دوای سەردانە گرنگەکەی ئەحمەد شەڕع، سەرۆکی حکومەتی سوریا بۆ واشنتۆن و کۆبونەوەی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، وردەکاریی قۆناغێکی نوێی سیاسی و سەربازی لە سوریا دێتە ئاراوە، کە تێیدا هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) رۆڵێکی سەرەکی دەگێڕێت لە پێکهاتەی سوپای نوێی ئەو وڵاتەدا  و گومان و پرسیارەکانیش لەسەر ئایندەی سوریا زیاتر دەبن.

بەپێی زانیارییەکانی دەلیل زیلان، رۆژنامەنوسی نیشتەجێی رۆژئاوای کوردستان، پێش سەردانەکەی بۆ ئەمریکا، ئەحمەد شەڕع کۆبونەوەیەکی گرنگی لەگەڵ مەزڵوم کۆبانێ، فەرماندەی گشتیی هەسەدە ئەنجامداوە. لەو کۆبونەوەیەدا کە بە ئامادەبوونی نوێنەرانی ئەمریکا، فەرەنسا و بەریتانیا بەڕێوەچووە، رێککەوتنێکی زارەکی کراوە لەسەر ئەوەی سوپای داهاتووی سوریا لەسەر مۆدێلی سەربازیی هەسەدە دابمەزرێت.

یەکێک لە خاڵە هەرە گرنگەکانی ئەم رێککەوتنە ئەوەیە کە مۆدێلی سەربازیی هەسەدە وەک کاراترین پێکهاتە بۆ چارەسەرکردنی کێشە ئەمنییەکانی سوریا سەیر دەکرێت، بەتایبەت کە هەسەدە خاوەنی نزیکەی 100 هەزار چەکداری راهێنراوە، لە کاتێکدا هێزەکانی سەر بە حکومەتی کاتی ژمارەیان لە 30 هەزار تێپەڕ ناکات و خاوەنی سوپایەکی یەکگرتوو و رێکخراو نین و زۆرینەیان بە چەکداری بەکرێ گیراو ناودەبرێن.

پلانە نوێیەکە تەنها لایەنە کوردی و عەرەبییەکانی ئۆپۆزسیۆن ناگرێتەوە، بەڵکو بووەتە مایەی دڵنیایی بۆ پێکهاتەکانی دیکەی سوریا. بە وتەی زیلان، عەلەوی و دروزییەکانی ناوچەکانی کەناراو و شاری سوەیدا، بەشداریکردنی هەسەدە لە پێکهاتەی ئەمنیی نوێدا وەک "گەرەنتییەک بۆ پاراستنی گیان و ماڵیان" دەبینن، ئەمەش متمانە بەو هێزە فراوانتر دەکات.

لەم نێوەندەدا، تورکیا وەک رێگری سەرەکی لەبەردەم ئەم پرۆسەیەدا دەبینرێت، چونکە نایەوێت کورد لە سوریای داهاتوودا خاوەنی هیچ پێگە و دەستکەوتێکی رەسمی بێت. سەرەڕای هەوڵە دیپلۆماسی و سەربازییەکانی ئەنکەرە، بەڵام پێدەچێت کاریگەرییەکانی لە هاوکێشەی سوریادا بەرەو کەمبونەوە چووبێت و ناچار بێت مامەڵە لەگەڵ ئەم واقیعە نوێیەدا بکات.

ئەم پێشهاتانە ئاماژەن بۆ گۆڕانکارییەکی گەورە لە نەخشەی سیاسی و سەربازیی سوریادا، کە تێیدا هەسەدە لە هێزێکی سەربازیی ناوچەییەوە دەگۆڕێت بۆ بەشێکی سەرەکی و کاریگەر لە پێکهاتەی بەرگریی نیشتمانیی وڵاتەکەدا، ئەمەش دەرگای قۆناغێکی نوێ بەڕووی چارەسەریی سیاسی لە سوریا دەکاتەوە.