دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند لە ئۆپەراسیۆنێکی تایبەتدا نیکۆلاس مادۆرۆ، سەرۆکی ڤەنزوێلا و هاوسەرەکەی دەستگیرکراون و گواستراونەتەوە بۆ دەرەوەی وڵات، بەرپرسانی واشنتۆن قۆناغێکی نوێیان بۆ ئەو وڵاتە راگەیاند.

دۆناڵد ترەمپ، لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەی (نیویۆرک تایمز) ئاشکرایکردووە، ئەو ئۆپەراسیۆنەی بووە هۆی دەستگیرکردنی مادۆرۆ، دەرەنجامی "پلانێکی زۆر ورد و باش بووە"، بەبێ ئەوەی وردەکاریی زیاتر لەبارەی چۆنێتی دەستگیرکردنەکەوە ئاشکرا بکات.

ئەم دەستوەردانە راستەوخۆیەی ئەمریکا لە ئەمریکای لاتین، بە یەکەمین روداوی لەو شێوەیە دادەنرێت لە دوای داگیرکردنی پەنەما لە ساڵی 1989 بۆ لابردنی مانوێڵ نۆرێگا.

"بەرەبەیانی نوێ" و کۆتایی هێرشەکان:

کریستۆفەر لانداو، جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا روداوەکەی بە "بەرەبەیانی نوێ" بۆ ڤەنزوێلا ناوبرد و لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نوسیویەتی: "ستەمکار رۆیشت، دواجار روبەڕوی دادگا دەبێتەوە لەسەر تاوانەکانی".

ڤەنزوێلا؛ وڵاتە دەوڵەمەند، بەڵام هەژارەکە:

ئەم گۆڕانکارییە سیاسییە گەورەیە لە کاتێکدایە، ڤەنزوێلا خاوەنی گەورەترین یەدەگی نەوتە لە جیهاندا، بەڵام بەدەست قەیرانێکی قوڵی ئابوری و مرۆییەوە دەناڵێنێت.

جوگرافیا و دانیشتوان:

ڤەنزوێلا دەکەوێتە باکوری ئەمریکای باشور، هاوسنورە لەگەڵ کۆڵۆمبیا، بەڕازیل، گویانا و دەریای کاریبی. پایتەختەکەی کاراکاسە و ژمارەی دانیشتوانی نزیکەی 28 ملیۆن کەسە، زمانی رەسمی ئیسپانییە و سیستمی حوکمڕانییەکەی کۆماری سەرۆکایەتییە.

لە دۆزینەوەی نەوتەوە بۆ داڕمان:

ئەم وڵاتە کە لە سەدەی 16 لەلایەن ئیسپانیاوە داگیرکراوە و ساڵی 1821 سەربەخۆیی وەرگرتووە، لە سەدەی 20دا بەهۆی دۆزینەوەی نەوتەوە بووە یەکێک لە دەوڵەمەندترین وڵاتانی ئەمریکای لاتین. لە ساڵی 1999 هوگۆ چاوێز چاکسازیی سۆسیالیستیی ئەنجامدا، بەڵام دوای مردنی و هاتنە سەرکاری مادۆرۆ دۆخەکە گۆڕا.

نەوت نزیکەی سەدا 95ی داهاتی هەناردەکردنی ڤەنزوێلا پێکدەهێنێت، بەڵام بەهۆی پشت بەستنی تەواوەتی بە نەوت، گەندەڵی، خراپ بەڕێوەبردن و سزاکان، ئابورییەکەی داڕما. هەڵاوسانی زۆر توانای کڕینی هاووڵاتییانی لاواز کردووە و بازاڕی رەش بەشێوەیەکی فراوان بڵاوبووەتەوە.

خاکێکی بەپیت و خەڵکێکی برسی:

سەرەڕای بوونی زەویی بەپیت، بەرهەمهێنانی کشتوکاڵی لە ڤەنزوێلا زۆر دابەزیوە. بەرهەمە سەرەکییەکان بریتین لە گەنمەشامی، برنج، قاوە و شەکر، بەڵام جوتیاران بەدەست کەمیی سووتەمەنی و پەینەوە دەناڵێنن، ئەمەش وایکردووە وڵات پشت بە هاوردەکردنی خۆراک ببەستێت.

لە ئێستادا وڵاتەکە روبەڕوی کەمبوونی خۆراک، دەرمان، کارەبا و ئاوی پاک بووەتەوە. کەرتی تەندروستی و پەروەردە لە دۆخێکی خراپدان. زیاتر لە 7 ملیۆن ڤەنزوێلی کۆچیان کردووە بۆ دەرەوە، کە ئەمەش یەکێکە لە گەورەترین قەیرانەکانی ئاوارەبوون لە جیهاندا.

ژینگەیەکی دەگمەن:

لەڕوی ژینگەییەوە، ڤەنزوێلا یەکێکە لەو وڵاتانەی زۆرترین جۆراوجۆریی ژینگەیی هەیە. تاڤگەی ئەنجێڵ (بەرزترین تاڤگەی جیهان)، روباری ئۆرینۆکۆ، زنجیرە چیاکانی ئەندێز و دارستانەکانی ئەمازۆنی تێدایە، بەڵام ململانێ سیاسییەکان و داڕمانی ئابوری، کاریگەریی نەرێنییان لەسەر هەموو کایەکانی ژیان دروستکردووە.