خانمی یەكەمی عیراق دەلێت، جیهان لە پرسی ئاشتیدا گیرۆدەی دووڕووییەكی نێودەوڵەتیە چونكە دژبەیەكیەكی قووڵ هەیە لەنێوان دروشمی بریقەداری ئازادی و ئەو واقیعە خوێناویەی لە جیهان هەیە، بەتایبەتیش لە حەلەب.

شاناز ئیبراهیم ئەحمەد خانمی یەكەمی عیراق، لە وتارێكی نوێیدا كە پێگەی سی ئێن ئێن عەرەبی بڵاویكردووەتەوە و وەك داكۆكیكاری مافەكانی مرۆڤ ناویبردووە، رایگەیاندووە، جیهان گیرۆدەی راستییەكی تاڵە لە سیاسەتی نێودەوڵەتیدا ئەویش ئەوەیە "ئاشتی" بووەتە كاڵایەكی سیاسی و قوربانیی یەكەمی ئەو گەمەیەش، تەنها خەڵكی مەدەنین.

خانمی یەكەم لە وتارەكەیدا باس لەوە دەكات، لە كاتی سەردانەكەیدا بۆ قوبرس، لە چركەساتێكی پڕ هەست و سۆزدا و لەكاتی چڕینی سرودی ئازادیدا، فرمێسك لە چاوەكانی قەتیس بوون، چونكە سرودەكە باس یەكڕیزی و هیوا دەكات بۆ دوورگەی قوبرس كە نیو سەدەیە بەدەست دابەشكارییەوە دەناڵێنێت، هەروەها لە كاتێكدا لە شوێنێك پیرۆزبایی ئاشتی دەكرێت، لە شوێنێكی تری وەك حەلەب لە سوریا، خەڵكی كوردی مەدەنی و كەمینەكان لەژێر بۆردومان و گەمارۆدا بەربەرەكانێ لەگەڵ مەرگ  دەكەن.

هەر لەو وتارەدا، شاناز ئیبراهیم ئەحمەد بە راشكاوی رەخنەی لە سەردانەكەی ئۆرسۆلا ڤۆن دێر لاین، سەرۆكی كۆمیسیۆنی ئەوروپا بۆ دیمەشق گرت و پرسی، چۆن دەكرێت بەڵێنی ئاوەدانكردنەوە بدرێت، بەبێ ئەوەی یەك وشە دەربارەی ئەو خەڵكە مەدەنیانە بوترێت كە رۆژانە لە حەلەب دەكوژرێن؟ ئاماژەی بەوەشكرد، ناتوانرێت باس لە بنیاتنانەوەی كۆمەڵگە بكرێت لە كاتێكدا پیشەسازیی سەربازیی جیهانی خەریكی پەرەپێدانی ئامێرەكانی لەناوبردن و وێرانكارییە.

خانمی یەكەم لە بەشێكی تری وتارەكەیدا تیشكی خستە سەر جیاكاریی لە گرنگیدان بە قەیرانەكان و وتی، لە كاتێكدا هەموو چاوەكان لەسەر ئۆكراین و غەززەن، كارەساتەكانی سودان و یەمەن، كە تیایدا ملیۆنان كەس بوونەتە قوربانی، فەرامۆش كراون، ئەوەش دووڕووییە لە پێوانەكان، ئەو دەوڵەتانەش كە ئاڵای ئاشتییان هەڵگرتووە، هەر خۆیان چەك دەفرۆشن و لە شەڕە بەوەكالەتەكاندا قازانج دەكەن.

شاناز ئیبراهیم ئەحمەد جەختیشیكردەوە، بە گۆڕینی دەسەڵات لە سوریا كۆتایی بە شەڕ نەهاتووە و رۆژانە راپۆرتەكان باس لە پێشێلكاریی بەردەوام بەرانبەر كەمینەكان دەكەن و هێشتا خوێنی بێتاوانەكان دەڕژێت. ئەوەش دەرخەری ئەوەیە ئاشتی تەنها وەهمێكە، چونكە كردار و لێپرسینەوەی جدی لەگەڵدا نییە.

لە كۆتایی وتارەكەیدا خانمی یەكەمی عیراق بانگەوازیكرد، ئاشتی نابێت تەنها دروشمێكی جوان یان دەقێكی ناو سرودەكان بێت، تا ئەو كاتەش قسە نەبێتە كردار، هیواكان بە بەدینەهاتوویی دەمێننەوە و خەڵكی بێتاوان باجی ساردوسڕی و بێدەنگیی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەدەن.