دوای ئەوەی وڵاتەکە روبەروی وشکەساڵییەکی قورس بوەتەوە، کاربەدەستانی ئێران  بۆ یەکەمجار یەکەم ئۆپەراسیۆنی تۆوکردنی هەوریان راگەیاند، گەرچی  روون نییە بۆچی پێشتر ئۆپەراسیۆنەکە ئەنجام نەدراوە، بەڵام بڕیارە تا ساڵی ئایندە ئۆپراسیۆنی پیتاندنی هەور و باراندنی بارانی دەستکرد بەردەوام بێت وەک هەوڵیک بۆ روبەڕوبوەنەوەی وشکەساڵی.

محەممەد مێهدی جەوادیانزادە، سەرۆکی رێکخراوی پەرەپێدان و تەکنۆلۆژیای نوێی ئاوی بەرگەهەوا بە میدیای وڵاتەکەی  راگەیاندوە، ئۆپەراسیۆنەکە رۆژی شەممە لە ناوچەی باکووری رۆژئاوای وڵات و حەوزی دەریاچەی ورمێ ئەنجام دراوە، کە ناوچەکە توشی وشکەساڵییەی زۆر بوەتەوە، بە وتەی ئەو بەرپرسە، ئەمە یەکەم ئۆپەراسیۆنی تۆوکردنی هەور (پیتاندنی هەور) بووە لە ساڵی 2025دا.

پیتاندنی هەور، لە دوای ئەوە دێت، کە بەرپرسانی کەشناسی ئێران گەیشتنی سیستەمی بارانبارینیان بۆ وڵاتەکەیان راگەیاند بوو، رەنگە ئەمەش رێگەی خۆشکردبێت بۆ ئۆپەراسیۆنی تۆوکردنی هەور و هەوڵدان بۆ رزگاربون لە وشکەساڵی.

ئەم هەوڵەی ئێران لە کاتێکدایە، وڵاتەکە و ژمارەیەکی تریش لە وڵاتانی دراوسێی لەوانە عیراق رووبەڕووی وشکەساڵییەکی سەخت بوونەتەوە  بەجۆرێک کە دوایین بارانبارین لە تاران نزیک بە شەش مانگ لەمەوبەر تۆمار کرا.وە

محەممەد مێهدی جەوادیانزادە سەبارەت بە بەردەوامی ئۆپەراسیۆنی تۆوکردنی هەور ئەوەشیخستوەتەڕوو؛ هەوڵدەدەن ئەم ئۆپەراسیۆنە لەسەر هەموو ئەو سیستەمە هاوردەکراوانە بۆ وڵات ئەنجام بدەن کە لەبارن بۆ تۆوکردن و پیتاندنی هەورەکان.

سەبارەت بە ئەگەری ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی تۆوکردنی هەور لە پارێزگای تاران کە روبەروی کەم ئاوییەکی سەخت بوەتەوە و تەنانەت سەرۆک کۆماری رایگەیاند دۆخەکە بەم شێوازە بەردەوام بێت دەبێت تاران چۆڵ بکەن، سەرۆکی رێکخراوی پەرەپێدان و کارپێکردنی تەکنۆلۆژیای نوێی ئاوی بەرگەهەوا دەڵێت؛سیستەمێکی بارانبارینی گونجاو بۆ ئەم ئۆپەراسیۆنە هێشتا لە تاران نەبینراوە

دەشڵێت؛ پێشبینییەکی لاواز هەیە بۆ چوونە ژوورەوەی سیستەمی بارانبارین بۆ ناو پارێزگای تاران لە رۆژی دووشەممەدا، بەڵام هێشتا دڵنیا نین لەوەی کە ئایا ئەو سیستەمە گونجاوە بۆ تۆوکردن یان نا، ناوبراو ئاماژەی بەوەشکردوە؛ ئەوان پێداچوونەوە بە کارەکەیاندا دەکەن تەواوی هەوڵی خۆیان دەدەن، ئەگەر سەرکەوتوبون رایدەگەیەنن.

لەبارەی ماوەی ئەو هەڵە نوێیەی ئێران بۆ روبەروبونەوەی وشکەساڵی، ئەو بەرپرسە ئێران جەختیشیکردوەتەوە، ئۆپەراسیۆنی تۆوکردنی هەور لە وڵاتەکەیان تا مانگی ئایاری ساڵی داهاتوو بەردەوام دەبێت.

لە کاتێکدا قەیرانی ئاو لە تاران بەردەوامە لە کۆڵانەکاندا بە تانکەر ئاو دابەش دەکرێت و زۆر جاریش شەوان ئاو نامێنێت تا دابەشی بکەن بەسەر هاووڵاتیاندا و هەموان دەستەوەستانن.

رەنگە ئەم هەوڵەی ئێران بۆ باراندنی بارانی دەستکرد، گەرچی تێچوی زۆرە و نازانرێت تا چەند سەرکەوتوو دەبێت،  کۆتا هەوڵی وڵاتەکەبێت بۆ روبەڕوبونەوەی وشکەساڵی و لە ئەگەری سەرکەوتنی پڕۆسەکەدا، رەنگە کەمێک تینویەتی ئێران بشکێنێت.

بارانی دەستکرد کە پێی دەڵێن؛ "Artificial rain"، تەکنەلۆژیایەکە کە بۆ پرۆسەی پیتاندنی هەورەکان بەکاردێت و مەبەستیشی گۆڕینی بڕی یان جۆری بارانبارینە لە ناوچەیەکی دیاریکراودا،  بە ڕشتنی مادەی وەک یۆدایدی زیو یان بژاردەی هەرزانتر وەک دووەم ئۆکسیدی کاربۆنی رەق (سەهۆڵی وشک) یان تەنانەت کلۆریدی سۆدیۆم بۆ ناو هەورەکان دروست دەبێت و دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە رێگریکردن لە وشکەساڵی لە هەندێک ناوچەدا و پێشتریش سعودییە ئەو کارەی کردووە.