دراو لە سەرانسەری جیهاندا لە رووی دیزاین و كوالیتی و ئاستی ئاسایشەوە جیاوازن، هەندێك وڵات دراوەكانیان لە جوانترین دراوەكانن، هەندێك وڵاتیش ناشرینترین دراویان هەیە، لە نێوان ئەو دوو جۆرەشدا هەندێكی تر هەن كە لە پارێزراوترین دراوەكانن و بە هیچ شێوەیەك ساختە ناكرێن.

دۆلاری كەنەدی، بە یەكێك لە جوانترین دراوەكانی جیهان دادەنرێت بەهۆی دیزاینە رونەكەی و رەنگە زیندوەكانی و بەكارهێنانی بەشی شەفاف كە دیمەنێكی مۆدێرنی پێدەبەخشێت.

دۆلاری نیوزلەندیش، كە وێنەی سروشت و ئاژەڵی لەسەرە لە لیستی جوانترین دراوەكانی جیهاندایە، دراوی سویسری و نەرویجیش بە دیزاینە مۆدێرنەكانیان و نیشاندانی هونەری ئاست بەرز ناو دەبرێن.

لە جیهانی عەرەبی و رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیشدا درهەمی ئیماراتی و مەغریبی لە جوانترینەكان دادەنرێن، ئەوەش بەهۆی تێكەڵكردنی وێنەی مێژوویی و دەستنووسی عەرەبی و دیمەنە كلتوورییەكانیان.

فرانكی سویسریش لە پێشەنگی لیستی پارێزراوترین دراوەكاندایە لەسەر ئاستی جیهان و چەندین تایبەتمەندی ئەمنی لەخۆدەگرێت، وەك هۆلۆگرامی ورد و كەرەستەی تایبەت كە ساختەكردنی ئەستەمە.

هەندێك دراوی تر لە لایەن شارەزایانەوە لە ریزبەندی كەمترین دراوەكان دانراون، دیارترینیان دراوە كۆنەكانی زیمبابۆیە كە بە دیزاینی ئاڵۆز و خراپی كوالیتی كاغەز ناسراوە، هەندێك لە دراوە كۆنەكانیش لە كۆریای باكوور و بێلاڕوس، رەخنەیان لێدەگیرێت بەهۆی رەنگی مات و وردەكارییە سادەكانیانەوە، كە سەرنجڕاكێش نین یان هونەریان لەسەر نە نەخشێندراوە.

لە هەمووی سەیرتر ناشرینترین دراو كە هەموو جیهانی بە خۆیەوە سەرقاڵكردووە دۆلاری ئەمریكییە، بەهۆی نەبوونی رەنگ و نیشان نەدانی هونەر لەسەری، لە ریزبەندی ناشرینترین دراوەكانی جیهاندایە.

شارەزایانیش دەڵێن، جوانی، بەهێزی، یان لاوازی دراوێك نەك تەنها دەركەوتنی كاغەزەكە، بەڵكو ئاستی تەكنەلۆژیا و سەقامگیری ئابووری و گرنگیدان بە ناسنامەی بینراوی نەتەوەیەك دەردەخات.

دراو چ جوان بێت یان ناشرین یان پارێزراو، هەمیشە وەك توخمێكی بنەڕەتی لە وێنەی وڵاتێكدا بۆ جیهان دەمێنێتەوە.