لە دوای گۆڕانکارییە نوێیەکان و راگەیاندنی دەستگیرکردنی نیکۆلاس مادۆرۆ و هاوسەرەکەی لەلایەن هێزی دەلتای ئەمریکییەوە، ناوی سیلیا فلۆریس جارێکی تر بوەوە بە مانشێتی هەواڵە جیهانییەکان.

ژنێک کە زیاتر لە سی ساڵە لە ناوەندی دەسەڵاتی ڤەنزوێلادا بووە، نەک تەنها وەک هاوسەری سەرۆکی وڵات، بەڵکو زیاتر وەک "مێشکی مادۆرۆ" و "هێزی پشت پەردەی" دەوڵەتی مادۆرۆ ناوی دەبرێت.

لە دوای دەستگیرکردنی مادۆرۆ و هاوسەرەکی، هەر زوو وێنەی مادۆرۆ بڵاوکرایەوە، بەڵام تا ئێستا وێنەی سیلیا فلۆریسی هاوسەری بڵاونەکراوەتەوە و  دیاریش نییە تۆمەتەکانی ئەو چین.

لە گەڕەکە هەژارنشینەکانەوە تا پارێزەری هوگۆ چاڤێز

ناوی تەواوەتی  سیلیا ئادێلا فلۆریسە، لە ساڵی 1956لە شاری "تیناکیۆ" لەدایکبووە و لە گەڕەکە هەژارنشێنەکانی کاراکاس گەورە بووە.

ئەو ژیانی سیاسی خۆی وەک پارێزەرێکی پسپۆڕ لە کاروباری تاوانکاری دەستپێکرد و خاڵی وەرچەرخانی ژیانی ئەو دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1992؛ کاتێک بەرپرسیارێتی بەرگریکردنی یاسایی لە هوگۆ چاڤێز و هاوڕێکانی گرتە ئەستۆ  دوای ئەو کودەتایەی بەسەریاندا کرد،ئەو لە هەمان ئەو سەردەمەدا نیکۆلاس مادۆرۆی ناسی و ئەم دوو کەسە پێکەوە بۆ ئازادکردنی چاڤێز خەباتیان کرد و تێیدا سەرکەوتوو بوون.

"یەکەمین خەباتکار" لە جێگەی "خانمی یەکەم"

لە ڤەنزوێلای ژێر دەسەڵاتی سۆسیالیستەکاندا، فلۆریس بە نازناوی "خانمی یەکەم" ناناسرێت، مادۆرۆ ئەم نازناوەی بە "ئەریستۆکراتی" دەزانی و لەجیاتی ئەوە نازناوی "یەکەمین خەباتکار" (First Combatant)ی بۆ هاوسەرەکەی هەڵبژارد، تاکوو جەخت لەسەر پێشینەی چەکداری و خەباتگێڕییەکەی بکاتەوە، هەر ئەمەش وایکردوە، لە بری خانمی یەکەم پێی دەڵێن یەکەمین خەباتکاری وڵات.

پێشینە سیاسییەکان و کاریگەری لە پێکهاتەی دەسەڵاتدا

بە پێچەوانەی زۆربەی هاوسەرانی سەرۆکەکانی جیهان فلۆریس خۆی کەسایەتییەکی سیاسی سەربەخۆیی هەیە و جگە لەکاری پارێزەرایەتی، لە ساڵی 2006 وەک یەکەم ژن، سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نیشتمانی(پەرلەمان)ی ڤەنزوێلای گرتە ئەستۆ تا ساڵی 2011.

 لە ساڵی 2012هوگۆ چاڤێز ئەوی وەک داواکاری گشتی وڵات دەستنیشان کرد و  شرۆڤەکارانی سیاسی پێیان وایە فلۆریس رۆڵی سەرەکی هەبووە لە یارمەتیدانی مادۆرۆ بۆ لابردنی رکابەرە ناوخۆییەکان و چەسپاندنی دەسەڵاتی ئەو دوای مردنی چاڤێز.

سیلیا و مادۆرۆ بۆ ماوەیەکی زۆر پێکەوە بوون، بەڵام لە ساڵی 2013دا، دوای ئەوەی مادۆرۆ بوو بە سەرۆک، بە رەسمی هاوسەرگیرییان کرد و ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز ئەو بە "هێزی بزوێنەر" و راوێژکاری باڵای مادۆرۆ دەناسێنێت.

تا ئێستاش سیلیا فلۆریس بە یەکێک لە بەهێزترین ژنەکانی ڤەنزوێلا دادەنرێت. ئەو تەنها هاوسەری سەرۆک نەبوو، هەمیشە لە کەمپەینەکان و کۆبوونەوە دیپلۆماسییەکاندا لە تەنیشت مادۆرۆ دەردەکەوت،  ناوی سیلیا لە چەندین ململانێ و لێکۆڵینەوەی نێودەوڵەتیدا هاتووە، بەتایبەت لەلایەن ئەمریکاوە، بەهۆی تۆمەتەکانی پەیوەست بە گەندەڵی و بەکارهێنانی دەسەڵات، بەڵام ئەو و مادۆرۆ هەمیشە ئەم تۆمەتانەیان رەتکردوەتەوە و بە پیلانی دەرەکی ناویان دەبرد.

گەرچی دیار نییە تۆمەتەکانی سیلیا فلۆریس چین، بەڵام خۆری دەسەڵات و خۆشگوزەرانی ئەو خانمە لە بەرەبەیانی رۆژی شەممە، کۆتایی هات، دوا ئەوەی وەک لە میدیاکاندا بڵاوکراوەتەوە، هێزی دەلتای ئەمریکی دەچنە ناو ژوری نوستنەکەیەوە و لەگەڵ هاوسەرەکەیدا دەستگیریان دەکەن و دەیان گوازنەوە بۆ ئەمریکا بە مەبەستی دادگایکردنیان.