هۆکاری دەستگیرکردنی مادۆرۆ؛ نەوت، مادەی هۆشبەر یاخود هاوپەیمانە بیانییەکانی؟
محەمەد رزگار
٤ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦
دواجار، لە پاش هەڕەشە بەردەوامەکانی هەردوولا بۆسەر یەک و بە کۆمەڵێک هۆکاری جیاوازی ئابوری و سیاسی و لە ناویشیاندا مادەی هۆشبەر، دۆناڵد ترەمپ بڕیاریدا، بەو ئۆپراسیۆنەی کە پێشتر لە میدیاکانەوە بانگەوازی بۆ دەکرد، هەڵبکوتێتە سەر مادۆرۆی دژبەری و وەک بەشێک لە میدیاکان دەیانوت؛ "لەژووری نوستنەکەی"ەوە، بیهێنێتە دەرەوە و بەرەو ئەمریکا بیبات.
وردەکاری ئەوهۆکارانەی کە وایکرد ئەمریکا سەرۆکی ڤەنزوێلا دەستگیربکات:
یەکەم- نەوت، ئەو مادە خاوەی ئەمریکا چاوی لێیەتی و دەیەوێت لە رێگەیەوە جیهان بنوشتێتەوە لەبەردەمیدا.
ڤەنزوێلا.. خاوەنی گەورەترین یەدەگی نەوتە لە جیهاندا و خاوەنی نزیکەی 303 ملیار بەرمیلە. بەهای نەوتەکەی 21 تریلیۆن دۆلار تێدەپەڕێنێت.
بەرهەمهێنانی نەوت لە ڤەنزوێلا لە ساڵانی 2024 و 2025دا گەشەیەکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی، هەروەها بەرهەمهێنانی مانگانەی لە شوباتی 2025ەوە گەیشتە لوتکە و 940 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا، ئەمەش بە بەراورد لەگەڵ هەمان مانگی ساڵی پێشوو نزیکەی 100 هەزار بەرمیل زیادیکردووە.
ترەمپ بەردەوام ئاماژەی پێداوە، کە ڤەنزوێلا گەورەترین یەدەگی نەوتی هەیە لە جیهاندا و بە دزینی نەوتی ئەمریکاش تۆمەتباری کردووە.
دۆناڵد ترەمپ دوێنێ دوای دەستگیرکردنی مادۆرۆ ئاماژەی بەوەکرد، ژێرخانی نەوتی ڤەنزوێلی دەگەڕێننەوە و قەرەبووی ئەو کۆمپانیا ئەمریکییانە دەکەنەوە کە لە کردەوەکانی دەستبەسەرداگرتندا زیانیان بەرکەوتووە.
دووەم- مادۆرۆ سەرچاوەی زۆربەی کێشەکانە:
ترەمپ مادۆرۆی وەک سەرچاوەی کێشەکان دیاریکردووە و بە بەرپرسیاری دەزانی لە تەشەنە سەندنی کێشە ناوخۆییەکانی وڵاتەکەی خۆیی و تێکدانی پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتەکەی.
ئیدارەکەی ترەمپ ڤەنزوێلا و کوبا و نیکاراگوا وەک ئەکتەری سەرەکی لە "تەوەرەی سۆسیالیستی" سەیر دەکات، لەگەڵ ئەوەشدا کۆلۆمبیا خراوەتە ژێر چاودێرییەوە، چونکە ترەمپ مانگی رابردوو هۆشداری دایە گۆستاڤۆ پیترۆ سەرۆکی کۆلۆمبیا کە پێویستە "ئاگادار بێت"، لە ناردنی مادەی هۆشبەر بۆ ئەمریکا.
سێهەم- قاچاخچێتی مادەی هۆشبەر.
ئەمریکا ئاشکرایکردووە، ڤەنزوێلا تێوەگلاوە لە پشتگیریکردنی باندە قاچاخچییەکانی مادەی هۆشبەر و رەوانەکردنی ئەندامانی ئەو گروپە بۆ ئەمریکا.
چوارەم کۆچکردن و ئاوارەبوونی ڤەنزوێلییەکان.
