11 ساڵ لەمەوبەر لە رۆژی 15ـی11ـی2014، د.كەمال فوئاد سیاسەتمەدار و دبلۆماتکار و رۆژنامەنووس و ئەندامی دەستەی دامەزرێنەری یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و روناكبیری كورد، لە ئەڵمانیا کۆچی دوایی کرد.

كەمال عەبدولكەریم محمەد فوئاد كە بەد.كەمال فوئاد ناسراوە، ساڵی 1932 لەبنەماڵەكی دیارو ناسراوی شاری سلێمانی لەدایكبووە.

د.كەمال فوئاد كەسایەتییەكی گەورەی سیاسی‌و روناكبیریی كوردستان بوو، هەروەها یەکێک بووە لە ئەندامی دەستەی دامەزرێنەری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، زیاتر لە 60ساڵ لەكۆڕی تێكۆشانی سیاسی‌ و رۆشنبیری خزمەتی زۆری بەگەل‌ و نیشتمانەكەی كرد.

لەسلێمانی‌ و بەغدا‌د و ئەڵمانیا خوێندویەتی، لەكۆتایی پەنجاكانی سەدەی رابردوو چوەتە ئەڵمانیا‌، لەو وڵاتە ماستەری لە فۆنیمەكانی زمانی كوردی لە زانكۆی هامبۆرگ ‌و دكتۆرای لەسەر دەستنوسە كوردییەكان وەرگرتووە.

دكتۆر كەمال هەر لەسەرەتای ژیانی لاوی و لەتەمەنی 15 ساڵی تێكەڵاوی جوڵانەوەی سیاسی بووە‌، سەرەتا پەیوەندی بەحزبی شیوعی عیراقەوە كردووە و یەكێك لە كادیرە دیار و چالاك‌ و هەڵسوڕاوەكانی ئەو حزبە بووە لەبەغدا، هەمیشە رابەرو پێشەنگی خۆپیشاندانەكان بووە‌ و هەر بەهۆی ئەوەوە دەستگیركراوە ‌و دوو ساڵ لەزیندان ماوەتەوە.

دواتر لەناو پارتی دیموكراتی كوردستان‌ و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان درێژەی بەخەبات داوە، هەروەها  ئەندامی دەستەی دامەزرێنەری یەكێتی ‌و ساڵانێكی دوورو درێژ ئەندامی مەكتەبی سیاسی بووە.

جگە‌ لەكاری سیاسی، د.كەمال خولیای ئەدەب ‌و رۆژنامەنووسی هەبووە و لەو بوارەدا شوێن پەنجەی دیارە، ساڵی 1968 لەئەڵمانیا ژمارەكانی رۆژنامەی كوردستانی دۆزییەوە‌ و لەساڵی 1972 چاپی كردن، کەئەمەش یەکێک لە دیارترین کارەکانی بووە، هەروەها لەساڵانی 1971-1974 وەك مامۆستای زانكۆ لەبەشی كوردی كۆلێژی ئەدەبیاتی زانكۆی بەغداد خزمەتی كرد.

ئەم سیاسەتمەدارو روناكبیره‌ گه‌وره‌یه‌ی كورد لە رۆژی 15-11-2014 لەوڵاتی ئەڵمانیا بەهۆی نەخۆشییەوە كۆچی دوایی كرد.