ئایا ترەمپ سەردانی سوریا دەکات؟
محەمەد رزگار
١٦ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥
لە دوای کۆبوونەوەی ئەحمەد شەرع سەرۆکی سوریا لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لە کۆشکی سپی، میدیا جیهانییەکان باس لەوەدەکەن لە کۆبوونەوەکەدا بانگهێشتی ترەمپ کراوە بۆ ئەوەی سەردانی سوریا بکات لە مانگەکانی داهاتوودا.
لێپرسراوانی کۆشکی سپی خۆیان بە دوور دەگرن لە لێدوانی رەسمی سەبارەت بەو زانیارییانەی کە دزەیانکردووە و بڵاوبوونەوەتە سەبارەت بە رێکخستنی سەردانی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا بۆ دیمەشقی پایتەختی سوریا، هاوکات لێپرسراوانی کۆشکی سپی، ئەو زانیارییانەیان پشتڕاستکردووەتەوە و رەتیان نەکردووەتەوە.
رۆژنامەی شەرق ئەوسەت ئاشکرایکردووە، کۆبوونەوەکەی کۆشکی سپی، کۆبوونەوەیەکی مێژوویی بووە و سەرنج خراوەتەسەر تاوتوێکردنی پەرەپێدانی هاوکاری ئەمنی و ئابوری و بەشداریکردنی سوریا لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش، هەروەها لابردنی ناوی شەرع لە لیستی تیرۆر و هەڵگرتنی سزاکانی قەیسەر بۆ ماوەی شەش مانگ.
بازنە سیاسییەکانی ئەمریکا ئەگەری ئەنجامدانی ئەم سەردانەی ترەمپ بۆ دیمەشق بە دوور نازانن، کە یەکەم سەردانی سەرۆکێکی ئەمریکی دەبێت لەدوای سەردانی بیڵ کلینتۆن سەرۆکی پێشوتری ئەمریکا بۆ دیمەشق لە ساڵی 1994، ئاماژەیان بەوەشکردووە، دەکرێت سەردانەکە بەشێک بێت لە ستراتیژیای ئەمریکا بۆ کۆتاییهێنان بە گۆشەگیری سوریا و پشتڕاستکردنەوەی شەرعیەتی حکومەتە نوێی ئەو وڵاتە، لەگەڵ پاڵپشتی بەهێزی ئیدارەی ترەمپ بۆ ئاساییکردنەوەی خێرای پەیوەندییەکان لەگەڵ سوریا لەژێر سەرکردایەتی شەرع، کە چەند جارێک باسی سەرۆکی سوریای کردووە و بە سەرکردەیەکی بەهێز وەسفی کردووە.
جێگەی ئاماژەیە، ئیدارەی ترەمپ هەوڵ دەدات سەرنج بخاتە سەر هاوپەیمانێتییە نوێیەکان، هەروەها ئەمە رەنگدانەوەی شێوازی ترەمپە لە ئەنجامدانی گۆڕانکاری سیاسیی لەناکاو، وەک چۆن لە ماوەی یەکەمی سەرۆکایەتییەکەیدا چاوی بە سەرۆکی کۆریای باکور کەوت، ترەمپ لە کۆبوونەوەکەیدا لەگەڵ شەرع لە نووسینگەی ئۆڤاڵ ئاماژەی بە "کۆبوونەوەیەکی دیکە" دا، کارۆلین لیڤیت وتەبێژی کۆشکی سپی، لەسەر ئەو قسەیەی ترەمپ رایگەیاند، ئیدارەکە بژاردەکانی سەردانی سەرۆکایەتیی دوولایەنە تاوتوێ دەکات بۆ پتەوکردنی هاوبەشی ئەمنی لەگەڵ سوریا، بەبێ ئەوەی هیچ وردەکارییەک ئاشکرا بکات.
لە کاتێکدا سەرچاوەکانی دیکەی ناوخۆی ئەمریکا، ئاماژەیان بە سەختی ئەنجامدانی ئەم سەردانە کردووە لە سایەی گرژییە ناوخۆییەکانی سوریا و دابەشبوونەکانی ئەمریکا سەبارەت بە هەڵگرتنی سزاکان، ئەنجامدانی ئەم سەردانە بە شێوەیەکی بەرچاو پەیوەستە بە رادەی سەرکەوتنی حکومەتی شەرع لە بەدەستهێنانی سەقامگیری ناوخۆیی، هەروەها وەڵامدانەوەی داواکارییەکانی یاسادانەرانی کۆنگرێس بۆ فراوانکردنی حوکمڕانی و پاراستنی کەمینە نەتەوەیی و ئایینییەکان.
