سلێمانی 241 ساڵ لەمەوبەر لە 14ی تشرینی دووەمی 1784 لەسەر دەستی ئیبراهیم پاشای بابان دامەزرا، كە لەو ساڵەدا پایتەختی میرنشینەكەی لە قەڵاچوالانەوە گواستووە بۆ سلێمانی، مێژوناوسان ئاماژە بۆ ئەوەدەكەن ئیبراهیم پاشای بابان شارەكەی بە ناوی باوكییەوە، سلێمان پاشا، ناوناوە.

 سلێمانی بێجگەلەوەی دەبێتە پایتەختی میرنشینی بابان، لەهەمان كاتدا دەبێتە مەڵبەندێكی بازرگانی و ڕۆشنبیری ناوچەكە، شێوەزاری سۆرانی لە ناوچەكەدا پەرە دەستێنێ و دەبێتە زمانی خوێندن و نووسین، لەگەڵ دروستكردنی شارەكەدا میرەكانی بابان جێگەیەكیان تەرخان كردووە بۆ بارەگای بەڕێوەبردنی دەسەلاتەكەیان بە سەرا ناسراوە، دوای ڕووخانی میرنشینی بابان لە ساڵی 1851 و لەناوچوونی دەوڵەتی عوسمانی لە جەنگی جیهانیی یەكەم، شاری سلێمانی دەخرێتە سەر كۆماری عێراق، لە ساڵی 1922 تا ساڵی 1924 دەبێتە پایتەختی دەوڵەتەكەی مەلیك مەحموود.

هاوكات شاری سلێمانی لانكەی ڕۆشنبیران و تێكۆشەران بووە، مەڵبەندی هەڵگیرسانی چەندان شۆڕش و ڕاپەڕین بووە لە مێژووی كوردستاندا. 

شاری سلێمانی لەدوای راپەرینی ساڵی 1991 ەوە فراوانبوون و پێشكەوتنێكی بەرچاوی بەخۆوە بینیوە و ئێستا وەك یەكێك لە شارە هێمن و خاوێنەكان لە عێراق بەناوبانگە، لە بواری رۆشنبیری و هونەر پێشكەوتنی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە و چەندین نووسەر و شاعیر و هونەرمەند و مێژونوسی تێدا هەڵكەوتووە، لە رووی جوگرافیاشەوە شاری سلێمانی 853 مەتر لە ئاستی رووی دەریاوە بەرزە.

لە سەر داوای ئەنجومەنی شارەوانی سلێمانی لە ساڵی 2012 پەرلەمانی كوردستان، بەڕەسمی شاری سلێمانی بە پایتەختی رۆشنبیری ناساند.