ئەو ساتەی جەنگێکی جیهانی بۆ شەوێک وەستا؛ چیرۆکی تاڵ و شیرینی ئاگربەستی یەکشەوەی کریسمسی 1914
بڵند
٢٦ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٥
شەڕ هەمیشە نەهامەتی و ناخۆشی بەدوای خۆیدا دەهێنێت، بەڵام جارجارە روناکییەکی بچووک لە تاریکیدا دەدرەوشێتەوە، ئاگربەستی کریسمس لە ساڵی 1914 یەکێک بوو لەو ساتانەی سەرەڕای ئەوەی بە رواڵەت باوەڕپێنەکراو بوو، بەڵام رویدا.
با پێکەوە بگەڕێینەوە بۆ 111ساڵ پێش ئێستا، کانوونی دووەمی 1914جەنگی یەکەمی جیهانی پێنج مانگ بوو دەستی پێکردبوو. لە نێوان کێڵگەکانی مین و سیاجەکان، کە بە تەلی دڕکاوی دەوردرابوون، ملیۆنان سەرباز لە خەندەقەکاندا بەدرێژایی بەرەی رۆژئاوا روبەڕووی یەکتر بووبونەوە، هەندێکجار تەنها نزیکەی 30 مەتر لەیەکترەوە دوربوون، ناوچەی شەڕ لە کەناڵی ئینگلیزەوە بە بەلجیکا و فەرەنسا تا سنووری سویسرا درێژ بووەوە.
لەگەڵ درێژبوونەوەی شەڕەکەدا،لەودیو خەندەقەکانەوە، لە نێوان هێڵەکانی دوژمندا، دۆزەخی قوڕاوی هەبوو، کە چەندین تەرم لە هەردولا کەوتبوو، نەشیان دەتوانی بیانگەرێننەوە.

بێ هیوایی لەدڵی هەموواندا
بەهۆی شەڕەکەوە، سەدان هەزار کەس گیانیان لەدەستدابوو، ئینگلیز، فەرەنسی، بەلجیکی و ئەڵمانی دژی یەک چەکیان هەڵگرتبوو، بە نارنجۆک و تەقەی دۆشکە پڕکرابوون، زۆرێک لە سەربازە ئەڵمانییەکان هێرشیان کردبووە سەر خەندەقەکانی بەرانبەر پێیان وابوو سەرکەوتن هێندەی چاویان لێیان نزیکە و جەژنی کریسمس لەگەڵ خێزانەکانیان دەبن، بۆ سەری ساڵ دەگەنەوە ماڵەوە، ئەمە ئەو بەڵێنەبوو، کە ئیمپراتۆری ئەڵمانیا ویلهێلمی دووەم پێدابوون.
سەربازە فەرەنسی و ئینگلیزەکانیش باوەڕیان بە سەرکردەکانیان کردبوو کاتێک دەیانوت، شەڕ زوو کۆتایی دێت و سەربازەکان بە خێرایی دەگەڕێنەوە ماڵەوە، بەڵام زۆری نەخایاند بێهیوایی باڵی بەسەر هەمواندا کێشا، کاتێک هەموو رۆژێک سەربازەکان شایدی کوژرانی هاوڕێکانیان دەبون و مردنیش لە خۆیانەوە هێندە دور نەبوو؛ هیچ هیوایەکیش بۆ کۆتایی جەنگەکە بەدی نەدەکرا.

"ئێمە تەقەناکەین، ئێوەش تەقە مەکەن"
لە گەرمەی شەڕدا، شتێکی چاوەڕواننەکراو رویدا، لە ناوەڕاستی شەوێکی ساردی مانگی کانوونی دووەمدا، تاکە سەربازێکی ئەڵمانی لە خەندەقەکانی نزیک شارۆچکەیەکی بەلجیکا دەستی کرد بە گۆرانی وتن بەسەر "شەوی بێدەنگ" ، دواتر سەربازی زیاتر بەشدارییان کرد، بەجۆرێک دەنگیان دەگەیشتە سەنگەری بەرانبەر، ئینگلیزەکان گوێبیست دەنگەکە بوون، بەڵام بەزەحمەت باوەڕیان بە گوێچکەکانیان دەکرد، چونکە گۆرانی بۆ "شەوی بێدەنگ" لە ئینگلتەراشدا بەناوبانگ بوو.
سەرەتا ئینگلیزەکان متمانەیان بەئەڵمانییەکان نەبوو پێیان وابوو ئەوە تەڵەیە و بۆیان دانراوە، بەڵام دواتر چەپڵەیان لێدا و دەستیان کرد بە گۆرانی وتن لەگەڵیاندا، ئەڵمانییەکان بە بانگەوازی "کریسمس پیرۆز" وەڵامیان دایەوە و هاواریان کرد "ئێمە تەقە ناکەین، ئێوەش تەقە مەکەن!" دواتر سەربازەکانی هەردوولا خەندەقەکەیان جێهێشت و لە نێو تەرمی هاوڕێکانیاندا وەستان و تەوقەیان لەگەڵ یەکتری کرد، بۆ کاتێکی کەم لە دوژمنەوە بوون بە دۆست.