هەردوولا جەختدەکەنەوە کە سەرەڕای نادیاریی خواستی ئیدارەی ترەمپ بۆ ئەنجامدانی ئەم سەردانە و کاتی ئەنجامدانی و رەوشی دەوروبەری، بەڵام ئەگەر روبدات، هەنگاوێکی گەورەی بێ وێنە دەبێت بەرەو ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی سوریا و ئەمریکا.
جۆناسان باس، ئەو کەسەی لە پشت ئاسایکردنەوەی پەیوەندییەکانی ترەمپ و شەرعە، کێیە ئەو کەسە؟
میدیا جیهانییەکان ئاشکرایانکردووە، "جۆناسان باس، بازرگانی ئەمریکی و بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای "ئارگێنت" کە کۆمپانیایەکی پسپۆڕە لە پرۆژەکانی غازی سروشتی شلکراو، کە لایەنگرێکی سەرسەختی ترەمپە، رۆڵێکی بەرچاوی بینیوە لە هەوڵە دیپلۆماسییە ناڕەسمییەکانی نێوان ئەمریکا و سوریا، کەسێکە هەوڵدەدات لێپرسراوانی ئیدارەی ترەمپ و سەرکردە نوێیەکانی سوریا لێک نزیک بکاتەوە".
هاوکات هانی لێپرسراوانی ئیدارەی ترەمپ دەدات بۆ سەردانیکردنی دیمەشق بۆ پتەوکردنی پەیوەندییە ئابوری و سیاسییەکان، بە گرنگیدان بەمە وەک هەنگاوێکی یەکلاکەرەوە بۆ دووبارە بنیاتنانەوەی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و گەڕاندنەوەی سەقامگیری بۆی، کە ئەمەش ئامانجێکە ترەمپ هەوڵی بۆ دەدات.
میدیاکان ئەوەشیان خستوەڕوو، جۆناسان باس، لەگەڵ تۆم باراک نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ سوریا، کار لەسەر رێکخستنی رێوشوێنی ئەمنی سەردانەکە دەکات، کە بۆ کۆشکی سەرۆکایەتی سوریا دەبێت لە دیمەشق، بەپێی زانیارییە بەدەستهاتووەکان، سەردانەکە لە چەند مانگی داهاتوودا رێکدەخرێت، بەڵام هێشتا کاتەکەی پشتڕاست نەکراوەتەوە، دیاریکردنی کاتەکە پەیوەستە بە پێشهاتەکانی ناوچەکە، هەروەها پەیوەندی بە پرۆژەکانی وزە و ئاشتی ناوچەییەوە هەیە.
ئەوەش ئاشکراکراوە، جۆناسان باس بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای "ئارگێنت"، پلانەکانی دووبارە بنیادنانەوەی کەرتی نەوت و غازی لە سوریا خستووەتەڕوو لەڕێگەی پڕۆژەیەکی هاوبەشی "سوری-ئەمریکی "SyriUS Energyکە بریتییە لە خستنەڕووی کۆمپانیاکە لە بۆرسەی نیویۆرک لەگەڵ پشکێکی 30% بۆ سندوقی وزەی حکومەتی سوریا، بەکارهێنانی وزەی سوریا لەسەر بنەمای دووبارە بنیادنانەوەی کێڵگەکان و بە ئەلیکترۆنیکردنی وەزارەت و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی یەکێکی دیکەیە لە پلانەکانی "باس"، بەڵام لەلایەن چالاکوانان و ئۆپۆزسیۆنی سوریاوە تۆمەتبار دەکرێت بەوەی کە وەبەرهێنەرێکی جوولەکەیە و نێوەندگیرێکە بۆ تاڵانکردنی سامانی سوریا و ئاسانکاری بۆ داگیرکارییەکی نوێی ئیسرائیلی بۆ سوریا.
جۆناسان باس، هاوڕێیەکی نزیکی ترەمپە، لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر لە وەبەرهێنەرانی ئەمریکی بەشداربوو لە گەشتەکەی ترەمپ بۆ ریاز لە مانگی ئایاری رابردوودا، پێشتریش "باس" لە دیمەشق لەگەڵ ئەحمەد شەرع و وەفدێکی ئابوری ئەمریکی کۆبووەوە و پەیامەکانی شەرعی بۆ ترەمپ گواستەوە، لەوانەش پێشنیازی دیمەشق بۆ دروستکردنی تاوەری ترەمپ، ئاسانکاری بۆ دەستڕاگەیشتن بە کێڵگە نەوتی و غازییەکانی سوریا لە بەرانبەر هەڵگرتنی سزاکاندا.
وێنەی جۆناسان باس




