیاند، کە ڕێگە لە ھەر پەلامارێکی سوپای ئێران دەگرن کە بکرێتە سەر ناوچەکە، لە 15ـی کانوونی یەکەم، سوپای ئێران ھاتە ناوچەکە و دەستی بەسەر مەھاباد دا گرت. لەگەڵ ھاتنیان، چاپخانەی کوردییان داخست، فێرکردنیان بە زمانی کوردی قەدەغە کرد، ھەر کتێبێکی کوردییان بدۆزیایەتەوە ئەیانسوتاند، دواجار لە 31ـی ئازاری 1947، قازی محەمەد بە تۆمەتی خیانەت لە دەوڵەتی ئێران، لە مەھاباد و لە ھەمان ئەو مەیدانەی کە کۆماری کوردستان ی لێ راگەیاندبوو لە سێدارە درا.