دارەکانی کریسمس لە سەنگەرەکانی جەنگدا
فەرماندە باڵاکانی ئەڵمانیا هەزاران درەختیان گەیاندبووە هێڵی پێشەوە بۆ بەرزکردنەوەی ورەی سەربازەکانیان، سەرکردەکان دەیانزانی، کە بۆ سەربازەکان چەندە قورسە لە شەوانی سەریساڵدا لە ئازیزانیان دوور بن.
جۆزێف وێنزل لە فەوجی 16ی پیادەی یەدەگی باڤاریا لە 28ی کانوونی دووەمی 1914نامەیەکی بۆ دایک و باوکی بەمشێوەیە نووسی: "ئەوەی خەریکە پێتان دەڵێم، دەنگێکی باوەڕپێنەکراوە، بەڵام راستییەکە. لە نێوان خەندەقەکاندا، دوژمنەکان لە دەوری دارەکەی کریسمس وەستابوون و گۆرانی کریسمسیان دەوتەوە. تا ئەو کاتەی من دەژیم هەرگیز ئەو دیمەنە لەبیر ناکەم."
هەزاران سەرباز ئەو شەوە دیاری بچووکیان گۆڕیەوە و شەرابیان پێکەوەدەخواردەوە، جگەرەیان دەکێشا، وێنەی ژن و منداڵەکانیان پیشانی یەکتری دەدا، زۆربەی سەربازەکان بەریتانی و ئەڵمانی بوون، بەڵام ژمارەیەک سەربازی فەرەنسیش بەشداری ئاگربەستەکە بوون و یەدەگی شامپاینیان بۆ جەژنی کریسمس هێنابوە دەرەوەی خەندەقەکان و وێنەی یادگاریان دەگرت.
ئاگربەستێکی کورتخایەن، بەڵام مێژووی
شتێکی تر لە دڵی سەربازەکانی هەردوولادا ئازیز بوو کە لەو شەوەدا رویدا؛ چانسی ناشتنی ئەو هاوڕێیانەیان، کە لە خاکی نێوان خەندەقەکاندا تەرمەکانیان کەوتبوو، ئەمانە چەند ساتێکی مرۆڤایەتی بوون لە شەڕێکی دڕندانەی دور لە مرۆڤایەتیدا.
ئەوکات،ئەفسەری گەنج ئەلفرێد دۆگان چاتەر، لە نامەیەکدا کە بۆ دایکی دەنوسێت "نازانم ئەم راگرتنی شەڕە تا چەند بەردەوام دەبێت، بە هەر حاڵ لە رۆژی سەری ساڵدا ئاگربەستێکی دیکەمان هەیە، چونکە ئەڵمانییەکان دەیانەوێت بزانن وێنەکان چۆن دەرچوون!"
ئەم روداوە؛ لە دوژمنەوە بۆ دۆست بە درێژایی سەنگەرەکان روینەدا، هەموو کەسێک بە درێژایی بەرەی رۆژئاوا لە مەزاجێکدا وادانەبوو، کە برایەتی لەگەڵ دوژمندا بکات. لە هەندێک ناوچەدا شەڕەکە هەرگیز نەوەستا.
ئەوەش رێک ئەوە بوو، کە ئەفسەرە باڵاکانی هەردوولا دەیانویست. ئەوان بە قووڵی دژی ئاگربەستی جەژنی کریسمس بوون و پێیانوابوو هەرگیز نابێت ئەم جۆرە نمایشانەی هاوڕێیەتی دووبارە بکرێتەوە، تەنانەت وەک خیانەت سەیریان دەکرد.
لە نامەیەکی دیکەی سەربازکی ئەڵمانی لەبارەی ئەو روداوەوە کە بۆ خێزانەکەی نوسیبوو، تێیدا هاتووە؛ "ئەوە ترسناکە، کە رۆژێک دەتوانن لە ئاشتیدا لەگەڵ یەکتردا کەیف و سەفا بکەن، رۆژی دواتر دەبێت یەکتر بکوژن".

جیهانی بێ جەنگ!
لە کۆتاییدا جەنگی یەکەمی جیهانی بووە هۆی گیان لەدەستدانی نزیکەی نۆ ملیۆن سەرباز، لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر خەڵکی مەدەنی. جۆزێف وێنزل لە 6ی ئایاری 1917لە شەڕدا کوژرا - دوو ساڵ و نیو دوای ئەوەی بۆ دایک و باوکی نووسیبوو؛ "کریسمس ساڵی 1914 ساڵێکە. کە هەرگیز لەبیرم ناچێتەوە".
دوای زیاتر لە 111 ساڵ بەسەر شەڕی جەنگی یەکەمی جیهانیدا، هێشتا شەڕ بەردەوامی هەیە لە سەرانسەری جیهاندا؛ لە ئۆکراین و روسیا، سودان و کۆنگ، غەززە و ئیسرائیل، بەڵام سەربازەکانی ساڵی 1914 نیشانیان دا، کە ئاشتی چەندە دەتوانێت سادە بێت؛ چەکەکانت دابنێ و دەست بۆ دوژمنەکەت درێژ بکە.
پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە؛ سەرەڕای هەموو هەوڵەکان بۆ جیهان ناتوانێت بێ جەنگ بێت؟ دەکرێت شایدی جیهانێکی بێ جەنگ بین؟



