دەستگیركردنی مادۆرۆ و هاوسەرەكەی و گواستنەوەیان بۆ دەرەوەی وڵات شۆكێكی سیاسی و دیپلۆماسی بەدوای خۆیدا هێناوە  كە دەتوانێت هاوسەنگی هێز لە سەدەی بیست و یەكدا دوبارە دابڕێژێتەوە، یاخود دەكرێت سەرەتای جێبەجێكردنی ئەو قۆناغە بێت كە دەوترێت دەسەڵات لە سەرو یاساوەیە، ئەوەش ترسی خستۆتە دڵی چەندین وڵات بە وڵاتانی ئەوروپاشەوە سەبارەت بەوەی كە دوور نییە ببنە ئامانجی داهاتوو.

دیپلۆماتكارێكی پلە باڵای ئەوروپی لە برۆكسل لە چاوپێكەوتنێكی تایبەتدا لەگەڵ ئاژانسی "تاسی روسی"، جەختی لەوە كردەوە كە دەستگیركردنی "نیكۆلاس مادۆرۆر" سەرۆكی ڤەنزویلا پەیامێكی روونی ئەمریكا بوو بۆ جیهان، كە واشنتۆن ئامادەیە هێزی سەربازی راستەوخۆ بەكاربهێنێت بۆ گەیشتن بە ئامانجە سیاسییەكانی، تەنانەت ئەگەر بە مانای پێشێلكردنی سەروەری وڵاتانی ئەندامی نەتەوە یەكگرتووەكانیش بێت.

ئەو دیپلۆماتكارە ئاماژەی بەوەكردووە، ئەو پەیامە بە روونیشی گەیشتۆتە سەركردەكانی وڵاتانی ئەوروپا،  بۆ یەكەمجار لە مێژووی 75 ساڵەی ناتۆدا، وڵاتانی ئەوروپا چیتر هەست بە هاوبەشیكردن ناكەن لە سیاسەتەدا لەگەڵ ئەمریكا، بەڵكو رەنگە ببنە ئامانجی داهاتووی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا، بەتایبەتیش بە لەبەرچاوگرتنی پەیامە دوبارەكانی واشنتۆن بۆ كۆنترۆڵكردنی دورگەی گرینلاند لە دانیمارك.

دەشڵێ، ئەم گۆڕانكارییە بۆشایی ئەمنی لە كیشوەری ئەوروپادا خراپتر دەكات و پاڵ بە وڵاتانی یەكێتی ئەوروپاوە دەنێت پلانەكانیان خێراتر بكەن بۆ بەخۆداچوونەوە و خۆپڕچەككردن و خۆ ئامادەكردن بۆ قۆناغی دوای پشتیوانیی بەردەوامیی سەربازی ئەمریكا بۆ ئەوروپا.

ئەو دیبلۆماتكارە باڵایەی یەكێتی ئەوروپا پێی وایە، مەترسیەكانی وڵاتانی ئەوروپا زیاتر لەوەدا دەردەكەوێت، كە یەكێتی ئەوروپا خۆی لە ئیدانەكردنی راشكاوانە بەدوور گرت، بەڵام داوای دانبەخۆدا گرتنی كرد، ئەو هەڵوێستەش ڕەنگدانەوەی دابەشبوونی ناوخۆیی ئەوروپای پیشاندا.

ئەو دیپلۆماتكارە راشیگەیاندوە، ترەمپ پێش ئۆپراسیۆنەكەی ڤەنزویلا، بانگەشەی ئەوەی دەكرد كە ئامانجی رێگریكردنە لە بازرگانیكردن بە ماددەی هۆشبەر و تیرۆر، بەڵام لە ئۆپراسیۆنەكەدا دامەزراوەكانی بازرگانیكردن بە ماددەی هۆشبەر نەكراونەتە ئامانج، بەڵكو كار لەسەر لەكارخستنی بەرگری ئاسمانی و بۆردومانكردنی بنكە سەربازییەكان و فڕۆكەخانەكان كراوە، ئەمەش ئەوە دەردەخات كە ئامانجی ڕاستەقینەی ترەمپ گۆڕینی دەسەڵاتی ڤەنزوێلا بووە نەك بەرەنگاربوونەوەی تاوان.

هاوكات لێپرسراوێكی روسی ئاماژەی بەوەكردوە، ترەمپ بەو ئۆپراسیۆنە سەلماند بۆ جیهان، كە نیوەگۆی رۆژئاوا زەوی بووەتە حەوشەی پشتەوەی ئەمریكا و هەر جۆرە كاریگەرییەكی سەربازی یان ستراتیژیی زلهێزە بیانییەكان لەو ناوچانەدا رەتدەكاتەوە، لە دەرەوەی ئەو نیوەیەش بە هێز چیان بوێت دەستیان دەكەێت.

ئەمەش لە قسەی ماركۆ رۆبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریكا رەنگدەداتەوە كە رایگەیاند،  رەنگە لەدوای ئەو ئۆپەراسیۆنە سەربازییەی لە ڤەنزوێلا ئەنجامدرا، ئامانجی داهاتووی ئیدارەی ئەمریكا كوبا بێت.

ئەوە جگە لەوەی كە دۆناڵد ترەمپیش هەڕەشەی لە گۆستاڤۆ پێترۆی سەرۆكی كۆڵۆمبیا كرد و  سێ هەفتە بەر لە ئێستا پێی راگەیاند، لەدوای ڤەنزوێلا نۆرەی تۆش دێت.