دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی دەستگیرکردن و گواستنەوەی نیکۆلاس مادۆرۆ بۆ دەرەوەی ڤەنزوێلا، پرسیار ئەوەیە ئەم سەرۆکە کێیە کە زۆربەی کات بە جلوبەرگی وەرزشییەوە دەردەکەوت و چۆن وڵاتەکەی گەیاندە ئەم دۆخە؟

کورتەیەک لە ژیانی: 

مادۆرۆ لە ساڵی 2013وە و دوای کۆچی دوایی هوگۆ چاوێز، سەرۆکی پێشووی چەپڕەو و مامۆستای رۆحیی خۆی، دەسەڵاتی ڤەنزوێلای گرتەدەست.
ئەو سەرەتای ژیانی پیشەیی وەک شۆفێری پاس دەستپێکردووە، دواتر بووەتە سەرکردەی سەندیکای کرێکاران، پاشان لە سەردەمی چاوێزدا پۆستەکانی وەزیری دەرەوە و جێگری سەرۆکی وەرگرتووە.

بۆچی نەیتوانی ببێتە سەرۆکێکی پەسەند کراو لای هاووڵاتیانی وڵاتەکەی؟

مادۆرۆ هەرگیز نەیتوانی ئەو جەماوەرە فراوانە و کەسایەتییە کاریزماییە دروست بکات کە چاوێز(سەرۆکی پێشو) هەیبوو. لە سەردەمی ئەودا ئابوریی ڤەنزوێلا داڕما، کە بەهۆی خراپ بەڕێوەبردن و پشت بەستن بە داهاتی نەوتەوە بوو.

کاتێک لە ساڵانی 2010 نرخی نەوت دابەزی، هاووڵاتییان توانای کڕینی خۆراک و دەرمانیان نەما. بەهۆی چاپکردنی پارەی زۆرەوە، دراوی وڵات بەهاکەی لەدەستدا و گەندەڵی و سزاکانیش دۆخەکەیان سەختتر کرد.

مادۆرۆ بە زەبری هێز وەڵامی ناڕەزایەتییەکانی دایەوە و لەبری خۆی، هاوڵاتیانی بە تاوانبار ناودەبرد و تۆمەتبار کرا بە ساختەکاری لە هەڵبژاردنەکانی 2018 و 2024، بەوهۆیەوە نزیکەی 8 ملیۆن کەس (چارەکێکی دانیشتوانی وڵات) کۆچیان کرد.

ململانێ لەگەڵ ئەمریکا:
مادۆرۆ پەیڕەوی لە ئایدۆلۆژیای "شۆڕشی بۆلیڤاری" دەکرد کە دژی سەرمایەداریی ئەمریکا بوو و واشنتۆنی بە "هێزی ئیمپریالیست" ناودەبرد.

لە بەرامبەردا، ئەمریکا دانی بە شەرعییەتی مادۆرۆدا نەدەنا و بەردەوام رەخنەی لە سەرکوتکارییە سیاسییەکانی دەگرت و کاندیدانی ئۆپۆزسیۆنی بە براوەی هەڵبژاردن دەزانی.

ترەمپ هەڵوێستی توندتری هەبوو؛ مادۆرۆی بە هۆکاری کۆچی بەلێشاوی خەڵک بۆ ئەمریکا و دزینی نەوتی وڵاتەکە تۆمەتبار دەکرد و تەنانەت بە "سەرکردەی کارتێلی مادەی هۆشبەر" ناوی دەبرد، هەرچەندە مادۆرۆ هەمیشە ئەم تۆمەتانەی رەتدەکردەوە.

ئەمڕۆ لە پاش زنجیرەیەک هێرشی یەک بە دوای یەک، کە سەرەتا میدیاکان بە حەوت تەقینەوەکە ناویانبرد و دواتر دەرکەوت ئۆپراسیۆنێکی ئەمریکا بووە. 

پاشتر دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لە تروس سۆشیاڵ رایگەیاند: ئێمە سەرۆکی ڤەنزوێلا و هاوسەرەکەیمان گواستەوە بۆ دەرەوەی وڵات و دەستگیرکران.