ئەمشەو جیهان ماڵئاوایی لە ساڵێکی دیکە دەکات و ئامادەکاری بۆ پێشوازیکردن لە ساڵێکی نوێ دەکات، بەڵام هەمووان تەنها بە تەقاندنی یارییە ئاگرینەکان و ژماردنی چرکەکان ئاهەنگ ناگێڕن. لەکاتێکدا زۆرینەی خەڵک چاوەڕێی سەعات ١٢ی شەو دەکەن، گەلانی جیهان چەندین نەریتی سەیر و سەمەرەیان هەیە کە پێیان وایە بەختی باشیان بۆ دەهێنێت.

ئەمانە بەشێکن لە سەیرترین نەریتەکانی سەری ساڵ لە جیهاندا:

ئیسپانیا؛ 12 دەنک ترێ بۆ 12 مانگ:


لە ئیسپانیا نەریتەکە وایە لەگەڵ لێدانی هەر زەنگێکی سەعات ١٢ی شەو، دەنکێک ترێ بخۆن. واتە دەبێت لەو چەند چرکەیەدا ١٢ دەنک ترێ بخۆیت کە هێمایە بۆ ١٢ مانگی ساڵی داهاتوو. ئەم نەریتە مێژووەکەی بۆ زیاتر لە سەدەیەک دەگەڕێتەوە و ئیسپانییەکان پێیان وایە بەختی باش دەهێنێت.


دانیمارک؛ بازدان لەسەر کورسی:



دانیمارکییەکان بە شێوازێکی "بەرز" دەچنە ناو ساڵی نوێوە. نەریتەکە بەو جۆرەیە کە دەچنە سەر کورسییەک و کاتێک سەعات دەبێتە ١٢، باز دەدەنە خوارەوە. ئەوان پێیان وایە ئەگەر باز نەدەیت یان لەبیرت بچێت، ئەوا ساڵی داهاتوو توشی بەختی خراپ دەبیت.

ئەڵمانیا؛ سەیرکردنی کۆمیدیایەکی بەریتانی:

ئەڵمانییەکان نەریتێکی سەریان هەیە، ئەویش سەیرکردنی شانۆگەرییەکی کۆمیدی رەش و سپی بەریتانییە بەناوی "Dinner for One" کە لە ساڵی ١٩٦٢ تۆمار کراوە. چیرۆکەکە باسی پیرەژنێکی ئینگلیز دەکات بەناوی سۆفی کە یادی ٩٠ ساڵەی لەدایکبوونی دەکاتەوە، بەڵام هەموو میوانەکانی مردوون، بۆیە خزمەتکارەکەی ناچارە رۆڵی هەر چوار میوانەکە ببینێت تا پیرەژنەکە هەست بە تەنیایی نەکات.

کۆڵۆمبیا؛ راکردن بە جانتای بەتاڵەوە:

ئەگەر خەونی ئەوەت هەیە لە ساڵی ٢٠٢٦دا زۆر گەشت بکەیت، رەنگە حەز بکەیت ئەم نەریتەی کۆڵۆمبیا تاقی بکەیتەوە. لەو وڵاتە خەڵک جانتایەکی سەفەری بەتاڵ دەگرن بە دەستەوە و بە خێرایی بە دەوری گەڕەک یان کۆڵانەکەدا دەسوڕێنەوە، ئەوان بڕوایان وایە ئەمە دەرگای گەشتکردنیان بۆ دەکاتەوە.

فلیپین؛ هەموو شتێک دەبێت بازنەیی بێت:


لە کەلتوری فلیپیندا، شێوەی "بازنەیی" هێمایە بۆ سکە و پارە. بۆیە خێزانەکان ١٢ جۆر میوەی بازنەیی ئامادە دەکەن و دەیخۆن تاوەکو ساڵێکی پڕ لە خۆشگوزەرانی و پارەیان هەبێت. تەنانەت جلەکانیشیان دەبێت نەخشی خاڵخاڵ (بازنەیی)ی تێدابێت.


بەرازیل؛ بازدان بەسەر ٧ شەپۆلدا:


لە بەرازیل زۆربەی خەڵک بە جلی سپییەوە دەچنە کەنار دەریاکان. نەریتەکە ئەوەیە باز بەسەر حەوت شەپۆلدا بدەن وەک سوپاسگوزارییەک بۆ خوداوەندی دەریا. گرنگترین مەرجیش ئەوەیە دوای تەواوبوون نابێت پشت لە دەریا بکەن تاوەکو قاچەکانیان بە تەواوی لە ئاوەکە دەچێتە دەرەوە، ئەگەرنا بەختی خراپیان دەبێت.

سکۆتلەندا؛ یەکەم هەنگاو:


سکۆتلەندییەکان بایەخێکی زۆر بەو کەسە دەدەن کە دوای سەعات ١٢ی شەو یەکەمجار دەچێتە ماڵەکەیانەوە. بەپێی ئەفسانەکان، باشترە ئەو کەسە پیاوێکی باڵابەرزی ئەسمەر بێت (بۆ ئەوەی لە ڤایکینگەکان نەچێت). پێویستە دیارییەکیشی پێبێت وەک خوێ، خەڵوز یان ویسکی، کە هێمان بۆ گەرمی و خۆراک.

یۆنان؛ هەڵواسینی پیاز:


یۆنانییەکان پیاز بە دەرگاکانیانەوە هەڵدەواسن وەک هێمایەک بۆ لەدایکبوونەوە. کاتێک رۆژی ساڵی نوێ دێت، هەندێک دایک و باوک پیازەکە بە هێواشی لە سەری منداڵەکانیان دەدەن بۆ ئەوەی بەختیان باش بێت.

ئەمریکا؛ تۆپەکەی تایمز سکوێر:



لە ئەمریکا ملیۆنان کەس لە گۆڕەپانی تایمز سکوێری نیویۆرک یان لە رێگەی تەلەفزیۆنەوە چاوەڕێی دابەزینی تۆپە کریستاڵییە بەناوبانگەکە دەکەن، کە بەهۆیەوە هاتنی ساڵی نوێ رادەگەیەنرێت
.

پلانی ساڵی نوێ:

لەکۆتاییدا، باوترین نەریت لە هەموو جیهاندا دانانی "پلانی ساڵی نوێ"یە. هیواخوازین ساڵی ٢٠٢٦ بۆ هەمووان ساڵی هاتنەدی ئاواتەکان و دەستپێکێکی نوێ بێت.