دوای ساڵێك لە روخانی رژێمی بەشار ئەسەد، حكومەتی سوریا چاپی نوێی دراوی ئەو وڵاتەی بە كەمكردنەوەی دوو سفر دەركرد بە ئامانجی باشكردنی رەوشی ئابوری و بەرزكردنەوەی بەهای دراوەكە، ئەوەش بووەتە مایەی دڵخۆشی و هیوای خەڵكی ئەو وڵاتە.


بانكی ناوەندیی سوریا دوای چەند مانگێك لە ئامادەكاریی، دەستپێكردنی پرۆسەی گۆڕینی دراوی ئەو وڵاتەی راگەیاند و ماوەی 90 رۆژیش بۆ پرۆسەی ئاڵوگۆڕی دراوی كۆن بە دراوی نوێ دیاریكراوە لەگەڵ ئەگەری درێژكردنەوە لە كاتی پێویستدا.


وەكو ئەوەی دەسەڵاتدارانی سوریا دەڵێن، ئامانجی گۆڕینی دراوی سوریا ئەوەیە كە هەڵگرتنی پارەی كاش ئاسان بكرێت لەگەڵ هاندانی هاووڵاتیان بۆ بەكارهێنانی لیرەی سوری لە مامەڵەی رۆژانەدا.


لەدوای ئەو دراوە نوێیەش، سورییەكان چیتر پێویستیان بە جانتای گەورە نییە بۆ هەڵگرتنی پارەی كاش بۆ وەرگرتنی مووچە، یاخود كڕینی خانوو یان هەر مامەڵەیەكی دیكە بە پارەی كاش، ئەمەش بەهۆی ئەوەی كە دراوە نوێكە قەبارەی بچوكە و بەهای زیاترە، بەجۆرێك كە دەتوانرێت بڕێكی زیاتر لەو پارەیە بە كاش بە ئاسانیی هەڵبگیرێت. 


لەگەڵ دەستپێكردنی پرۆسەی گۆڕینەوەی دراوەكەشدا، سورییەكان روویان كردە بانكەكان و  نوسینگەكانی ئاڵوگۆڕ و ناوەندە دیاریكراوەكان بۆ گۆڕینەوەی دراوە كۆنەكانیان بە دراوی نوێ.


پرۆسەی ئاڵوگۆڕكردنەكە سادەیە، پێویستی بە پێشكەشكردنی ناسنامەی كەسی و ئەو بڕە پارەیە هەیە كە دەبێت ئاڵوگۆڕ بكرێت، پاشان وەرگرتنی هەمان بڕە پارە بە دراوی نوێ.


مەیار شامی، بەرپرسی كۆمپانیای ئاڵوگۆڕی دراو لە دیمەشق دەڵێت، ئاڵوگۆڕەكە لە رۆژی شەممەوە بە ئاسانی دەستیپێكردووە، بەهیوای ببێتە سەرەتای خێر و خۆشی بۆ وڵاتەكەیان.


عەبدولقادر حەسریە پارێزگاری بانكی ناوەندیی رایگەیاند، پڕۆسەی گۆڕینەوەی دراو ئاسان دەبێت و كاریگەری لەسەر بەهای راستەقینەی دراو و نرخی ئاڵوگۆڕی دراو نابێت.


وتیشی، دراوە نوێیەكە لە چەند جۆرێك پێكهاتووە كە لە  5 لیرەوە دەستپێدەكات بۆ 500 لیرە، لە دیزاینەكانیشدا گرنگی بە بەرهەمە كشتوكاڵییەكانی وەك توو و پرتەقاڵ و زەیتون و گەنم دراوە، نەك وێنەی تاكە كەسیی و دەسەڵاتدارانی وڵات، هەر ئەوەش بووە جێگای سەرنجی چاودێران كە لە دراوە نوێكەدا هیچ ئاماژەیەك لەسەر دراوەكان وەكو دراوی وڵاتێكی ئیسلامیی نییە، تەنانەت هیچ نیشانە و هێمایەك بۆ مێژوو و شوێنەوارەكانی سوریا یان پێكهاتەكانی ئەو وڵاتە نییە.