پرسی گرینلاند جارێكی دیكە بووەتەوە مانشێتی رۆژنامەكان دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا دووپاتی كردەوە كە وڵاتەكەی پێویستی بەو دوورگەیە هەیە بۆ ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریكا، بۆ بەدەستهێنانیشی چەند بژاردەیەك تاوتوێ دەكات.

كارۆلین لیڤیت، وتەبێژی كۆشكی سپی رایگەیاند، ترەمپ بە روونی ئەوەی خستۆتەڕوو كە بەدەستهێنانی گرینلاند لە پێشینەی كارەكانی ئاسایشی نیشتمانی ئەمریكایە بۆ راگرتنی نەیارەكانیان لە ناوچەی جەمسەری باكوور.

ئاماژەی بەوەشكرد، ترەمپ و تیمەكەی بیر لە چەند بژاردەیەك دەكەنەوە بۆ بەدەستهێنانی ئەو ئامانجە و بەكارهێنانی سوپای ئەمریكا وەك یەكێكە لەو بژاردانە

پێشهاتە نوێیەكان لەبارەی گرینلاند نیگەرانی ئەوروپای لێكەوتوەتەوە، ئەوەش ، هاوپەیمانی باكوری ئەتلەسی " ناتۆ" لە لێواری قەیرانێكی قووڵ نزیك بكاتەوە.

ڤیڤیان مۆتسفێڵد وەزیری دەرەوەی گرینلاند، لەدوای ئەو لێدوانەی كۆشكی سپی رایگەیاند، گرینلاند و دانیمارك داوای كۆبوونەوەی بەپەلەیان لەگەڵ ماركۆ روبیو، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا كردووە بۆ تاوتوێكردنی لێدوانەكانی ئەم دواییەی ترەمپ .

ئاماژەی بەوەشكرد، تا ئێستا روبیۆ دەرفەتی كۆبونەوەی لەگەڵ حكومەتی گرینلاند نەبووە، سەرەڕای ئەوەی چەندین جار داوای كۆبوونەوەیان لەسەر ئاستی وەزیری دەرەوە كردووە بەدرێژایی ساڵی 2025.

لارس لۆكێ راسموسن، وەزیری دەرەوەی دانیمارك پێی وایە كۆبوونەوەیەك لەگەڵ روبیو دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە رەواندنەوەی هەندێك تێنەگەیشتن.

 جێنس فرێدریك نیلسن سەرۆك وەزیرانی گرینلاندیش دووپاتیكردەوە كە دوورگەكە بۆ فرۆشتن نییە و بڕیارەكە سەبارەت بە داهاتووەكەی دەبێت تەنها لە ئەستۆی دانیشتووانەكەی بێت.

هاوكات رۆبیۆ رایگەیاند، وڵاتەكەی هەوڵدەدات زیاتر بژاردەی كرینی ئەو دوورگەیە بەكاربهێنێن و لە بژاردەی سەربازی دوور بكەوێتەوە.

لەسەر ئاستی ئەوروپاش، فەرەنسا، ئەڵمانیا، ئیتاڵیا، پۆڵەندا، ئیسپانیا و بەریتانیا راگەیەنراوێكی هاوبەشیان بڵاوكردەوە و پشتیوانی خۆیان بۆ دانیمارك راگەیاند لێدوانەكانی ترەمپیان بە بەزاندنی سنور وەسفكرد.

هۆكاری گەڕانەوەی ئەو بابەتەش بۆ ئەوە دەگەرێتەوە، روسیا دەسەڵاتی لەو ناوچەیە فراوانەو هەروەها وە بەرهێنانەكانی چینیش لەو ناوچەدا روو لە زیادبوونە.

بەڵام پاڵنەری گرنگی ئەو رووداوە بۆ ترەمپ ئەوەیە، لەگەڵ نزیكبوونەوەی هەڵبژاردنی ناوەڕاستی خولی كۆنگرێس لە تشرینی دووەمی 2026دا بەرێوەدەچێت، ترەمپ دەیەوێت ئەو كارە بكاتە دەستكەوتێكی مێژوویی ئەو بۆچونە لە لای هەموان جێگیربكات كە ئەوەی دەیڵێت جێبەجێی دەكات تەنانەت ئەگەر بەزاندنی سنورەكانیش بێت، هەروەها وێنەی ترەمپ بەهێز دەكات، كە ئامادەیە بەرگری لە بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا بكات تەنانەت لە گۆشە دوورەكانی جیهانیشدابێت.