روخانی ئابوری و سەرکوتکردن و چەوساندنەوەی بەردەوامی ڤەنزوێلییە ناڕازییەکان لە ژێر دەسەڵاتی مادۆرۆدا بووە هۆی ئاوارەبوونی بەکۆمەڵ، بەجۆرێک کە هەشت ملیۆن ڤەنزوێلی لە ماوەی چەند ساڵێکدا وڵاتەکەیان جێهێشتووە، ئەمەش گەورەترین شەپۆلی کۆچکردنی بەکۆمەڵە لە مێژووی نوێی ئەم نیوە گۆی زەوییەدا، ئەمەش کێشەیەکی گەورەی بۆ ئەمریکا دروست کردووە، بەتایبەتی کاتێک ترەمپ لە ساڵی 2025 گەڕایەوە سەر دەسەڵات، هەروەها یەکێک لە بەرنامە سەرەکییەکانی رێگریکردن بوو لە کۆچی نایاسایی بۆ وڵاتەکەی.
پێنجەم- کانزا زەردەکە، زێڕ.
ئەمریکا پێی وایە کە ڤەنزوێلا وانیویەتی ئەو یەدەگە زۆرەی زێڕ کە هەیەتی و لە وڵاتەکەیدایە، بەکار بهێنێت بۆ پارێزگاری لە خۆی بۆ مانەوە لە دەسەڵات و بۆ بەرگەگرتنی قەیران و گەمارۆ ئابورییەکان دژ بە ئەمریکا.
شەشەم- هاوپەیمان و هاوڕێ نزیکەکانی نیکۆڵاس مادۆرۆ.
ڤەنزوێلا هاوپەیمانە لەگەڵ چەندین وڵاتی دژ بە ئەمریکا، هەندێک لە لایەنگرانی ترەمپ دەستگیرکردنی مادۆرۆیان بە هۆشدارییەک بۆ "هێزە دوورەکان" وەسف کرد بۆ ئەوەی لە ئەمریکای لاتین 'باشور' دوور بکەونەوە.
چین گەورەترین کڕیاری نەوتی ڤەنزوێلیایە، دوای دەستگیرکردنی مادۆرۆ، وەزارەتی دەرەوەی چین رایگەیاند، دەبێت ژیانی سەرۆکی ڤەنزوێلا و هاوسەرەکەی پارێزراوبێت.
هەروەها ئێران و حزبوڵای لوبنان، هاوپەیمانن لەگەڵ ڤەنزوێلا، لەلایەکی دیکەوە روسیا هاوپەیمانێکی سەرەکی و درێژخانی ئەو وڵاتەیە.
ئۆپراسیۆنی دەستگیرکردنی مادۆرۆ کە حکومەتی ڤەنزوێلی بە گەورەترین ئۆپەراسیۆن لە مێژوویدا وەسفی کرد، کۆتایی هێنا بە هەڵمەتێکی زۆری فشار کە ئامانج لێی دوورخستنەوەی مادۆرۆ بوو لە پۆستەکەی، کە ئەمریکا خەڵاتێکی 50 ملیۆن دۆلاری دانا بوو بۆ هەر زانیارییەک کە هاوکارییان بێت بۆ دەستگیرکردنی .
ئیدارەکەی ترەمپ دەستگیرکردنی مادۆرۆی لە ناوەڕاستی وڵاتەکەی، یان "رفاندنی" وەک ئۆپەراسیۆنێکی جێبەجێکردنی یاسا نیشان دا کە پشت دەبەستێت بەو تۆمەتانەی ئەمریکا ئاڕاستەی سەرۆکی ئەو وڵاتەی کردووە و دەڵێن؛ سەرۆکایەتی ڤەنزوێلا بەهۆی دەستکاریکردنی هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2018 شەرعییەتی لەدەستداوە.
جێگەی ئاماژەیە، هەر دوێنێ ترەمپ رایگەیاند، ڤەنزوێلا لەلایەن ئەمریکاوە بەڕێوەدەبرێت تا دیاریکردنی کەسێک کە گونجاو بێت بۆ بەڕێوەبردنی ئەو وڵاتە، هاوکات ترەمپ هۆشدارییەکی توندی داوەتە سەرۆکەکانی دیکەی ئەمریکای لاتین.



